بۆرییە كۆنەكەی عیراق – جەیهان ژیایەوە
نەوتی كەركوك بەبێ بۆرییەكەی هەرێمی كوردستان دەگاتە توركیا

كەركوك / تشرینی دوەمی 2026/ هێڵی گواستنەوەی نەوتی خاوی كەركوك بەرەو توركیا دوای نۆژەنكردنەوە و بە گەڕخستنەوەی فۆتۆ: وەزارەتی نەوت

كەركوك ناو

دوای 12 ساڵ وەستان، حكومەتی فیدراڵی هەناردەی نەوتی خاوی كەركوكی لەڕێی بۆریی كۆنی عیراق – توركیاوە دەستپێكردەوە، بە توانای 120 هەزار بەرمیل و پلان هەیە بیگەیەنێت بە نیو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.

وەزارەتی نەوتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا، 17ـی تشرینی دوەمی 2026، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی لەڕێی بۆری كۆنی نەوتبەری نێوان كەركوك بەرەو توركیا راگەیاند، دوای نۆژەنكردنەوەی لەلایەن تیمەكانیانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

ئەو بۆرییە 12 ساڵە نەوتی پێدا هەناردە نەكراوە، نزیكه‌ی 4000 كۆنی تێكرابوو له‌وكاته‌ی كه‌وتی ژێر هێرشی گروپه‌ چه‌كداره‌ جیاوازه‌كان لە ساڵی 2014ـدا و دواتر لە ساڵی 2018ـدا كه‌وته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عیراق و بڕیاردرا نۆژەن بكرێتەوە.

کۆمپانیای نەوتی باکور، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت هەناردەكردنەوەی نەوتی خاوی كەركوك لەڕێی بۆرییە كۆنەكەوە، كە تیرەی 46 ئینجە و بە درێژایی 345 كیلۆمەترە، بە توانای 120 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە و هەوڵدەدەن لە قۆناغی داهاتوودا بگاتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.

مێژوی دروستكردنی ئەو بۆرییە دەگەڕێتەوە بۆ چوار دەیە لەمەوبەر، كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك دەبەستێتەوە بە بەندەری جەیهانی توركیا لە كەناری دەریای ناوەڕاست و وادەكات عیراق بەبێ بۆری نەوتبەری هەرێمی كوردستان نەوت هەناردە بكات. بۆری نەوتبەری هەرێم كە لە ساڵی 2014ـەوە دروستكراوە، چەند ساڵێكە بۆ گواستنەوەی نەوتی كەركوك بەكاردەهێنرێت.

1788685454722-2f940de2a01964ae
كەشتییەكی نەوت هەڵگری عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی كۆمپانیای سۆمۆ

باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عیراق دەڵێت نۆژەنكردنەوەی بۆرییە كۆنەكە بە هەوڵی نیشتیمانی عیراقی بووە، تواناکانیان لە سیستەمی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتی خاودا بەهێزتر دەکات. زیاتر لە بەڵێنەكەی كۆمپانیای نەوتی باكور، ئەو جەختیکردەوە لە بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردن لە داهاتوودا بۆ 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

هەروەها رونیكردەوە كە بەگەڕخستنەوەی بۆرییە كۆنەكە، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ هەمەجۆری لە رێگا و دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەدەستهێنانی داهاتی دارایی زیاتر.

كارەكانی نۆژەنكردنەوەی بۆرییەكە لە ئاداری ئەمساڵ زیاتر چڕبۆوە، دوای ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عیراق له‌ گه‌روی هورمز راگیرا، به‌هۆی شه‌ڕی ئه‌مریكا و ئیسرائیل دژ به‌ ئێران.

موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ کاروباری وزە، لەگەڵ ئاماژەدان بە گرنگی بەگەڕخستنەوەی بۆرییەكە، ئاماژە بەوەدا كە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ زیادکردنی توانای هەناردەکردنی بۆرییەکە تا دەگاتە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بەپێی دوایین ئامار كە كۆمپانیای سۆمۆ بڵاویكردۆتەوە بۆ هەناردەی نەوت لە مانگی ئابی 2026ـدا، لە كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای كەركوكەوە، نزیكەی چوار ملیۆن بەرمیل هەناردە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە نیوەی لەڕێی بۆری نەوتبەری هەرێمی كوردستانەوە بووە.

لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو هه‌یه‌؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور ‌و خەبازە كه‌ لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نه‌وت باكور سه‌ر به‌ حكومەتی عیراقیدان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT