پارەی نەوتی كەركوك نزیكەی سێ ملیار دۆلارە
هەناردە بە بۆری و تانكەر لە ساڵێكدا گەیشتۆتە 29 ملیۆن بەرمیل

كه‌ركوك/ 2014/ كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بە بۆری و تانكەر، لە ساڵی رابردودا زیاتر لە 29 ملیۆن و 456 هەزار بەرمیل بووە و داهاتەكەی بەپێی نرخی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، گەیشتۆتە زیاتر لە دوو ملیار و 825 ملیۆن دۆلار.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای به‌ بازاڕكردنی نه‌وتی عیراقی (سۆمۆ)، ساڵی 2022 هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بە بۆری بۆ بەندەری جیهان لە توركیا گەیشتۆتە 27 ملیۆن و یەك هەزار و 511 بەرمیل.

لە ساڵی 2022ـدا داهاتی فرۆشتنی كۆی نەوتی هەناردەكراوی كەركوك بە بۆری زیاتر لە دوو ملیار و 621 ملیۆن و 445 هەزار دۆلار بووە.

هەر لەو ساڵەدا و بە نۆ مانگ؛ بڕی دوو ملیۆن و 455 هەزار و 173 بەرمیل نەوتی خاو بە تانكەر رەوانەی ئوردون كراوە، داهاتەكەی گەیشتۆتە زیاتر لە 203 ملیۆن و 901 هەزار دۆلار.

بەرزترین ئاستی هەناردەی نەوتی پارێزگەكە لە ساڵی 2022ـدا كەوتۆتە مانگی ئایار؛ كە زیاتر لە سێ ملیۆن و 356 هەزار و 106 بەرمیل بووە و نزمترین ئاستی هەناردەش لە مانگی ئاب بووە، بە یەك ملیۆن و 109 هەزار و 528 بەرمیل.

زۆرترین بڕی داهاتی فرۆشتنی نەوت لە مانگی حوزەیراندا بووە، بە زیاتر لە 378 ملیۆن دۆلار و كەمترین داهاتیش كەوتۆتە مانگی ئاب، كە 101 ملیۆن و 38 هەزار دۆلار بووە.

هەناردەی نەوتی كەركوك لە 2022ـدا كەمیكردووە بەڵام داهاتەكەی زیادیكردووە بەراورد بە ساڵی پێشوتر؛ بەوپێیەی لە ساڵی 2021 كۆی هەناردەی نەوت زیاتر لە 35 ملیۆن بەرمیل بووە، بە داهاتی زیاتر لە دوو ملیار و 374 ملیۆن دۆلار.

هەروەها لە ساڵی 2020ـدا، كۆی هەناردەی نەوت 33 ملیۆن بەرمیل بووە بە داهاتی زیاتر لە ملیارێك و 196 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 2019ـیشدا هەناردەی نەوتی كەركوك زیاتر لە 33 ملیۆن بەرمیل بووە و داهاتەكەی گەیشتۆتە سەروو دوو ملیار و 33 ملیۆن دۆلار.

لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو هه‌یه‌؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور ‌و خەبازە كه‌ لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نه‌وت باكور سه‌ر به‌ حكومەتی عیراقیدان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT