ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی یه‌به‌شه‌ و سوپای عیراق له‌ شنگال

نه‌ینه‌وا، 2016، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) له‌ قه‌زاكه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

هێزه‌كانی سوپای عیراق و یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، له‌سه‌ر بنه‌مای لێكتێگه‌یشتنێكی چه‌ند خاڵی گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی بۆ شنگال، دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو بارگرژیی و پێكدادان كه‌وته‌ نێوانیانه‌وه‌.

شه‌وی 17ی ئازار له‌ سنوری قه‌زای شنگال، پێكدادانی چه‌كداریی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ له‌ نێوان سوپای عیراقی و یه‌به‌شه‌ رویدا، به‌هۆیه‌وه‌ چوار كه‌س له‌ هه‌ردولا كوژران و ژماره‌یه‌كی تر برینداربون، دوای چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كیش شاندی هه‌ردوو هێز گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و بارودۆخه‌كه‌ هێوركرایه‌وه‌.

زه‌رده‌شت شنگالی، فه‌رمانده‌ی گشتی یه‌به‌شه‌ له‌ شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌گه‌ڵ سوپای عیراق گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتن بۆ هه‌موو شتێك، سوپای عیراق سوپای ئێمه‌یه‌ و ئێمه‌ هێزێكی فه‌رمین له‌ژێر چاودێری حه‌شدی شه‌عبی، ئێمه‌ گرێدراوین به‌ بڕیاره‌ و فه‌رمانه‌كانی فه‌رمانده‌یی خۆمانه‌وه‌".

سوپای عیراق سوپای ئێمه‌یه‌ و ئێمه‌ هێزێكی فه‌رمین له‌ژێر چاودێری حه‌شدی شه‌عبی

به‌وته‌ی شنگالی، "هه‌ندێك راپۆرت به‌ هه‌ڵه‌ گه‌یشتبونه‌ به‌غدا به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی راستییه‌كانیان زانی كه‌ ئه‌و ڕوداوانه‌ به‌ هه‌ڵه‌ لێكتێگه‌یشتن رویاندا، ئیتر هه‌موو شتێك رونبۆوه‌، ئه‌و بازگه‌یه‌شی ئاڵۆزی تێدا رویدا ئێستا له‌لایه‌ن هه‌ردو به‌هاوبه‌شی به‌رێوه‌ده‌برێت".

فه‌رمانده‌یی یه‌به‌شه‌، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وێرای راگه‌یاندنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سوپا، جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌وان به‌شێكن له‌ هێزه‌كانی عیراق و ئه‌ركیان پاراستنی ئارامی شنگاله‌، خوازیاریشن ئه‌و روداوانه‌ رونه‌ده‌نه‌وه‌.

هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌، له‌ دوای هێرشه‌كانی داعش بۆ شنگال له‌ 2014دا له‌ زۆرینه‌ی ئێزیدی پێكهێنراوه‌ و دوای به‌شداری له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌دا، له‌و سنوره باره‌گایان هه‌یه‌ و جێگیربون.

نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، سه‌ردانی سوپاسالای عیراق بۆ قه‌زای شنگال فۆتۆ: وه‌زاره‌تی به‌رگری

فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌سه‌ر سێ خاڵی سه‌ره‌كی رێككه‌وتن و یه‌كه‌میان به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی ‌نێوان سوپای عیراق و هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌یه‌ تا كاروباره‌ سه‌ربازییه‌كانیان به‌هاوبه‌شی بێت".

خاڵی دوه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌وته‌ی حامد ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌ بڕیار و راسپارده‌كانی به‌غدا جێبه‌جێبكه‌ن و له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌واندا بن، "سێیه‌میش ئه‌ویه‌ نابێت جارێكیتر روداوی كوشتن و ئاڵۆزی له‌نێوانیاندا روبداته‌وه".

قایمقامی شنگال رونیكرده‌وه‌ كه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ به‌غداوه‌ چۆته‌ شنگال بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی هۆكاری دروستبونی بارگرژییه‌كه‌ بون سزاده‌درێن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ ئارامی بارودۆخی شنگال دا له‌ ئێستادا و ئاشكراشیكرد چاوه‌ڕوانده‌كرێت لیوایه‌كی تری سوپای عیراقی ره‌وانه‌ی قه‌زاكه‌ بكرێت.

خاڵێكی رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی ‌نێوان سوپای عیراق و یه‌به‌شه‌یه‌

دۆسیه‌ی ئه‌منی شنگال، له‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی كه‌وتۆته‌ ده‌ستی چه‌ندین هێزی جیاواز و له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ سوپای عیراقی و حه‌شدی شه‌عبی بۆ سنوره‌كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، دوای كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی پێشمه‌رگه‌، به‌ ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌.

عوسمان غانمی، سوپاسالاری عیراق له‌ سه‌ردانێكدا بۆ شنگال، دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لێپرسراوان و نوێنه‌رانی ناوچه‌كه‌، بڕیاریداوه‌ هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی قه‌زاكه‌ بكرێت، به‌ ئامانجی به‌دیهێنانی ئاسایش و كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك ته‌نیا له‌ ده‌ستی هێزه‌كانی وڵاتدا.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی كه‌ دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ی سوپا و یه‌به‌شه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، بارودۆخی شنگال ته‌واو سه‌قامگیره‌ و ئارامی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

شوكر مه‌لحه‌،م به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قه‌حتانیه‌ له‌ قه‌زای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هیچ لیوایه‌كی نوێی سوپا نه‌هاتووه‌ بۆ قه‌زاكه‌.. سوپا دوو لیوای هه‌یه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا، لیوای 72 له‌ ناحیه‌ی سنونێ و لیوای 92یش له‌ سه‌نته‌ری شنگال و ناوچه‌ی سكێنی".

قه‌زای شنگال، له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌ و ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی مادده‌ی 14ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT