دیاكۆ حسێن، پەیامنێری دەزگای ستاندارد:
"پێناسی رۆژنامەوانیم پێنەبوو، بۆیە دەستبەسەریان كردم"

دیاکۆ حسێن، پەیامنێری دەزگای ستاندارد لە هەولێر

كەركوك ناو

دیاکۆ حسێن، پەیامنێری دەزگای ستاندارد لە هەولێر، هۆكاری دەستبەسەركردنی بۆ ماوەی چوار كاتژمێر لەلایەن ئاسایشەوە روندەكاتەوە و دەڵێت "داوای پێناسی رۆژنامەوانیان لێكردوم، منیش پێمنەبوو، بۆیە دەستبەریان كردن"، بەڵام جەختدەكاتەوە لەوەی "مامەڵەیان باش بووە و بێڕێزی پێنەكراوە".

دیاكۆ حسێن، دووشەممەی رابردوو 5ی شوبات لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران دەستگیركرا، لەوكاتەی چاوەڕوانی ئەوە بوو، لایەنگرانی حزبی شیوعی بچنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و گردبونەوەكەیان روماڵ بكات.

"کاتژمێر 9ی بەیانی بۆ بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بەڕێكەوتم، چونكە بڕیاربوو لایەنگرانی حزبی شیوعی بۆ گردبونەوەیەك بچنە ئەو شوێنە، نزیكەی كاتژمێر 10:10 خولەك چومە شوێنەكە و بینیم چۆڵ بوو، لە چایخانەیەكی بەرامبەر ئەنجومەنی وەزیران لە دیوی شەقامی 30 مەتری دانیشتم، چونكە پێموابوو ئێستا خۆپیشاندەران دەگەنە ئێرە". دیاكۆ زیاتر وتی "دوای پێنج خولەک زانیاریی ئەوەم پێگەیشت كە رێگری لە خۆپیشاندەران كراوە، چواردەوری بارەگایەکیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە گەمارۆ دراوە".

دیاكۆ وتی "لەو سەروبەندەدا یەکێک لە هاوپیشەکانم پەیوەندی پێوەکردم و وتی لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران چی دەگوزەرێت، منیش وێنەیەکم گرت و بۆم نارد، پێموت ژمارەیەک کەس لێرەن، بەڵام خۆپیشاندەر نین... بە چەند خولەکێک دواتر چەند کەسێک بە جلوبەرگی مەدەنییەوە هاتنە چایخانەکە و لێیان پرسیم چی دەکەی لێرە"، زیاتر وتی "منیش وتم کە رۆژنامەنوسم و بۆ کاری میدیایی و روماڵی خۆپیشاندان لێرەم، ئەوانیش دەستیان بەسەر مۆبایلەکەم و کەلوپەلی رۆژنامەوانییەکەمدا گرت و داوای پێناسی رۆژنامەنوسیان كرد".

دیاكۆ دانبەوەدا دەنێت كە پێناسی رۆژنامەنوسی پێنەبوە و وتی "لەماڵ بیرمچووە"، بەڵام جەختیكردەوە لەوەی مایك و لۆگۆی كەناڵەكەی پێبووە و ئاسایشەكان گوێیان بەوە نەداوە و سوربون لەسەر داواكردنی پێناسی رۆژنامەنوسی.

دەزگای ستاندارد كە نوسینگەی لە شاری هەولێرە و مۆڵەتی كاركردنی هەیە، لە راگەیەنراوێکدا لەكاتی دەستگیركردنی پەیامنێرەكەیاندا هاتووە "لەلایەن هێزێكی نەناسراو رفێنراوە و سەلامەتی گیانی پەیامنێرەكەمان لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەكانی هەولێرە".

دیاكۆ دەڵێت دوای ئەوەی ئاسایش زانیان پێناسی رۆژنامەنوسی پێ نییە، تۆمەتی "جاسوس"یان داوەتە پاڵی.

ئەو رۆژنامەنوسە بە ئۆتۆمبێلی پیكاب دەبڵ دەگوازرێتەوە بۆ ئاسایشی هەولێر و وتی "لەوێ لە هۆبەی راگەیاندنی ئاسایشی هەولێر دەستبەسەرکرام".

 لە هۆبەی راگەیاندنی ئاسایشی هەولێر دەستبەسەرکرام

دەزگای ستاندارد لەبارەی دەستگیركردنییەوە دەڵێت "ئەم جۆرە مامەڵە نەشیاوە لە چوارچێوەی فشارەکانی دەسەڵاتە بەرامبەر ئازادی رادەربڕین، کە بەهۆیەوە رۆژ دوای رۆژ راپۆرتی خراپ لەسەر دەسەڵاتدارانی کوردستان دەردەکرێت و دۆستەکانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدەستدەدات".

بەڵام دیاكۆ دەڵێت "بە ویژدانەوە قسە بكەم لێدان و بێڕێزیان بەرامبەر نەکردم و هەر لە هۆبەی راگەیاندن بوم، نەك زیندان، بەڵام بە زۆر پاسۆردی مۆبایلەكەیان پێ شكاندم و بۆ ماوەی چوار كاتژمێر لایان بوو، وتیان لێكۆڵینەوە دەكەین... چونە ناو هەموو بەرنامەکانی ناو مۆبایلەکەم، تەنانەت پاسۆردی ئەو بەرنامانەشیان پێ كردمەوە كە زۆر شەخسی بووە و هیچ پەیوەندی بە کاری رۆژنامەوانییەوە نەبووە".

دوای چوار كاتژمێر و لە كاتژمێر 2:40 خولەك، دیاكۆ حسێن بە كەفالەتی هۆزان قادر، سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران ئازادكرا.

رێكخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدان، لە راگەیەنراوێكیدا بڵاویكردەوە كە دیاكۆ حسێن، بەهۆكاری "هەڵنەگرتنی ناسنامەی تایبەت بە كاری رۆژنامەوانی" دەستبەسەركراوە.

بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن، مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی.

ئاسایشی هەولێر هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر ئەو كەیسە نەدا و (كەركوك ناو) سەركەوتوو نەبوو لەوەی لێدوانیان لێ وەربگرێت، بەڵام دیاكۆ وتی "پێیان وتم تۆ پێناسی رۆژنامەوانیت پێ نییە، هەرچەندە مایك و لۆگۆم پێنیشاندان".

بەپێی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە ساڵی 2023دا 62 حاڵەتی پێشێلكاریی دژ بە رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام بەپێی سەنتەری  بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، لە هەمان ساڵدا 249 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان هەبووە.

ئەوە دوو ئامارە لەكاتێكدایە رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان كە ئۆفیسەكەی لە شاری هەولێرە، چوارشەممە 7ی شوبات، راپۆرتی ساڵی 2023ی بڵاوكردەوە و بەپێی راپۆرتەكە 164 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە 328 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن بووە و زۆرینەیان لە پارێزگای هەولێر بووە بە 78 حاڵەت.

بەڵام لە ساڵی 2022دا بەپێی سەنتەری میترۆ، 431 پێشێلكاری بەرانبەر بە 301 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی تۆماركراون، ئەوەش دوو هێندە كەمترە بەراورد بە ساڵی 2023.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT