لەتیف رەشید بوو بە سەرۆك كۆمار و محەمەد سودانی دەبێتە سەرۆك وەزیرانی عیراق

بەغدا/ 13ـی تشرینی یەكەمی 2022/ لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری نوێ محەمەد شیاع سودانی، كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی كابینەی حكومەت رادەسپێرێت فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

كەركوك ناو

لەتیف رەشید، بە سەرۆك كۆماری عیراق لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا و محەمەد شیاع سودانی، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راسپارد.

هەڵبژاردنی رەشید لە دانیشتنێكی پەرلەمانی عیراق هات، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی تشرینی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای ساڵێك لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان.

هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە دوو خول بەڕێوەچوو: لە یەكەمیاندا لەتیف رەشید توانی لە كۆی 277 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 156 دەنگ بەدەستبهێنێت و لە بەرانبەردا، بەرهەم ساڵح، 99 دەنگی بەدەستهێنا، بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

بەپێی ماددەی 70ـی دەستور، پێویستە كاندیدی سەرۆك كۆمار سێیەكی دەنگی پەرلەمان (220 پەرلەمانتار) بەدەستبهێنێت ئەگەرنا لە خولێكی دیكەی دەنگداندا، خاوەنی دوو زۆرترین دەنگ دەچنە كێبڕكێوە و هەر یەكێكیان زۆرینەی سادەی دەنگی ئامادەبوانی كۆبونەوەكەی بەدەستهێنا، دەبێتە سەرۆك كۆمار.

بەپێی راگەیەندراوەكەی پەرلەمان، لە خولی دوەمی هەڵبژاردنەكەدا، لەتیف رەشید بە 162 دەنگ لە كۆی 242 پەرلەمانتاری ئامادەبوو توانی پۆستەكە بباتەوە و بەسەر بەرهەم ساڵح-ـدا سەربكەوێت، كە 99 دەنگی بەدەستهێنا.

بەرهەم ساڵح لە تشرینی یەكەمی 2018ـدا بوو بە سەرۆك كۆمار لە پشكی یەكێتیی و چوار ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە.

latif rashid (1)
بەغدا/ 13ـی تشرینی یەكەمی 2022/ كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی لەگەڵ لەتیف رەشید، دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار فۆتۆ: راگەیاندنی یەكێتی

لەتیف رەشید، هەرچەندە لەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەژمار دەكرێت، بەڵام كاندیدی فەرمی ئەو حزبە نەبوو، بەوپێیەی یەكێتی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری پێشتری كاندید كردبوو.

یەكێتیی و پارتی ساڵێكە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ناكۆكییان هەیە، تا پارتی ئەمڕۆ بە فەرمی كاندیدی خۆی، كە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم بوو، پاشەكشێی پێكرد و بڕیاریدا پشتگیری لەتیف رەشید بكات.

یەكێتی لە دوایین هەڵوێستی فەرمیدا، چوارشەممە 12ـی تشرینی یەكەم جەختیكردەوە تاكە كاندیدی ئەوان، بەرهەم ساڵح-ـە، ئەمڕۆ چوارشەممەش تا كۆتایی دەنگدان بە سەرۆك كۆمار، هیچ پشتگیرییەكی فەرمییان بۆ لەتیف رەشید رانەگەیاند.

بەڵام بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمشەو لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا، لە بەغدا، وتی لەتیف رەشید یەكێتییە و كاندیدی ئەوان بووە.

  • پرۆفایلی لەتیف رەشید
  • ساڵی 1944 لە سلێمانی لەدایكبووە
  • بڕوانامەی دكتۆرای لە ئەندازیاریدا هەیە
  • لە ساڵی 2003 تا 2010 وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق بووە
  • لە 2010ـەوە بۆتە راوێژكاری پێشكەوتوی سەرۆك كۆمار
  • ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی و هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە

سەرۆك كۆماری نوێی عیراق، دوای ئەوەی سوێندنی دەستبەكاربونی خوارد، محەمەد شیاع سودانی، وەك كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی راسپارد، وەك سەرۆك وەزیران و بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت.

سودانی چەندین مانگە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی، زۆرینەی لایەنە شیعییەكانەوە وەك كاندید دیاریكراوە و پێشتر رەوتی سەدر، بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر دژی كاندیدبونی وەستانەوە.

parlaman-7
بەغدا/ 13ـی تشرینی یەكەمی 2022/ دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

رەوتی سەدر كە زیاتر لە 70 پەرلەمانتاری هەبوو، لە دوای هەڵبژاردنەوە بە هاوبەشی لەگەڵ سونەكان و پارتی هەوڵیاندا كابینەی حكومەت پێكبهێنن، بەڵام بەهۆی ناكۆكی ناوماڵی شیعە و لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتنە رێككەوتن، بۆیە پەرلەمانتارەكانی دەستیانلەكاركێشایەوە و چەندینجاریش خۆپیشاندەرانی فراوانی ناڕەزاییان لە بەغدا و شارەكانی تر ئەنجامدا، دژی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی.

بەپێی ماددەی 76ـی دەستوری عیراق، پێویستە كاندیدی سەرۆك وەزیران لە ماوەی 30 رۆژدا، لە كاتی راسپاردنیەوە، پێكهاتەكەی حكومەتەكەی ئامادەبكات، ئەگەر سەركەوتوو نەبوو، ئەوا سەرۆك كۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا، دەبێت كاندیدێكی دیكە بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێرێت تا لە مانگێكدا كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمان و متمانەیان پێبدرێت.

  • پرۆفایلی محەمەد شیاع سودانی
  • لە ساڵی 1970 لە میسان لەدایكبووە
  • بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاری كشتوكاڵیدا بەدەستهێناوە
  • سێ خول توانیویەتی كورسی پەرلەمانی بباتەوە
  • لە دوو حكومەتدا، 2010 بۆ 2018، وەزیر بووە
  • پێشتر چەندین پۆستی هەبووە لە نێویاندا پارێزگاری میسان
  • رەوتی فوراتەین-ـی پێكهێنا و توانی لەیەكەم ئەزمونیاندا یەك كورسی ئێستای پەرلەمان بەدەستبهێنن و دواتر بەهۆی پڕكردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر بون بە خاوەنی سێ كورسی
  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT