چیرۆكی من
سیبان خەلیل.. سەردانی گۆڕەكەی خۆی دەكات
نەینەوا/ تەمموزی 2021/ سیبان خەلیل لە تەنیشت گۆڕە رەمزییەكەی خۆی دانیشتووە لە گۆڕستانی كۆجۆ لە گوندی كۆجۆی قەزای شنگال

گەشتی گەڕانەوەم تاڵ بوو، بەڵام بەراورد ناكرێت بەو هەستەی لەكاتی گەڕانەوە و بینینی گۆڕە رەمزییەكەی خۆمدا هەمبوو

ورود ساڵح – كەركوك ناو

سیبان خەلیل.. سەردانی گۆڕەكەی خۆی دەكات

  • 2021-08-17

"گەشتەكە دورودرێژ و پڕ مەترسی بوو، زۆرێك لە كچان و ژنانی رفێنراو گیانیانلەدەستدا، دوای ئەوەی داعش هەموو جۆرە تاوانێكی لە دژیان ئەنجامدا" سیبان خەلیل، كچە رزگاربوی ئێزیدی وای وت.

نەهامەتییەكانی ئەو كچە 21 ساڵە كاتێك دەستیپێكرد، كە چەكدارانی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی – داعش" لە ناوەڕاستی ئابی 2014دا دەستیانگرت بەسەر گوندی كۆجۆی شنگال (خۆرئاوای ناوەندی نەینەوا)، جگە لە كوشتنی پیاوەكان، كچان و ژنان و منداڵانیان رفاند.

"بارودۆخەكە ترسناك بوو، من و هەموو كچانی تەمەن 13 تا 25 ساڵانیان برد و گواستراینەوە بۆ شاری موسڵ، لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی رەققە و ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی داعش" بەوتەی سیبان بۆ (كەركوك ناو).

داعش لە هێرشەكانیدا بۆ قەزای شنگال شەش هەزار و 417 ئێزیدی لە ژن و پیاو و منداڵ رفاند، كە زیاتر لە سێ هەزار و 600 كەسیان رزگاركراون بەڵام هێشتا دوو هەزار و 700 كەس بێسەروشوێنن، بەپێی ئامارەكانی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

kojo 7
نه‌ینه‌وا، 6ی شوباتی 2021، مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی 104 هاوڵاتی ئێزیدی له‌ قوربانیانی ده‌ستی داعش له‌ گوندی كۆجۆی قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

دوای ئەوەی داعش دەیانگوازێتەوە بۆ شاری رەققەی سوریا، سیبان و رفێنراوانی دیكە دەبنە قوربانی توندوتیژی سێكسی و جەستەیی چەكدارانی داعش، بە درێژایی حەوت ساڵ و هەر جارەو لای چەكدارێكی بە رەگەز جیاواز دەبێت.

"كەسیانم نەدەناسی، پێیاندەفرۆشرام و هیچ كاتێك بۆم نەبوو بۆچونی خۆم هەبێت".

هەر توندوتیژی سێكسی نەبوو، بەڵكو روبەڕوی زیندانی و هەموو جۆرە توندوتیژییەكی جەستەییش بۆوە، وەك "لێدانی توند"، بە درێژایی ماوەی رفاندنی ناچاربوو لە مەتبەخی تایبەت بە داعش كاربكات وەك "قاپشۆر و چێشتێلێنەر"، دواتریش دەگەڕێنرایەوە بۆ زینداتن و دەرگای لەسەر دادەخرا.

كەسیانم نەدەناسی، پێیاندەفرۆشرام و هیچ كاتێك بۆم نەبوو بۆچونی خۆم هەبێت

"وردەوردە هیوای ئازادبونم لەدەستدەدا، هەر هەفتەیەك بۆ ناوچەیەكی جیاواز دەگوازراینەوە، هەركاتێك زانیاریمان لەسەر شوێنی مانەوەمان دەدا تا ئازادبكرێین، روبەڕوی بۆردومان دەبوینەوە".

نەهامەتییەكانی سیبان خەلیل تەنیا توندوتیژی و زیندان نەبوو، ئەو فیشەك بەر سكی كەوت و بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكیشەوە قاچی برینداربوو.

"جارێكیان فیشەك بەر سكم كەوت، بەهۆیەوە لەلایەن داعشەوە نەشتەرگەریم بۆ كرا" سیبان دەڵێت هێشتا شوێنەواری ئەو برینە و ئەشكەنجە و لێدانی توند بە جەستیەوە ماون.

seban-1
سیبان لەگەڵ براكەی كە تاكە ئەندامی خێزانەكەیەتی لە عیراق و لە نزیكی ماوەتەوە

لە روداوێكی دیكەدا، چەكدارێكی لوبنانی لە ریزەكانی داعش هەوڵدەدات سیبان بباتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی، "بە رێگەی قاچاخ و لە سنورەكانەوە"، لەو گەیشتەدا بۆمب بە ئۆتۆمبێلەكەیاندا دەتەقێتەوە و بەهۆیەوە دەستبەجێ چەكدارەكەی داعش دەمرێت و قاچی سیبان برینداردەبێت.

دوای برینداربونی، سیبان بەپێ تا گوندێكی بچوكی ناوچەكە دەڕوات، لەوێ خێزانێك بۆ ساڵ و نیوێك داڵدەی دەدەن، دواتر دەتوانێت پەیوەندی بە ماڵی ئێزیدی لە حەسەكە بكات و پاشان لە تەمموزی 2021 دەگوازرێتەوە بۆ شنگال.

لەكاتی گەیشتن بە نیشتمان، دوای چەند كاتژمێرێك، دەگاتەوە بە براكەی كە تاكە ئەندامی خێزانەكەیەتی لە شارەكەدا مابێتەوە، چونكە دایكی و خوشكەكانی ناچاربون بەرەو دەرەوەی عیراق كۆچبكەن، باوكیشی هێستا "بێسەروشوێنە".

سەرباری ئەوەی گەشتی گەڕانەوە "تاڵ" بوو، بەڵام بەراورد ناكرێت بەو هەستەی لەكاتی گەڕانەوە و بینینی گۆڕە رەمزییەكەی خۆی لە گۆڕستانی كۆجۆ هەیبوو، كە خێزانەكەی لەكاتی بێسەروشوێنبونیدا بۆیان دروستكرد.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT