خەولا ته‌ها، دایكی رۆژنامه‌نوسی زیندانیكراو قارەمان شوكری، به ته‌نیا له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا خه‌می كه‌یسی كوڕه‌كه‌ی له دڵ-دا هه‌ڵگرتووه، ئه‌و خێزانه به‌گشتی نیگه‌رانن له‌و بێده‌نگییه‌ی له دۆسیه‌ی كوڕه‌كه‌یاندا به‌دیده‌كرێت كه سه‌ره‌ڕای بونی بڕیاری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ئازادكردنی، هێشتا له كونجی زینداندا ماوه.
"هه‌ركات له زیندان كوڕه‌كه‌م ده‌بینم، له‌ڕوی ده‌رونییه‌وه ده‌ڕوخێم، چه‌ند رۆژێكم پێویست ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم بێمه‌وه سه‌ر خۆم"، خه‌ولا كه هێشتا ئازاری له‌ده‌ستدانی هاوژینه‌كه‌ی به‌رینه‌داوه كه 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له روداوێكی ته‌مومژاویدا تیرۆركرا، ئێستا شه‌و و رۆژ به‌دیار خه‌می كوڕه گه‌وره‌كه‌ی (قاره‌مان) به‌سه‌رده‌بات.
قارەمان شوكری (32ساڵ)كە بۆ ماڵپەڕی رۆژنیوز، كەناڵی ستێر تیڤی و كەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن كاریكردووە، نزیكه‌ی پێنج ساڵه له زیندانه، كاتێك به‌بێ رێگه‌پێدان بۆ گرتنی پارێزه‌ر، له‌لایه‌ن دادگایه‌كی دهۆكه‌وه به حه‌وت ساڵ زیندانی حوكمدرا.
چیرۆكی ده‌ستگیركردنی قاره‌مان شوكری
قارەمان كوڕی گه‌وره‌ی ماڵه، پێنج برا و شه‌ش خوشكی هه‌یه، لە 27ی كانونی دوەمی 2021 لەلایەن هێزێكی ئەمنی لە كۆمەڵگەی سێرێی سەر بە ناحیەی شیڵادزێ دەستگیركرا، ئه‌و ناحیه‌یه سه‌ر بە قەزای ئامێدییە لە پارێزگای دهۆك، له‌كاتی ده‌ستگیركردنییه‌وه تا 97 رۆژ هیچ سۆراغێكی نه‌بوو.
له حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵ، بۆ یه‌كه‌مجار خانه‌واده‌كه‌ی له‌نێویاندا، خەولا ته‌ها (دایكی قاره‌مان) له زیندان كوڕه‌كه‌ی ده‌بینێت، قاره‌مان به خه‌ولای وتووه "من به حه‌وت ساڵ زیندانی سزادراوم، ته‌نانه‌ت داوامكرد دادگایكردنه‌كه دوابخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پارێزه‌ر بگرم، به‌ڵام رێگه‌یان پێنه‌دام".
قاره‌مان زیاتر وه‌كو وێنه‌گر له‌گه‌ڵ ئه‌و دامه‌زراوانه‌دا كاریكردووه، سزادانه‌كه‌ی به‌پێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 بووه، كه تایبەتە بە "سیخوڕی و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی"، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسای رۆژنامه‌گه‌رییه له هه‌رێمی كوردستان كه جه‌ختده‌كاته‌وه له‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسان ده‌بێت به یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی دادگاییبكرێن.
قارەمان كە ئێستا لە چاكسازیی گەورانی دهۆك حوكمه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات، باوكی كه به هه‌مان شێوه راگه‌یاندنكار بوو لە 31ی كانونی یەكەمی 2016دا تیرۆركرا و هێشتا هۆكارەكەی روننەبۆته‌وه.
خەولا ته‌ها، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه لە دۆخێكی خراپ‌دا دەژین، هه‌ر جارێك سه‌ردانی قاره‌مان ده‌كه‌م باری ده‌رونیم تێكده‌چێت، كوڕه‌كه‌م هیچی نه‌كردبوو، نازانین پەنا بۆ كێ ببەین، خوای گەورە بەهانای ئێمەوە بێت".
"ئێمه ده‌مانه‌وێت ده‌ست به ژیانێكی نوێ بكه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ك جاران كاتێك قاره‌مان له ده‌رگای حه‌وشه‌ی ده‌دا و ده‌گه‌ڕایه ماڵه‌وه... ئێستا له‌گه‌ڵ وێنە و یادگاریی و قسە خۆشەكانیدا ده‌ژین"، زیاتر وتی "ئه‌و كوڕی گه‌وره‌ی ماڵ بوو، له جێی باوك بوو بۆ خوشك و براكانی، نازانین سه‌ره‌ڕای بڕیاری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی سزاكه‌ی بۆچی جێبه‌جێناكرێت".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 9ی ته‌مموزی 2024 بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی سزای قاره‌مان شوكری بە رێژەی لەسەدا 60، ئەوەش پشتبەستن بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، به‌پێی ئه‌و بڕیاره بوایه ده‌بوو هه‌ر ئه‌وكات قاره‌مان شوكری ئازادبكرایه، چونكه زیاتر لە سەدا 40ی سزاكەی تەواوكردبوو، وه‌ك رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری دۆسیەی قارەمان شوكری جه‌ختیكرده‌وه.
زێرەڤان شوكری، برای قاره‌مان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌تین، لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و پارێزەرەكان له‌پێناو ئازادبونی براكه‌ماندا، بەڵام لێره یاسا سه‌روه‌ر نییه و بڕیاره‌كان شوێنی خۆیان ناگرن، بۆیه ئازادنه‌كراوه"، زیاتر وتی "زۆر به‌دوای كه‌یسه‌كه‌دا رۆیشتین، ئێمه‌ش نازانین هۆكار چییه ئه‌و بڕیاره راگیراوه".
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بۆ سۆراغی ئەو پرسە وەڵامی پەیوەندییەكانی (كەركوك ناو)ی نەدایەوە، هەروەها هیچ وەڵامێكی نەبوو كاتێك كورتەنامەی لەبارەی ئەو پرسەوە ئاراستە كرا.
كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان(CPJ) لە پرسی دەستگیركردن و سزادانی قارەمان شوكری، لە راگەیەندراوێكدا 28ی حوزەیرانی 2021 داوای دەستبەجێ ئازادكردنی قارەمان شوكری و لابردنی تۆمەتەكانی سەری كرد. هەروەها سەرباری رەخنەی توند لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوایكرد كۆتایی بە سزادانی میدیاكاران بهێنێت.
ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ، نوێنەری (CPJ) لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا كاتی سزادانی قاره‌مان شوكری، وتی "دەسەڵاتدارانی كوردی باكوری عیراق فێری خوییەكی قێزەون بون لە حوكمدانی رۆژنامەنوسان بە زیندان، بێ رەچاوكردنی هیچ رێوشوێنێكی یاسایی و ئەو ماف و ئازادییانەی كە ئەوان بانگەشەی بۆ دەكەن گوایە بەرگرییان لێدەكەن".
مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌یسی قارمان شوكری، هاوشێوه‌ی مامه‌ڵه‌ی چه‌ندین كه‌یسی تره كه ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌نوسان ده‌یگرنه‌به‌ر، به‌تایبه‌ت له هه‌ندێكیاندا كه یاسا به‌ركاره‌كانی رۆژنامه‌گه‌ریی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن، یان رێگه‌یان پێناده‌ن پارێزه‌ر بۆ خۆیان بگرن، له‌كاتێكدا یاسا ئه‌و مافه‌ی به هه‌موو تۆمه‌تباران داوه.
بۆ نمونه بەپێی ماددەی 23ی یاسای بنەمای دادگەرییە سزاییەكان، هەموو تۆمەتبارێك دوای 24 كاتژمێر و بەبێ هیچ پۆلێنێك بۆ ئه‌و تۆمه‌ته‌ی كه ئاراسته‌ی كراوه، مافی ئەوەی هەیە بریكارنامە بۆ پارێزەرێك بكاتەوە و بیبینێت بۆ ئەوەی بتوانێت راوێژی یاسایی پێبكات. جا پێش لێكۆڵینه‌وه بێت یان له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا، بەڵام ئەو مامەڵەیە لەگەڵ قارەمان شوكریدا نەكراوە.
لقی دهۆكی سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستان پێشتر حه‌ختیانكرده‌وه كه ئه‌وان به‌دواداچونیان بۆ كه‌یسی قاره‌مان شوكری نه‌كردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی گوایا "قارەمان لەسەر بابەتی رۆژنامەوانی دەستگیرنەکراوە"، وه‌ك ڤیان عەباس، سەرۆکی لقی دهۆک جه‌ختیكرده‌وه.
ئه‌وه له‌كاتێكدا هێشتا دادگا دوای پێنج ساڵ له سزادانه‌كه رونینه‌كردۆته‌وه كه قاره‌مان شوكری چۆن هه‌وڵی "تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی"داوه.
خه‌ولا ته‌ها ده‌ڵێت كه ئه‌م مانگه سه‌ردانی كوڕه‌كه‌ی كردووه و له‌وێ باسی ئه‌وه‌یانكردووه چی بكه‌ن له پێناو ئازادكردنیدا، هه‌روه‌ك به‌پێی خشته‌یه‌كی گرتوخانه‌ی چاكسایی گه‌وران ناوبه‌ناو ده‌توانن سه‌ردانی كوڕه‌كه‌یان بكه‌ن.
"كوڕه‌كه‌م له‌ڕوی ده‌رونییه‌وه زۆر خراپه و دۆخی باش نییه"، خه‌ولا وایوت.
شوڕشڤان شوكری، برایەكی تری قارمان، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوو چۆته دادگا به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی پارێزه‌رێكی نوێ بۆ كه‌یسی براكه‌ی زیاد بكات، له دادگاوه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نوسراو بۆ چاكسازی گه‌وران كراوه، به‌ڵام له‌وێ كردنه‌وه‌ی بریكارنامه بۆ پارێزه‌ری تر ره‌تكراوه‌ته‌وه. ئه‌و وتی "ده‌مانه‌وێت له هه‌ولێره‌وه پارێزه‌رێكی نوێ بۆ كه‌یسه‌كه زیادبكه‌ین له پێناو ئه‌وه‌ی به‌دواداچونی زیاتری بۆ بكات".
رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری كەیسی قارەمان شوكری، وتی "به ته‌واوی بێده‌نگی له كه‌یسه‌كه‌ی قاره‌مان شوكری-دا كراوه، له‌ڕوی یاساییه‌وه هه‌موو شتێك كراوه، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌گه‌یشتۆته شوێنی خۆی".
یاسای ژماره 21 مۆته‌كه‌ی رۆژنامه‌نوسان
یاسای ژمارە 21 لە 27ی ئەیلولی 2003، كه به‌شێك له رۆژنامه‌نوسانی پێ سزاده‌درێت، لە دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەمانی كوردستاندا بە سەرۆكایەتی رۆژ نوری شاوەیس دەركراوە و ئامانج لێی لەكارخستنی چەند ماددەیەكی یاسای سزادانی عیراقی بووە.
ئەو یاسایە لە شەش ماددە پێكهاتووە، لە ماددەی یەكەمیدا جێگرەوەیەك بۆ ماددەی 156ی یاسای سزادانی عیراقی دانراوە و هاتووە "هەركەسێ بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك دەبێ، ببێ لە كارێكدا تێوەگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عیراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".
یاساكە لە ژمارە 45ی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان لە 28ی تشرینی یەكەمی 2003دا بڵاوكراوەتەوە و لەوكاتەوە تائێستا بەركارە.
ماددەی یەكەمی یاساكە هەمان ناوەڕۆكی ماددەی 156ی یاسای سزادانی عیراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ـیە بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە لە جۆری سزاكە و دەستەواژەكاندا.
بەپێی ماددەی 156 كە لە عیراق هێشتا بەركارە، سزای لەسێدارەدان بەسەر هەر كەسێكدا دەسەپێنرێت ئەگەر بە ئەنقەست سەربەخۆیی وڵات یان یەكپارچەیی یاخود سەلامەتی خاكەكەی بخاتە مەترسییەوە یان ببێتە هۆی ئەو كارە.