جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست زیادبونی خۆڵبارین كه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی كشتوكاڵ و زیان به به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رچاوه‌ی گرفته‌كه هه‌رچه‌نده دیارده‌یه‌كی سروشتییه، به‌ڵام هه‌ندێك رێگاچاره‌ی پێشنیازكراو هه‌یه كه ده‌كرێت زیانه‌كانی سه‌ر كشتوكاڵ كه‌متر بكاته‌وه.
خۆڵبارین، بەرزبونەوەی پلەی گەرما و و كەمی بارانبارین لە لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوان، كە بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان، عیراق لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدایە كە كاریگەریی گۆڕانی ئاووهەوایان بەسەرەوەیە. له هه‌رێمی كوردستان جوتیاران ئه‌و توێژه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ن كه راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی لێكه‌وته‌كانی گۆڕانی ئاووهه‌وایان به‌سه‌ره‌وه‌یه.
خۆڵبارین جوتیاران گیرۆده ده‌كات
"هه‌ر ساڵه و له قۆناغێكدا خۆڵبارین زیانمان پێده‌گه‌یه‌نێت، جوتیاره به ئه‌زمونه‌كان ده‌توانن تاڕاده‌یه‌ك رێگا چاره‌یه‌كی خێرا بدۆزنه‌وه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان، به‌ڵام ئه‌و جوتیارانه‌ی له بواری كشتوكاڵكردندا ئه‌زمونی زۆریان نییه ده‌بنه قوربانی"، هێمن خه‌ڵه‌ف جوتیارێكی قه‌زای پێنجوێن له خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای سلێمانی وایوت.
هێمن كه ئێستا له كۆتایی سییه‌كانی ته‌مه‌نیدایه، ده‌ڵێت ته‌مه‌نی ته‌نیا شه‌ش ساڵ بووه كاتێك له‌گه‌ڵ باوكی سه‌رقاڵی كشتوكاڵكردن بووه و تائێستا دانه‌بڕاوه، به‌ڵام ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی، هێمن روبه‌ڕبه‌ڕوی ئاڵنگاریی سه‌خت بووه، له نێویاندا خۆڵبارین.
"هه‌ر له‌كاتی شه‌تڵه‌وه پێویسته خۆمان بۆ ئه‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه ئاماده بكه‌ین، تا كاتی چنینی به‌رهه‌مه‌كه"، هێمن زیاتر وتی "ئه‌گه‌ر له‌كاتی شەتڵكردندا خۆڵبارین ده‌ستپێبكات، ئه‌وه رووەكەكە بە تەواوی لەگەشەكردن ده‌خات، هه‌ندێكجار له ناوی ده‌بات، ئه‌گه‌ر خۆڵبارینه‌كه ره‌شه‌بای له‌گه‌ڵ بێت ئه‌وا لقی پۆپی شه‌تڵه‌كه ده‌شكێنێت و گوڵه‌كان كه سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌یه‌تی له‌ناوده‌بات... ئه‌گه‌ر خۆڵبارینەكە چڕ بێت ئه‌وا زەرەر هەر لە بەروبومەكە دەدات".
به‌پێی ئه‌زمونی هێمن خه‌ڵه‌ف، تەماتە، خەیار، شوتی، كاڵه‌ك و بیبەر، كه له ناوچه‌كه‌ی ئه‌ودا ده‌چێنرێن، له‌و سه‌وزه و میوانه‌ن كه كاریگه‌ریی خۆڵبارینیان زۆر به‌سه‌ره‌وه‌یه.
هێمن ئه‌زمونی كردووه، ئه‌و سه‌وزه و میوانه ئه‌گه‌ر خۆڵبارین زیاتر له جارێك لێی بدات، ئه‌وا به‌رهه‌مه‌كه‌ی جوان نابێت و واده‌كات له بازاڕدا به ئاسانیی ساغنه‌بێته‌وه. له‌وه‌شدا جوتیاران زه‌ره‌ر‌مه‌ندی یه‌كه‌من.
كاریگه‌رییه‌كی تری خۆڵبارین بۆ سه‌ر كشتوكاڵ ئه‌وه‌یه هه‌ندێك كات ده‌بێته هۆی دروستكردنی میروویه‌ك له‌سه‌ر رووه‌كه‌كه‌وه و ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رنه‌كرێت له‌ناوی ده‌بات.
هێمن وتی "بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و مێرووه جوتیار په‌نا بۆ ده‌رمانی كیمیایی دژه مێروو ده‌بات، ئه‌مه‌ش تێچوی زیاتری ده‌وێت".
سه‌ره‌ڕای ئه‌زمونه‌كه‌ی له بواری كشتوكاڵدا، به‌ڵام هێمن له‌و حاڵه‌تانه‌دا داوای هاوكاریی راسته‌وخۆ له ئەندازیارانی كشتوكاڵی ده‌كات.
سۆران حەمە نەجم (37 ساڵ)، جوتیارێكی گوندەكانی بناری سورێنه لە قه‌زای سەیدسادق، كێڵگه‌یه‌كی بچوكی به‌خێوكردنی هه‌نگی هه‌یه، ئه‌ویش ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست خۆڵبارینه‌وه.
"خۆڵبارین گوڵ له‌ناوده‌بات، به‌وه‌ش هه‌ڵاڵه نامێنێت كه سه‌رچاوه‌ی خۆراكی هه‌نگه‌كانمه"، سۆران ده‌ڵێت به‌و هۆیه‌وه ژماره‌ی هه‌نگه‌كانی كه‌متر بونه‌ته‌وه و بڕی به‌رهه‌م (هه‌نگوین)یش زۆر كه‌مبۆته‌وه.
خۆڵبارین گوڵ له‌ناوده‌بات، به‌وه‌ش هه‌ڵاڵه نامێنێت كه سه‌رچاوه‌ی خۆراكی هه‌نگه‌كانمه
زیانه‌كه له كوێدایه؟ چاره‌سه‌ریش به‌رده‌سته
دڵشاد حسێن، ئەندازیاری كشتوكاڵییه له قه‌زای پێنجوێن، ده‌ڵێت "كاتێك خۆڵ دەبارێت و لەسەر لق و گەڵای رووەكەكان دەنیشێت، رێگری لەبەركەوتنی تیشكی خۆر بۆ روەكەكە دەكات، بەمەش كرداری رۆشنه‌پێكهاتن رونادات"، زیاتر رونیكرده‌وه "كاتێك رۆشنه‌پێكهاتن رونه‌دات، رووه‌كه‌كه له گه‌شه ده‌وه‌ستێت، ئه‌مه‌ش به مانای ئه‌وه‌ی گوڵ ناكات و به‌رهه‌می نابێت".
ئه‌و پسپۆڕه‌ی كشتوكاڵ، پێشنیاز ده‌كات، راسته‌وخۆ دوای خۆڵبارین جوتیاران به‌دوای چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێن، "ئەگەر چاره‌سه‌ر نەكرێت، رووەكەكە بە ته‌واوی لەناودەبات، یان زیان لە چۆنێتی و چەندایه‌تی بەرهەمەكە دەدات... خۆڵبارین رووەك توشی فشارێكی زۆری مانه‌وه ده‌كات، بۆیە دوای خۆڵبارین دەبێت ترشی ئەمینی و قەوزەی دەریای لە رێگەی پرژێنەرەكانەوە په‌یدا بكەین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م خۆڵبارینه‌كه له‌سه‌ر گه‌ڵای رووه‌كه‌كه لابده‌ین، هه‌م فشاره‌كه".
له‌كاتێكدا به‌شێك له جوتیاران په‌نا بۆ شۆردنه‌وه‌ی رووه‌كه‌كه به ئاو ده‌به‌ن، بۆ نمونه مەحمود محەمەد له ناوچه‌ی قوڕه‌توو له گه‌رمیان، به‌ڵام پسپۆڕانی كشتوكاڵی پێیانوایه ئه‌و رێگایه تاڕاده‌یه‌ك زیانی هه‌یه.
مه‌حمود كه زیاتر پەتاتە، كەلەرم، قەڕنابیت و برۆكلی ده‌چێنێت، وتی "دوای خۆڵبارین، رووه‌كه‌كه ده‌شۆمه‌وه به‌و هیوایه‌ی كاریگه‌ریی خۆڵبارینه‌كه له‌سه‌ر گه‌ڵا و گوڵه‌كانی لاببه‌م".
به‌ڵام دڵشاد حسێن، ئەندازیاری كشتوكاڵی، وتی "شۆردنه‌وه به ئاو راده‌ی شێ به‌رزده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش واده‌كات كێشه‌ی تر بۆ رووه‌كه‌كه دروستبێت، چاره‌سه‌ری لابردنی كاریگه‌رییه‌كانی خۆڵبارین ته‌نیا دره‌مانه".
له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا هاوڕای به‌شێك له جوتیاران بوو كه پێیانوابوو جۆرێك له مێروو حه‌زیان له تۆز و خۆڵه و له‌كاتی خۆڵباریندا زیاتر له‌سه‌ر رووه‌كه‌كه گه‌شه ده‌كه‌ن. "مێرووه‌كان له نێویاندا جاڵجاڵۆكه ئاوگی روەكەكە دەمژێت و لەناوی دەبات".
خۆڵبارین، كه به‌شێكه له گۆڕانی ئاووهه‌وا، له ناوچه‌ی گه‌رمیان كاریگه‌ریی زیاتری هه‌یه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كه‌می رێژه‌ی سه‌وزایی و نزیكی ناوچه‌كه له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراق، كه كاریگه‌ریی به بیانبونیان زیاتر له‌سه‌ره.
دڵشاد حسێن وتی "خۆڵبارین كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و رووه‌كانه زیاتره هه‌یه كه ته‌رزیان ده‌ڕوات وه‌كو شوتی و كاڵه‌ك، چونكه گه‌ڵاكانیان زیاتره، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كه كه‌متره له‌سه‌ر ته‌ماته و بیبه‌ر".
خۆڵبارین كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و رووه‌كانه زیاتره هه‌یه كه ته‌رزیان ده‌ڕوات وه‌كو شوتی و كاڵه‌ك
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی سلێمانی پێشنیاز بۆ جوتیاران ده‌كات سود له ئه‌زمون و رێنماییه‌كانی ئه‌وان وه‌ربگرن، بۆ پاراستنی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌و دیارده سروشتییه، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمه‌كانیان.
دكتۆر موسلیم سلێمان، مامۆستای زانكۆ و چالاكی بواری ژینگە و گۆڕانی ئاووهه‌وا، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی له‌ڕێی سیمیناره‌وه هۆشیاریی و رێنمایی به جوتیاران ده‌دات، ده‌ڵێت "خۆڵبارین كاریگەریی لەسەر لەوەڕگاكانیش هەیە و نایانهێڵێت، بە تایبەت لە بەهارو سەرەتای دەركەوتنی گژوگیادا، چونكه لە گەشەی دەوەستێنێت و بەمەش هەر زوو زەرد دەبێت و دواتر زیانی بۆ ئاژەڵدارانیش هەیە كاتێك ئه‌و گژوگیایه ده‌خۆن".
"گەورەترین كارێك بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی خۆڵبارین ئه‌وه‌یه، پشتێنەی سەوزاییە بەدەوری شارەكاندا دروستبكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا لە هەولێر دەكرێت، چونكه ئه‌وه واده‌كات خۆڵه‌كه بگرێت"، دكتۆر موسلیم هه‌روه‌ها پێشنیازی كرد ئەو بیابانانەی خۆڵبارینەكەی لێوەدێت سەوز بكرێت بە جۆرە روەكێك كە بەرگەی ناوچەكە و بێئاوی بگرێت و "بەشێك لەوڵاتان بیابانەكانیان بە هەنجیری دڕكاوی سەوزدەكەن".
*ئەم بابەتە رۆژنامه‌وانییه له‌لایه‌نی تیمی ده‌زگای (كەركوك ناو)ـەوە بەرهەمهێنراوە له چوارچێوەی پڕۆژه‌ی داهاتوو لە ڕێگەی داهێنانەوە: پێکەوە لەپێناو ئاووهه‌وا و گەشەپێدانی ناوخۆیی، پڕۆژه‌كه رێكخراوی (ADWI) لە هەرێمی کوردستانی عیراق جێبه‌جێیده‌كات و وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری و گەشەپێدانی ئابوری پاڵپشتی دارایی ده‌كات.