گوهدار زێباری لەبەردەم كەیسی سێیەم-دا
یاسای كۆن یان نوێ؟ ئازادبون یان مانەوە لە زیندان؟

رۆژنامەنوس گوهدار محەمەد زێباری، لە وێنەیەكدا بەر لە دەستگیركردنی، هەڵوێست لە دژی كوشتن و پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان و بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین رادەگەیەنێت، فۆتۆ: ئەكاونتی گوهدار

عەمار عەزیز

دوای تەواوكردنی دوو حوكمی لەسەر یەك لە زیندان، رۆژنامەنوس گوهدار زێباری، لەبەردەم كەیسی سێیەمدایە، كە ئەگەر هەیە یەكشەممە 20ی ئاب بەو هۆیەوە لە بەردەم دادوەر دادگاییبكرێت. هەرچەندە كەسوكارەكەی جەختدەكەنەوە "لەو كەیسەدا پێشتر بە پێ بژاردن حوكمدراوە".

زێباری بڕیاربوو چوارشەممەی رابردوو 16ی ئاب لە چاكسازیی گەورانی هەولێر ئازادبكرێت، بەڵام گواسترایەوە بۆ ئاسایشی هەمان شار و كەیسێكی نوێی روبەڕو كراوەتەوە، بەپێی وتەی پارێزەر و كەسوكاری ناوبراو.

زێدان محەمەد، براى گۆهدار زێبارى، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەرەبەیانى رۆژى چوارشەممەى رابردوو بەهیوایەکى گەورەوە لە ئاكرێ-وە بەرەو هەولێر بەرێکەوتین، ئەو رۆژە رۆژی تەواوكردنی حوكمەكەی بوو، دەمانویست گوهدار لەگەڵ خۆمان ببەینەوە، بەڵام وتیان گوهدار بردراوە بۆ ئاسایش، وتیان دۆسییەكی نوێی لەسەرە و راگیراوە، گوایا لەوكاتەی لەماڵ خوشكێكم دەستگیركراوە دەستیان بەسەر چەكێكدا گرتووە، كە پێی دەڵێن (جفت)، یان تاپڕ".

"بیانوی راگرتنی گوهدار بەو هۆیەوە ئێمەی توشی شۆككرد، چونكە لەم كەیسەدا پێشتر دادوەر بە 100 هەزار دینار غەرامەی كردووە"، زێدان زیاتر وتی "ئاسایش دەڵێن دەبێت گوهدار بێتە بەردەم دادوەر و بڵێت ئەم چەكە هی من نییە".

دەبێت گوهدار بێتە بەردەم دادوەر و بڵێت ئەم چەكە هی من نییە

رۆژنامەنوس گوهدار زێباری، لە تشرینی یەکەمی 2020دا لەگەڵ چوار چالاكوان و رۆژنامەنوسی تر بە تۆمەتی "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی" دەستگیرکرا، لە 16ی شوباتی 2021یش لەلایەن دادگای تاوانه‌كانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانی كرا.

ئەو رۆژنامەنوسە دوای كەمكردنەوەی سزاكەی بەڕێژەی لەسەدا 60، بڕیاربوو لە 16ی ئاداری 2023 ئازادبكرێت، بەڵام بە كەیسێكی نوێ سزادرا، ئەویش گوایا لەكاتی دەستگیركردنی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی گۆڕاوە. بەو هۆیەوە بە سزادان بۆ حەوت مانگ حوكمدرا. دواتر تەمیزكرایەوە بوو بە پێنج مانگ.

ئەوكات بەشدار حەسەن، پارێزەی تیمی بەرگری لە رۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان، لە راگەیەنراوێکدا جەختیکردەوە "ئەوە تۆمەتێکی بێ بنەمایە، چونكە ئۆتۆمبێلەکەی کە لە جۆری دایۆ مۆدیل كۆن بووە، بەر لە کڕینی لۆگۆکەی گۆڕدراوە بۆ تۆیۆتا و تاوانی گوهدار نەبووە"، زیاتر وتی "ئەم جۆرە سەرپێچییانە زۆربەی هەرە زۆریان سزاکەیان تەنها غەرامەیە".

rojnamanus-Badinan
دەستگیركراوانی بادینان: له‌ ده‌سته‌ راسته‌وه‌: شێروان ئه‌مین شێروانی، گۆهدار محه‌مه‌د، ئه‌یاز كه‌ره‌م، هاریوان عیسا و شڤان سه‌عید

بەشدار حەسەن، لەبارەی كەیسی سێیەم، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ سۆراغی گوهدار، پێنجشەممە 17ی مانگ چومە ئاسایشی هەولێر، بەڵام رێگەیان نەدا بەڕێوەبەری ئاسایش ببینم، دواتر ئەفسەرێک هاتە لام و وتی یەكشەممە 20ی مانگ وەڵامەكە وەردەگریتەوە".

"پرسیارم لەبارەی كەیسەوە لێكرد، وتی لەسەر كەیسێك كە پەیوەندی بە ماددەی 15ی یاسای چەك لە هەرێمی كوردستان سزادراوە"، بەشدار زیاتر وتی "نازانین ئایا گوهدار بۆ ئەو مەبەستە رەوانەی چ دادگایەك دەكرێت".

بەپێی ماددەی 15ی یاسای چەك لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی ساڵی 2022دا پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە، هەركەسێك بەبێ مۆڵەت، چەكێكی ئاگرین یان تفاق هەڵبگرێت، بیفرۆشێت، چاكی بكاتەوە، یان دەستاودەستی پێبكات، ئەوا بە بەندكردن بۆ ماوەیەك سزادەدرێت كە لە یەك ساڵ كەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵئەوەشدا بە پێ بژاردنێك سزادەدرێت كە لە دوو ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج میلۆن دینار زیاتر نەبێت".

چەكی ئاگرین بەپێی یاساكە، "دەمانچە و تفەنگی ئالی رێژنەكار" دەگرێتەوە، بەڵام چەكی تفاق (عتاد) گولـلە و فیشەكی بەكارهاتوو لە چەكی ئاگرین و هەر پارچەیەك لە پارچەكانی دەگرێتەوە.

بەڵام ئەو یاسایە لە ساڵی 2022دا دەرچووە، لەكاتێكدا كەیسەكەی گوهدار لە ساڵی 2020دا بووە.

لەوحاڵەتەدا لەتیف مستەفا، شارەزای بواری یاسا و دادوەری خانەنشین، دەڵێت "بەپێی ماددەی دوو لە یاسای سزادانی ژمارە 111 ساڵی 1969 یاسای باشترین بۆ تۆمەتبارمان هەیە. واتە ئەگەر یاسایەکی نوێ دەرچوو لە بەرژەوەندی تۆمەتبار بوو، ئەوە ئەو یاسا نوێیەی بەسەردا پیادەدەکریت کە لە بەرژەوەندی تۆمەتباردایە".

بەشدار حەسەن وتی "لە یاسا نوێیەكەدا ماددەی 21ی كراوە بە ماددەی 15، لەو حاڵەتەدا دەبێت گوهدار بەپێی ماددەی 21ی یاسا كۆنەكە دادگاییبكرێت، چونكە ئەوكاتەی گوهدار دەستگیركرا كار بە یاسا كۆنەكە دەكرا... ئەوە لە بەرژەوەندی گوهدارە و حوكمەكەی زیاتر غەرامەیە".

بەپێی ماددەی 21 لە یاسای چەك ژمارە 16ی ساڵی 1993ی پەرلەمانی كوردستان، هەڵگرتنی چەك بەبێ مۆڵەت رێگەپێدراو نییە و هاتووە "ئەوەی چەكی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت یان لە ژێر دەستی دابێت، ئەوە بە غەرامەكردن لە هەزار دینار (سویسری) تا دوو هەزار سزادەدرێت، یان بە بەندكردن كە لەیەك ساڵ كەمتر نەبێت".

chak
ماددەی 21 لە یاسای چەك، لە ساڵی 1993 دەرچووە

بەڵام لە هەمان ماددە-دا هاتووە "ئەگەر سەلمێنرا بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ئیرهاب و تێكدانی ئاسایشی گشتی و پشتگیریكردنی هەر یاخیبونێك دژی حكومەتی هەرێم بكا، سزاكەی زیندانیكردنی هەتاهەتایی".

كەسوكاری گوهدار تەئكید دەكەنەوە لەوەی چەكەكە لە جۆری تاپڕ بووە و هیچ پەیوەندی بە گوهدار زێبارییەوە نەبووە، "لە ماڵی خوشكێكی دەستیبەسەردا گیراوە و هی باپیری بووە، لەسەر هەمان كەیسیش بە پێ بژاردنی 100 هەزار دیناری عیراقی حوكمدراوە".

لە كانونی یەكەمی 2021، بەشدار حەسەن بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەنجومەنی ئاسایش و زانیاریی هەرێمی كوردستان بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت لە جۆری تاپڕ سكاڵایان لە دژی گوهدار تۆماركردووە".

بەشدار حەسەن، پارێزەری گوهدار، لەبارەی ئەوەی كەسوكاری دەڵێن پێشتر لەسەر ئەو كەیسە حوكمدراوە، ئەو وتی "ئێمەش ئەوەمان بیستووە، بەڵام هیچ نوسراوێكی فەرمیمان نەبینیوە گوایە لەسەر ئەو كەیسە دادوەر غەرامەی كردبێت".

لەتیف مستەفا وتی "هەركەسێك یەكجار لەسەر كەیسێك حوكمدەدرێت، ناكرێت ئەگەر پێشتر لەسەر ئەو كەیسە حوكمدرابێت، جارێكی تر لەسەر هەمان كەیس دادگایی بكرێتەوە".

بەپێی یاسا هەركەسێك یەكجار لەسەر كەیسێك حوكمدەدرێت

ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانەی بادینان لە نێویاندا گوهدار زێباری، كە لە 16ی شوباتی 2021ـدا بە دەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر هەر یەكێكیان بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدران. لە ئیستادا تەنیا هەردوو رۆژنامەنوس گوهدار زێباری و شێروانی شێروانی لە زینداندا ماون، سیانەكەی تر دوای تەواوكردنی حوكمەكەیان لە 16ـی ئاداری 2023 ئازادبون.

ئەو دەستگیركردنانە دوای زنجیرەیەك خۆپیشاندانی خەڵكی پارێزگای دهۆك هات، لە نێویاندا خۆپیشاندان دژی بونی بارەگا و هێزی سەربازیی توركیا لەناو خاكی هەرێم و بۆردومانكردنی ناوبەناو سەدان گوندی پارێزگاكە.

لە ئێستادا كەسوكاری گوهدار چاوەڕێی یەكلاییبونەوەی كەیسی سێیەمی دەكەن، هەرچی شێروان شێروانییە لە 20ی تەمموزی 2023 بە چوار ساڵی دیكەی زیندانی كرا، ئەوەش بە تۆمەتی "ساختەكاری".

بەشدار حەسەن بە لەبەرچاوگرتنی كەیسەكەی گوهدار، گەشبینە و دەڵێت "یەكشەممە یان بە كەفالەت ئازاد دەكرێت، یان بە غەرامە سزادەدرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT