چیرۆكی من

لەیلا؛ گەشتێکی سەرکەوتن

  • 2019-10-06

"ژنان ئێوە دەبێت بەهێزبن، سەرکەوتودەبن"، لەیلا سەیدۆ بیسو 33ساڵ، خۆی بە ژنە بەهێزەکە دەناسێنێت، بەو ئامۆژگارییەی چیرۆکی کەوتن و هەستانەوەی خۆی دەستپێکرد و پێتدەڵێت چۆن بەربەستەکان دەشکێنرێن.

لەیلا ئێزیدییە، هه‌شت برا و پێنج خوشکى هه‌یه‌، بەڵام وەک دەڵێت لە هەموو ئەندامانی خێزانەکەی جیاوازە، سەرەڕای سەختی ژیان و بەربەسەتەکان ئەو کۆڵی نەدا و بە سەرکەوتویی مایەوە.

کاتێک تەمەنی تەنیا حەوت ساڵ بوو، لەیلا لە شارەکەی خۆی لە شنگال دەستی بە خوێندن کرد، بەڵام خراپی باری دارایی ناچاری کرد، کاتێک خوێندکاری ئامادەیی بوو، ساڵی 2005 واز لە خوێندن بهێنێت.

ئەوە یەکەم کەوتنی لەیلا بوو؛ هەرچەندە هیوای بە تەواوکردنی خوێندن دەخواست.

ناچار لەیلا بۆ پەیداکردنی بژێوی دەستی بەکارکردن کرد، بە موچەکەی یارمەتی خێزانەکەی و برا بچوکەکانی دەدا، تا لانیکەم لە خوێندن دانەبڕێن.

لەیلا لە 2008دا هاوسەرگیری دەکات و دەبێتە دایکی دوو منداڵ، دواتر و لە 2011دا بۆ بەدیهێنانی خەونەکەی و دوای شەش ساڵ دابڕان لە دهۆک تاقیکردنەوەی دەرەکی دەکات.

"هەرچۆنێک بوو تاقیکردنەوەی دەرەکیم کرد، بەڵام نمرەیەکی کەمم هێنا، لەیەککاتدا کارمدەکرد، دەمخوێند و دایکی دوو منداڵیش بووم"، لەیلا وایوت.

لەیلا جارێکی تر بێهوادەبێتەوە، کاتێک بەهۆی کەمی نمرەکەیەوە لە هیچ کۆلێژ و پەیمانگەیەکی حکومی وەرناگیرێت، بەڵام دیسانەوە کۆڵنادات.

بۆیە دەچێتە پەیمانگەیەکی تەکنیکی تایبەت و کارگێڕی کار بە نمرەیەکی باش تەواودەکات.

لەوبارەیەوە وتی "ئه‌گه‌ر پیاوه‌که‌م هاوکاریی نەکردبام، نه‌مده‌توانی خوێندن ته‌واوبکه‌م، زۆرکات منداڵه‌کانم له‌گه‌ڵ خۆم ده‌برده‌ ده‌وام و هه‌رله‌وێ ده‌مخوێند".

ئەمە بەشێکە لەکەوتن و دواتر هەستانەوەی لەیلا لە ژیانیدا، بەڵام نەهامەتییەکانی و چیرۆکی سەرکەوتنیشی ئەوکاتە دەستپێکرد کە داعش لە 3ی ئابی 2014دا هێرشیکردە سەر شنگال، ئەوکات ماڵیان لە شنگال بوو.

لەیلا وتی "کاتێک داعش هێرشیکردە سەر شنگال، ئەو شەوە نەخەوتم، هاوسەرەکەم لە دهۆک بوو، زۆر ترسام بکەومە دەست ئەو رێکخراوە".

بەیانی زوو کاتێک داعش گەیشتە ناو شنگال، لەگەڵ ماڵی برای هاوسەرەکەی شنگالیان جێهیشت و نۆ رۆژ بە برسێتی لە چیای شنگال مانەوە، تا دواتر گەیشتنە زاخۆ.

"لە چیای شنگال زۆر ناخۆشیی و نەهامەتیم بینی، بۆیە دواتر بیرمکردەوە چۆن یارمەتی ئەو خەڵکە بدەم"، لەیلا دەستی بەوەکرد کە لە مێشکیدابوو.

لەیلا دەڵێت "من ژنێکی بەهێزم و بەرگەی ئەو نەهامەتییانەم گرت، کاری رێکخراوەییم بە خۆبەخشی دەستپێکرد و هاوکارییم بەسەر ئاوارەکاندا دابەشدەکرد".

ئەو ئێستاش هاوکاریی ئاوارەکان دەکات بۆ دەرهێنانەوەی رەگەزنامە کە بەهۆی هێرشی داعشەوە سوتاون یان لەناوچون؛ یارمەتی 700 کەسیداوە بۆ دەرهێنانەوەی رەگەزنامە.

هەرچەندە ئەو سەرەتا لەکەمپی ئاوارەکان نیشتەجێ بوو، بەڵام دەڵێت دەرفەتی کارکردن کەمبوو، بۆیە بڕیاریدا بچێتە ناو شار و خانوویەک بەکرێ بگرێت.

لەیلا بیرۆکەی کار تر بە مێشکیدا دێت، ئەوەش کردنەوەی نوسینگەیەکی گەشتوگوزار بوو، ئێستا خۆی نوسینگەکە بەڕێوەدەبات و دەڵێت "لەماوەیەکی کەمدا خەڵکێکی زۆر رویتێکردین و کارمان باشە".

داوا لە کچان دەکات بەهێزبن و بڕوایان بەخۆیان هەبێت، بۆیە ئامۆژگاریکردن و وتی "ده‌توانن سه‌رکه‌وتوبن، ئیشى ژن ته‌نیا به‌خێوکردنی منداڵ نییه‌، ده‌توانن رکەبه‌ری پیاوان بکەن و هه‌ندێک ژن زۆر له‌ پیاوان سه‌رکه‌وتوترن".

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT