توركمان هەڕەشەی خۆپیشاندان دەكات
گۆڕانكاریی لە پۆستی بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی پردێ هەڵپەسێردرا

كه‌ركوك، ئایاری 2018، ناڕه‌زاییەكی لایه‌نگر و ئه‌ندامانی حزبه‌ توركمانیه‌كان دژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن به‌هۆی گومانیان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

بەرەی توركمانی داوا دەكات بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی پردێ دوربخرێتەوە، بە پاساوی ئەوەی "بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت"، ئەوەش دوای هێرش دوو كەس هات بۆ سەر بارەگایەكیان لەو ناحیەیە.

بەرەبەیانی شەوی 20ی تشرینی یەكەم، دوو كەس گڕ لە چەند شوشەیەك بەردەدەن كە پێدەچێت بەنزینیان تێكردبێت و ئاراستەی بارەگای بەرەی توركمانیان كرد لە ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری)، ئەوەش بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی روداوەكە، كە دەست (كەركوك ناو) كەوتووە.

دوابەدوای ئەو روداوە، ژمارەیەك لە لایەنگرانی بەرەی توركمانی لەبەردەم بارەگاكە كۆبونەوە و دواتریش چونە بەردەم بنكەی پۆلیسی ناحیەكە و داوای دورخستنەوەی بەڕێوەبەری پۆلیسیان كرد.

زەکی ئیبراهیم شێخە، لێپرسراوی بەرەی تورکمانی لە پردێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگرەكە بەر دیواری بارەگا، ژوری پاسەوانەكان و لافیتەی بەرەی توركمانی كەوتوو سوتا... دوای روداوەكە و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك ئاگاداریان كردینەوە لە دورخستنەوەی عەمید عابیدن نەجمەدین و دانانی عەقید عەباس لە جێگەی".

بەڵام وتی "دواى کەمتر لەنیو کاتژمێر، ئاگاداركراینەوە لەوەی گۆڕانكارییەكە هەڵپەسێردراوە و عەمید عابدین دەمێنێتەوە".

دواى کەمتر لەنیو کاتژمێر، ئاگاداركراینەوە لەوەی گۆڕانكارییەكە هەڵپەسێردراوە و عەمید عابدین دەمێنێتەوە

عەمید عابیدن نەجمەدین لەسەر پشكی كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە و عەقید عەباس-یش لە نەتەوەی توركمانە و نزیكە لە بەرەی توركمانییەوە.

"نامانەوێت عەمید عابدین لەو پۆستەدا بێت، چونكە بەرپرسیارێتى هەڵناگرێت و هەر روداوێك روبدات دەیخاتە ئەستۆی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی"، زەكی ئیبراهیم وایوت.

turkmann
كەركوك/ 20ی تشرینی یەكەمی 2020/ چەند وێنەیەكی سوتاندنی بارەگای بەرەی توركمانی لە پردێ

دوای ناڕەزایی لایەنگرانی بەرەی توركمانی لە ئێوارەی 20ی تشرینی یەكەم، لیژنەیەكی تر بۆ لێكۆلینەوە لە روداوی هێرشكردنە سەر بارەگای بەرەی توركمانی پێكهات و جارێكی تر لێپرسراوانی بەرەی توركمانی لە دورخستنەوەی عەمید عابدین نەجمەدین، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی پردێ ئاگاداركرانەوە. بەڵام ئەوەش چەند كاتژمێرێكی خەیاند و بڕیارەكە هەڵپەسێردرایەوە.

زەكی ئیبراهیم وتی "ئێمە پەیوەندیمان بەوەوە نییە كێ و چ نەتەوەیەك لەو پۆستە دەستبەكاردەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە خزمەت بكات...".

ئێمە پەیوەندیمان بەوەوە نییە كێ و چ نەتەوەیەك لەو پۆستە دەستبەكاردەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە خزمەت بكات

سەرچاوەیەکى ئەمنى لە پۆلیسی كەركوك كە ئاگاداری ئەو كێشەیەیە و لە نزیكەوە چاودێری دەكات، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەر داواکاریی لیوا عەلى کەمال، فەرماندەى پۆلیسى کەرکوک بڕیارى دەستبەکاربونى عەقید عەباس هەڵپەسێردرا و ئەرکى بەڕێوەبەرى بنکەى پۆلیسى پردێ درایەوە بە عەمید عابدین نەجمەدین".

سەرچاوەكە لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە، بۆیە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، جەختیكردەوە "لایەنگرانى بەرەى تورکمانى هەوڵى ئەوە دەدەن خۆپیشاندان ئەنجامبدەن لە دژى گەڕانەوەى عەمید عابدین نەجمەدین بۆ پۆستى بەڕێوەبەرى بنکەى پۆلیسى پردێ".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT