بۆ یەكەمجار لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر
داقوق؛ هێزێكی كۆماندۆی یەكێتی لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشدا بەشداربوو

كەركوك/5ی كانونی دووەمی 2024/ ئۆتۆمبێلێكی هێزی كۆماندۆ لەكاتی تێپەڕبونی لە داقوقەوە بە ئاراستەی كەركوك. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هێزێكی كۆماندۆی كوردستان سەر بە هێزەكانی 70ی یەكێتیی نیشتییمانی كوردستان بەشداریكردووە لە ئۆپەراسیۆنێكی دژە تیرۆری عیراق لە باشوری قەزای داقوق، ئەوەش بۆ یەكەمجارە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكۆتۆبەری 2017ەوە رودەدات.

ئەو هێزە بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای كەركوك، شەوی رابردوو 4ی كانونی دووەم چونەتە قەزای داقوق و لەوێوە بۆ گوندەكانی باشوری قەزاكە لەوانە چەمی رۆخانە و وادی شای، دواتر بە هاوبەشی لەگەڵ دژە تیرۆری عیراق ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجامداوە.

هاوكات شەوی رابردوو لە درێژەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، چەند مۆڵگەیەكی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عیراقەوە بۆردومانكران و بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە قەزای داقوق  بۆ (كەركوك ناو)، حەوت چەكداریی داعش كوژراون.

سەرچاوەكە جەختیكردەوە "هێزەكانی دژە تیرۆری عیراق و كۆماندۆ دوای بۆردومانەكە چونەتە ناوچەكە و هەر ئەوان پێشتر زانیاریی هەواڵگرییان هەبووە لە جموجۆڵی چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە بۆیە ناوچەكە بۆدومانكراوە و داعش كراونەتە ئامانج".

هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان چەند ساڵێك لەمەوبەر لەلایەن جەعفەر مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان – ئەوكات وەزیری پێشمەرگە بوو- پێكهێنرا و لە ئێستادا لە چوارچێوەی هێزەكانی 70ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا كاردەكەن كە راستەوخۆ فەرمان لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانەوە وەردەگرن.

هێزەكانی كۆماندۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 5ی كانونی دووەم، بە قەزای داقوق و بە ئاراستەی كەركوك گەڕاونەتەوە، چەند وێنەیەكی ساتی گەڕانەوەیان دەست (كەركوك ناو) كەوتووە.

بەشداریكردنی ئەو هێزە لەو ئۆپەراسیۆنە لە قەزای داقوق بۆ یەكەمجارە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە رودەدات، لەو رۆژەدا تەواوی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم پاشەكشێیان لە پارێزگای كەركوك كرد و هێزە عیراقییەكان جێگەیان گرتنەوە. 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT