لە ساڵی 2023دا
249 پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كراوە

سلێمانی/ 17ی كانونی دووەمی 2023/ كۆنگرەی رۆژنامەوانی سەنتەری میترۆ تایبەت بە راگەیاندنی پێشێلكارییەكانی ساڵی 2023 دژ بە رۆژنامەنوسان. فۆتۆ: سەنتەری میترۆ

هەردی عەبدوڵا

بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان 240 پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، بەوپێیەش بێت پێشێلكارییەكان بۆ نزیكەی دوو هێندە كەمیكردووە.

ئەو ئامارە ئەمڕۆ سێشەممە 17ی كانونی دووەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی راگەیەنرا، كە تایبەت بوو بە پێشێلكارییەكانی ساڵی 2023.

بەپێی ئامارەكە ئەو 249 پێشێلكارییە بەرامبەر بە 247 رۆژنامەنوس كراوە، تیایدا 134 حاڵەتی رێگریی و جیاكاریی، 38 حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسی، 37 حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا، 27 حاڵەتی هێرش، هەڕەشە و سوكایەتی.

هەر بەپێی ئامارەكە پینج حاڵەتی دەستگیركردن بەدەر لە یاسای رۆژنامەنوسی، چوار هێرشی ئەلكترۆنی و دوو شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی دوو حاڵەتی هەڵكوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنوس.

بەپێی ئەو ئامارە بێت پێشێلكارییەكان بەراورد بە ساڵی 2022 بۆ نزیكەی دوو هێندە كەمیكردووە، چونكە بەپێی ئاماری هەمان سەنتەر بۆ ساڵی پێشوتر431 پێشێلكاری بەرانبەر بە 301 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی تۆماركراون.

هەروەها لە ساڵی 2021دا بەپێی هەمان سەنتەر، 353 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە 260 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی هەبون.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT