دەنگی پوچەڵ لە دهۆك دووەم بوو
لە یەكێتی بردەوە و ركابەری دەنگەكانی پارتی بوو

دهۆك/ 16ـی كانونی یەكەمی 2023/ دەنگدەری ئاوارە بەدوای ناوەكانیاندا دەگەڕێن فۆتۆ: لەیس حسێن

عەمار عەزیز

لەو 28 سندوقەی دەنگدانی تایبەت لە دهۆك كە دەنگەكانیان نەنێردراون بۆ بەغدا و بەدەستی جیاكرانەوە، نزیكەی 4 هەزار دەنگی پوچەڵی تیابووە، ئەوەش نزیكە لەكۆی دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەمان ئەو 28 سندوقە كە 5 هەزار و 758 دەنگە.

نوسینگەی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم دەستیكرد بە جیاكردنەوەی دەنگی 28 سندوقی دەنگدانی تایبەت كە دەنگی ئاوارە و هێزە ئەمنییەكانی سەر بە حكومەتی عیراقی تێدایە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و بەهۆی چەند كێشەیەكی تەكنیكییەوە نەنیڕدرابون بۆ بەغدا، ئەمڕۆ هەینی پرۆسەكە كۆتایی هات.

خالید عەباس، لێپرسراوی نوسینگەی دهۆکی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە (كەركوك ناو)ی وت "لە کۆی 131 وێستگەی دەنگدانی تایبەتی ئەو 28 سندوقە، 4 هەزار دەنگی پوچەڵی تیابوو... هۆكارەكەی بۆ خودی دەنگدەر دەگەڕێتەوە و هەریەكەو بەهۆكارێك دەنگەكەی سوتابوو و بە پوچەڵ هەژماركران".

هۆكارەكەی بۆ خودی دەنگدەر دەگەڕێتەوە و هەریەكەو بەهۆكارێك دەنگەكەی سوتابوو

جەختیشكردەوە "پارتی دیموكراتی كوردستان بە 5 هەزارو 758 دەنگی یەكەمی دەنگدانی تایبەتی ئەو 28 سندوقەی لە دهۆك بەدەستهێناوە، دوای ئەوە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە دوو هەزار و 424 دەنگ".

ئەبو هەیسەم، چاودێری دەنگەكانی پارتی بوو لەكاتی جیاكردنەوەی دەنگدانی تایبەت لە دهۆك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئومێدێك هەیە پارتی بە پشتبەستن بە دەنگدانی تایبەت كورسییەكی تر لە پارێزگای نەینەوا بهێنێت و بیكاتە پێنج كورسی، بەڵام ئەوە ماوەتەوە سەر جیاكردنەوەی تەواوی دەنگی سندوقەكانی پارێزگای نەینەوا كە ئەوان هێشتا كارەكانیان تەواو نەبووە".

لە پارێزگای نەینەوا پارتی بە چوار كورسی هێزی دووەمە، لە دوای لیستی نەینەوا لی ئەهلیها كە پینج كورسی هەیە و پارێزگاری پێشوی نەینەوا نەجم جبوری سەرۆكایەتی دەكات.

لەبارەی بەڕێوەچونی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگدانی تایبەت لە دهۆك، خالید عەباس وتی "بەشێوەیەكی رێك و پێك بەڕێوەچوو، لایەنە سیاسییەکان و دەزگاكانی راگەیاندن، ئامادەبون و دەنگی هەر 28 سندوقەكە جیاكرانەوە".

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، ملیۆنێك و دوو هەزار و 393 دەنگدەر مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەبوو، ئەوەش دەكاتە رێژەی زیاتر لە سەدا 6ـی كۆی دەنگدەران، كە زیاتر لە 16 ملیۆن و 158 هەزار كەس بون.

لە نێو دەنگدەرانی تایبەتدا، 48 هەزار و 260 دەنگدەری ئاوارە هەبوون، كە هەموویان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانن، كە 120 وێستگەی دەنگدانیان لە 35 ناوەنددا بۆ كرابۆوە. زۆرینەشیان لە پارێزگای دهۆك بون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT