بڕیاربوو ئەیلولی ئەمساڵ ئازادبكرێت
بۆ جاری سێیەم شێروانی شێروانی بە زیندانیكردن حوكم درا

شێروان شێروانی

كەركوك ناو

دادگای کەتنی بنەسڵاوە لە پارێزگای هەولێر، سزای چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردنی بۆ رۆژنامەنوس شێروان شێروانی دەركرد، ئەوەش بۆ جاری سێیەم و لە پرۆسەیەكدا كە چواردەوری دادگا بە هێزی ئەمنی و ئاسایش تەنرابوو.

ئەو دانیشتنە ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئاب بەڕێوەچوو، لەسەر سكاڵای ئەفسەرێكی پاسەوانی چاکسازیی گەورانی هەولێر بە ناوی دڵدار ماهیر، گوایا شێروان شێروانی لەناو زینداندا هەڕەشەی "كوشتنی" لێكردووە.

چی روویدا؟

بینای دادگای کەتنی بنەسڵاوە، كە دانیشتنەكەی دادگای تیادا بەڕێوەچوو، دەکەوێتە سەر رێگای (کەسنەزان – کۆیە)، دادگاكە جگە لە هێزی ئەمنی، بە ئاسایشی مەدەنیش تەنرابوو، دادوەر هیوا فەرهاد دادبینی بۆ سکاڵاكە كرد.

دڵدار ماهیر زوبێر، لە ساڵی 2022دا سكاڵاكەی تۆماركردووە، گوایا شێروان شێروانی لە ناو زینداندا هەڕەشەی "كوشتنی" لێكردووە.

بەم سكاڵایە لەگەڵ هێنانی دوو شایەتحاڵ كە سوێندی یاساییان خوارد، دواتر لە بەرژەوەندی سكاڵاكار وتەیان لێوەرگیرا، دانیشتنەكە دەستیپێكرد، بەڵام شێروان شێروانی راستەوخۆ هەموو تۆمەتەكانی رەتكردەوە.

محەمەد عەبدوڵا، پارێزەری خۆبەخشی شێروان شێروانی، وتی "دوو شایەتحاڵەكە هەردوكیان پاسەوانی رائید دڵدار ماهیر بون، زۆر خراپ لە دژی شێروان شێراونی قسەیان كرد و سوێندیان خوارد، بەڵام دوو نوێنەرەکەی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ تەواو دژی وتەی شایەتحاڵەكان بون و هەموو تۆمەتەكانیان رەتكردەوە".

وتەی شێروان شێروانی

شێروانی لەبەردەم دادوەر، روی لە رائید دڵدار کرد و پێیوت "سەرەتا من و تۆ تەنیا بوین، کوا پاسەوانت لەگەڵ بوو، تا ئەمڕۆ لێرە لە دژی من گەواهی بدەن؟ جگە لەمەش من کەی هەڕەشەم لێکردویت، ئەگەر ئەوە راستە بۆچی دوای ئەو گفتوگۆیەمان هەر خۆت کتێبت بۆ دەهێنامە زیندان؟ ئەگەر هەڕەشەم لێکردبیت بۆ کتێبم بۆ دەهێنیت".

ئەم گێڕانەوەیە پارێزەر محەمەد عەبدوڵا باسیكرد، ئەو وتی "بەڵگەکان زۆر لاواز بوون، هەستمانکرد پێشوەختە دادگا ئەو بڕیارەی داوە، بۆیە پێمانوایە کۆی پرۆسەی دادگاییەکە سیاسییە".

دوای خوێندنەوەی بڕیارەكە

دادوەر بڕیارەكەی خوێندەوە و شێروان شێروانی بە چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردن سزادا، كاتێك بڕیارەكە گەیشتە دەرەوەی هۆڵەكە، كەسوكار و چالاكوانان بە دروشمی (بژی ئازادی... بژی شێروان شێروانی) ئیدانەی بڕیارەکەی دادگایان کرد.

لەوكاتەی رۆژنامەنوسان ویستیان ڤیدیۆی ئەو ناڕەزاییەتییە بگرن، كۆمەڵێك كەس بە جلی مەدەنیی و بە چەكەوە كە چالاكوانان و پارێزەران بە ئاسایشی مەدەنی ناویانبردن، پەلاماریاندان، ئەوەش بە لێدان و لێسەندنی مۆبایلەكانیان، تەنانەت دەستیان لەو پەرلەمانتارانەش نەپاراست كە لەوێ بون، بەپێی وتەی پەیامنێری (كەركوك ناو) كە لەبەردەم دادگا ئامادەبوو.

ژمارەیەك لە پارێزەرانی خۆبەخش، نوێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، نوێنەرایەتی کونسوڵخانەکان، پەرلەمانتاران و رێكخراوەكانی بواری بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ لە دانیشتنەكەدا ئامادەبون، لە دەرەوەی دادگاش كەسوكاری شێروان شێروانی، چالاكوانان و رۆژنامەنوسان چاوەڕێی بڕیاری دادگایان دەكرد.

شێروان شێروانی بەپێی ماددەی 229ی یاسای سزادانی عیراقی سزادرا، كە تایبەتە بە هەڕەشەكردن لە فەرمانبەری حكومی.

تیمی کوردستانی عیراقی رێکخراوی CPT كە چاودێری پرۆسەی دادگاییكردنەكەیان دەكرد، لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "بەگوێرەی ئەو ماددە یاساییەی کە شێروان شێروانی پێ تاوانبار کراوە، قورسترین سزا بۆ کەسی تاوانبار تەنیا دوو ساڵە کە ئەگەر هەڕەشە یاخود پەلاماری فەرمانبەرێکی حکومی یاخود ئەنجومەنێکی فەرمیدابێت، خۆ ئەگەر هەڕەشە و پەلامارەکە بەرامبەر بە دادوەرێک، یاخود ئەنجومەنێکی دادوەری بوو، ئەوا قورسترین سزا بۆ تاوانبار تەنیا سێ ساڵە، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە، کە بەگوێرەی هەمان ماددەی یاسایی، شێروان شێروانی بە قورسترین شێوە، بە چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا".

سزادانی شێروان شێروانی بۆ جاری سێیەم

شێروانی لە تشرینی یەكەمی 2020ـدا لەگەڵ چوار رۆژنامەنوس و چالاكوانی تری بادینان دەستگیركران و لە 16ی شوباتی 2021ـدا بە دەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر، بە "سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ کودەتاكردن"، تاوانبارکران و هەر یەكێكیان بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدران.

ئەو بەرلەوەی حوكمەكەی تەواوبێت و ئازاد بكرێت، لە 20ـی تەموزی 2023دا دۆسییەكی تری بۆ كرایەوە و دادگا بڕیاریدا بە چوار ساڵی تر زیندانیكردن، بە تۆمەتی "ساختەكاری".

بڕیاربوو ئەیلولی ئەمساڵ شێروان شێروانی ئازادبكرێت دوای تەواوبونی حوكمەكەی، بەڵام جارێكی تر ئەم كەیسەی لەسەر كرایەوە.

تێبینییەكان لەسەر دادگاییكردنەكە

تیمی کوردستانی عیراقی رێکخراوی CPT كە لە دانیشتنەكەی دادگا ئامادەبون، چەند پێشێلكارییەكی دانیشتنەكەیان بڵاوكردەوە لە نێویاندا "پارێزەرەکان مافی بینینی تەواوەتی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و پێشکەشکردنی پەڕاو و داواکارییان پێ نەدرابوو".

هەروەها لە راگەیەنراوێكدا تیمی رێکخراوی CPT جەختدەكەنەوە لەوەی "ناوەوەی دادگا و دەرەوەی باڵەخانەی دادگا، بە سەربازگە کرابوو. هەروەها چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان، بە جلی مەدەنی و بە چەکەوە لە ناو خانەوادە و هاوکارانی شێروان بڵاوەیان پێکرابوو".

ئەوەش هاتووە كە لە دانیشتنەكەدا، شێروانی داوای هێنانی بەڵگەی ڤیدیۆیی کردووە بۆ ئەو رووداوە، بەڵام بە بیانوی ئەوەی کە لەو رۆژەدا، کامێراکانی چاودێری ڤیدیۆکانی تۆمارنەکردووە، هیچ ڤیدیۆیەک وەکو بەڵگە پێشکەش بە دادگا نەکرا.

لە دانیشتنەكەدا کۆمەڵێک پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو بەڵگە پێشکەش کرابون، کە سکاڵاکار ئاماژەی بەوەداوە "سوکایەتی پێکراوە و ناوی زڕێندراوە"، بەڵام کاتی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتانەی شێروانی لە زیندان بووە، رێکخراوی CPT دەپرسن "هیچ کەسێک لە زینداندا رێگەپێدانی نییە بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. چۆن دەکرێت ڤیدیۆیەک کە رۆژنامەوان شێروان شێروانی بڵاوی نەکردبێتەوە و لەکاتی بڵاوکردنەوەشیدا لە زیندان بووبێت، بخرێتە پاڵی و وەکو بەڵگە وەربگیرێت".

تیمەكە رایدەگەیەنن كە ئەو هێرش و پەلاماردان و لێدانانەیان بینیوە، كە لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی چەکدار، بە جلی مەدەنییەوە كراوەتە سەر بەشداربووانی ناڕەزاییەكان لە دژی بریارەكەی دادگا.

محەمەد عەبدوڵا، پارێزەری خۆبەخشی شێروان شێروانی دوای دانیشتنەكە بە رۆژنامەنوسانی وت "تانە لە بڕیارەکە دەدەین و تەمیزی دەکەینەوە بە بەڵگەی ئەوەی کە خودی پاراستن و پاسەوانێتی چاکسازییەکان لەلایەن هێزی زێرەڤانییەوە یاسایی نییە و کاتی خۆیشی ئەوەمان وتووە و ئەمڕۆش لەبەردەم دادگا دووپاتمان کردەوە، بەڵام گوێمان لێنەگیرا".

دوپاتی ئەوەشی كردووە، كە سزای چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانی بۆ ئەو ماددە یاساییە پێشتر لە لایەن هیچ دادوەرێكی هەرێمی كوردستان و هیچ دادگایەكەوە بۆ هیچ تاوانبارێك دەرنەكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT