لە دوایین شه‌وی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی كه‌ركوك دژی گرانی نرخی كاره‌با، په‌یامێك ده‌گه‌یه‌نرێته به‌غدا کە "خه‌ریكه دۆخه‌كه له كۆنترۆڵ ده‌رده‌چێت"، په‌یامه‌كه هۆشداریی ئه‌وه‌شی تیا بووه كه مه‌ترسیی ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و گۆڕینی ئاڕاسته‌كه‌ی ده‌كرێت و "پێویسته كارێك بكرێت".
له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامه‌دا كه له‌ڕێی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه به‌نهێنی گه‌یه‌نرایه ده‌سه‌ڵات، حكومه‌ت بڕیاریدا به‌شه كاره‌بای نیشتیمانی كه‌ركوك زیاد بكات و گازی پاڵپشتیكراوی زیاتر بۆ مۆلیده ئه‌هلییه‌كان ته‌رخان بكات، له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی ئه‌مپێری كاره‌با له 18 هه‌زار دیناره‌وه بۆ 13 هه‌زار دینار.
خۆپیشاندانی دوو شه‌وی رابردووی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك، زۆرێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌ی گرته‌وه و دوایین شه‌و به سوتاندنی تایه و كردنه‌وه‌ی ئاگر و دروشم ووتنەوە دژی لێپرسراوانی شار په‌ره‌یسه‌ند و هاتوچۆ له هه‌ندێك ناوچه په‌كخرا؛ ورد ورده‌ش له هه‌ندێك شوێن به‌ره‌و ئاڵۆزی و پێكدادان سه‌ری كێشا.
سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زاییه‌كان
ده‌ستپێكی ئه‌و خۆپیشاندانه دوای ئه‌وه هات كه قایمقامیه‌تی كه‌ركوك له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا له نیوه‌ڕۆی یه‌كی تشرینی دووه‌م، نرخی ئه‌مپێری مۆلیده ئه‌هلییه‌كانی به 18 هه‌زار دینار دیاریكرد.
ئه‌و كۆنگره‌یه به فراوانی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه و ناڕه‌زایی به‌دوادا هات، هه‌مان شه‌و خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستیانپێكرد.
ئه‌حمه‌د ره‌مزی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، یه‌كه‌م كه‌سایه‌تی شار بوو، هاته ده‌نگ و ئه‌و نرخه‌ی بۆ ئه‌مپێری مۆلیده ئه‌هلییه‌كان ره‌تكرده‌وه، به خه‌ڵكی كه‌ركوكی وت "پاره‌ی مۆلیده مه‌ده‌ن، با بیانكوژێننهوه و نامانه‌وێت". ره‌مزی هه‌ڕه‌شه‌ی كرد "ئه‌و نرخه قابیلی قبوڵ نییه و لێكۆڵینه‌وه له‌م بابه‌ته ده‌كه‌ین". هه‌روه‌ها داوای لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا کرد " خێرا دەستوەردان بکات".
دوابه‌دوای ئه‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه، خۆپیشاندان له سێ گه‌ڕه‌كی كه‌ركوك كه تێكه‌ڵبون له پێكهاته جیاوازه‌كانی شار (عه‌ره‌ب، كورد و توركمان) دهستییپێكرد. له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا رابیته‌ی مۆلیده ئه‌هلییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی كرد "مۆلیده‌كان ده‌كوژێنینه‌وه ئه‌گه‌ر نرخه‌كه له 18 هه‌زار دینار كه‌مبكرێته‌وه".
محه‌مه‌د جەلیل، پیشه مامۆستا، یه‌كێك له خۆپیشانده‌رانی گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه له كه‌ركوك، وتی "ده‌بێت خه‌ڵك له‌سه‌ر مافی خۆی بێته ده‌نگ و نوێنهرهكانیشمان له ئه‌نجومه‌ن و په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی جدیی-یان هه‌بێت و دژی ئه‌م نادادپه‌وه‌رییه بوه‌ستنه‌وه".
له كاردانه‌وه‌ی فراوانبونی خۆپیشاندانهكەدا، محه‌مه‌د سه‌معان، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت – هێشتا ده‌ستی له پۆستی پارێزگار نه‌كشاندۆته‌وه-، له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كه‌ركوك كرد، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلە ساز بکەن بۆ تاوتوێکردنی ئه‌و كێشه‌یه "لەبەردەم رای گشتی و دەزگاکانی راگەیاندندا".
هه‌مان شه‌و محه‌مه‌د حافز، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، داوای له به‌غدا كرد، ده‌ستوه‌ردان بكات بۆ بۆ چارەسەرکردنی ئه‌و كێشه‌یه و وتی "دەبێت وەزارەتی نەوت، سوتەمەنی (گاز) بۆ مۆلیده ئه‌هلییه‌كان دابین بکات".
كرۆكی كێشه‌كه له ئەوەوە سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئه‌و به‌شه گازه پاڵپشتیكراوهی حكومه‌ت به نرخی كه‌متر (450 دینار بۆ هه‌ر لیترێك) به مۆلیده ئه‌هلییه‌كانی ده‌دات، به‌شی ته‌نیا 10 رۆژی كارپێكردنی مۆلیده ئه‌هلییه‌كان ده‌كات، به‌پێی رابیته‌ی مۆلیده ئه‌هلییه‌كان.
بۆ 20 رۆژی تری كارپێكردنی مۆلیده‌كان، خاوه‌ن مۆلیده‌كان ناچارن به‌نزینی بازرگانی بكڕن، كه نرخه‌كه‌ی 1350 دیناره و به‌رمیلی ده‌گاته 270 هه‌زار، له‌كاتێكدا له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ به 120 هه‌زار دینار بوو.
چاره‌سه‌رکردن یان قوڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كه
له‌كاتێكدا قایمقامیه‌تی كه‌ركوك له‌ژێر فشاری خۆپیشانده‌راندا، نرخی ئه‌مپێری مۆلیده ئه‌هلییه‌كانی بۆ 15 هه‌زار دینار كه‌مكرده‌وه، به‌ڵام نرخه‌كه له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و خاوه‌ن مۆلیدهكانیش ره‌تكرایه‌وه و هه‌ردولا به‌جیا درێژه‌یان به خۆپیشاندانه‌كانیاندا.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له 2ی تشرینی دووه‌م، كۆبونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ساز کرد و بڕیاریدا نرخه‌كه بۆ 13 هه‌زار دینار دابه‌زێنێت، لهكاردانهوهدا به‌شێك له خاوه‌ن مۆلیده‌كان، مۆلیده‌كانیان كوژانده‌وه، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ی پۆلیسی كه‌ركوك بۆ ده‌ستگیركردنیان.
كوژاندنه‌وه‌ی مۆلیده‌كان، گڕی له شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك به‌ردا و له شه‌وی دووه‌مدا خۆپیشاندانه‌كان زۆرینه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی گرته‌وه. ئه‌وه‌ش ترسی هێزه ئه‌منییه‌كانی زیاتر كرد و فه‌رمانده‌ی پۆلیسی كه‌ركوك، خۆی راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه‌ی ده‌كرد و هێزی له نێو شه‌قامه‌كاندا بڵاوه‌پێكرد.
به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركوك، له‌و شه‌وه‌دا فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركوك هۆشداریی به‌لایه‌نه‌كان داوه كه مه‌ترسی هه‌یه دۆخه‌كه له كۆنترۆڵ ده‌ربچێت، "په‌یامه‌كه ئاڕاسته‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك و هه‌موو لایه‌نه‌كانی به‌شدار له پێكهاته‌ی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك كراوه".
دوابه‌دوای ئه‌و په‌یامه، لایه‌نه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كه‌ركوك به‌كارهێنا و حكومه‌تی عیراقیان له‌و مه‌ترسییانه ئاگاداركردۆته‌وه، به‌تایبه‌ت گومانیان هه‌بووه "كه‌سانی نامۆ تێكه‌ڵ به خۆپیشاندانه‌كان ببن و به ئاڕاسته‌ی تردا بیبه‌ن".
حكومه‌تی عیراق هه‌مان شه‌و بڕیاریدا 150 مێگاوات كاره‌بای كه‌ركوك زیاد بكات له 650 مێگاواته‌وه بۆ 800 مێگاوات. له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا، هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستگیركردنی خۆپیشانده‌رانیان دەستپێکرد.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی وتی "15 خۆپیشاندەر بە تۆمەتی سوتاندن و شكاندنی كەرەستە و موڵكی گشتی لە كاتی ناڕەزاییەكاندا دژی گرانی نرخی كارەبای مۆلیدە دەستگیركراون".
هه‌ر له‌و شه‌وه‌دا، ئیداره‌ی كه‌ركوك، هێزێكی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوكی به‌ره‌و ناو شار جوڵه پێكرد، له‌پاڵ پۆلیسی ناوخۆیی به‌شداریانكرد له كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه.
محه‌مه‌د سه‌معان، كه سه‌ره‌ڕای وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری ده‌وڵه‌ت له حكومه‌تی عیراق، ده‌ستی له پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك نه‌كێشاوه‌ته‌وه و له پشكی توركمان شه‌ش مانگه له‌و پۆسته‌دایه، له رونكردنه‌وه‌یه‌كی تری‌دا دوابه‌دوای فراوانبونی خۆپیشاندانه‌كان، وتی كه وروژاندنی ئەو قەیرانە ئامانج لێی په‌لاماردان و لاوازکردنی پارێزگارە تورکمانەکەی کەرکوكه و وتی "کێشەی كاره‌با لە ئیدارەی خۆجێی کەرکوکدا نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کەمیی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی و کەمبونەوەی پشکی سوتەمەنی (گاز)ـەوە هەیە".
وتیشی "ئەگەر گاز بە خۆڕایی بۆ خاوەن مۆلیدەکان دابین بکرايه، ئەوا نرخی یەک ئەمپێر تەنها سێ هەزار دینار دەبوو". له‌گه‌ڵ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی خۆپیشاندان مافێکی دەستوری و رەوایه، "به مەرجێک پارێزگاری لە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت بکرێت و دەست بۆ هێزە ئەمنییەکان نەبرێت".
ساماڵ بازیانی، مامۆستای ئایینی، یه‌كێك له خۆپیشانده‌ران وتی "هاتوین بۆ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ده‌رببڕین و ده‌نگی خه‌ڵك به‌گوێی ده‌سه‌ڵات بگه‌یه‌نین".
ساماڵ وتی "خه‌ڵك له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا روبه‌ڕوی كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ كراوه‌ته‌وه، دۆلار به‌رزكرایه‌وه و نرخی كاڵا و شتومه‌ك زیادی كرد، هه‌لی كار نییه و نرخی كاره‌بایان به‌رزكردۆته‌وه، ئه‌مه هه‌موی بۆته هۆی ناڕه‌زایی هاوڵاتیان و خه‌ڵك ئازاری پێگەیشتووە".
ده‌رزی ئازارشكێن
دوای نیوه‌ڕۆی سێشه‌ممه، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، له‌گه‌ڵ نوێنەرانی کەرکوک له حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عیراق كۆبۆوه و هه‌ر له‌وێ بڕیاریدا بە دابینکردنی 5 ملیۆن لیتر گاز و زیادکردنی 150 مێگاوات کارەبا بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کارەبا لە کەرکوک.
خالد شوانی، وەزیری داد دوای بەشداریكردنی لە کۆبونەوەكه‌ی زه‌یدی و دەربارەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژی نرخی کارەبای مۆلیدە، لە بەیاننامەیەکدا وتی "سەرۆک وەزیران بڕیاریداوە بە دابینکردنی هەلی کار بۆ خەڵکی کەرکوک لەلایەن ئەو کۆمپانیا بیانییانەی کە لە پارێزگاکەدا کار دەکەن".
ئیداره‌ی كه‌ركوك و حكومه‌ت كێشه‌ی ئه‌م مانگه‌ی كاره‌بایان چاره‌سه‌ركرد، ئه‌ویش له كۆبونه‌وه‌یه‌كی رابیته‌ی مۆلیده ئه‌هلییه‌كانی كه‌ركوك به ئاماده‌بونی قایمقامیه‌تی كه‌ركوك و فه‌رمانده‌یی پۆلیس و ئیداره‌ی كه‌ركوك. چاره‌سه‌ره‌كه بریتییه له‌وه‌ی بۆ ئه‌م مانگه ته‌نیا 13 هه‌زار دینار له هاوڵاتیان وه‌ربگیرێت، به‌ڵام له‌سه‌ر كاغه‌ز هه‌ر ئه‌مپێرێك به 24 هه‌زار دینار دانراوه.
به‌پێی رابیته‌ی مۆلیده ئه‌هلییه‌كانی كه‌ركوك ئه‌و 11 هه‌زار دیناره‌ی كه ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز هه‌یه، وه‌كو قه‌رز له‌سه‌ر هاوڵاتیان ده‌مێنێته‌وه و رون نییه كه‌ی هاوڵاتیان ده‌یده‌نه‌وه.
خۆپیشاندانه‌كانی كه‌ركوك په‌ڕه‌یه‌كی تری هه‌ڵدایه‌وه كه تایبه‌ته به‌و بۆشاییه كارگێڕییه‌ی له كه‌ركوك دروستبووه و تایبه‌ته به پۆستی پارێزگار، دوای ئه‌وه‌ی مانگی رابردوو محه‌مه‌د سه‌معان وه‌كو وه‌زیری ده‌وڵه‌ت سوێندنی یاسایی خوارد، به‌ڵام هێشتا ده‌ستی له پۆستی پارێزگار نه‌كشاندۆته‌وه.
نوسینگەی عه‌لی زەیدی لە بەیاننامەی کۆبونەوەی سێشه‌ممه‌دا، دەڵێت "پێویستە پەلە بکرێت لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و کۆتاییهێنان بە بۆشایی ئیداری".
له به‌یاننامه‌یه‌كدا محه‌مه‌د سه‌معان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، ده‌ڵێت "كاتێك كه میوانێك دێته كه‌ركوك زۆرێك ده‌رده‌كه‌ون و ده‌ڵێن محه‌مه‌د سه‌معان نابێت پێشوازییان لێ بكات، چونكه پارێزگار نییه و وه‌زیره، به‌ڵام كاتێك قه‌یرانێك رووده‌دات هه‌مووی داوام لێده‌كه‌ن وه‌كو پارێزگار ئه‌و قه‌یرانه چاره‌سه‌ر بكه‌م".
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیداریی له دیوانی پارێزگار وتی "هێشتا كێشه‌ی قه‌یرانی كاره‌با له كه‌ركوك بە ته‌واوی چاره‌سه‌ر نه‌بووە، ده‌بێت بزانین تاكه‌ی ئه‌و 150 ئه‌مپێره‌ی حكومه‌تی عیراق بۆ كه‌ركوك به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌شه گازه زیادكراوه‌كه بۆ چه‌ند مانگه... هه‌ركاتیش پرسی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و 11 هەزار دیناره سه‌رهه‌ڵبداته‌وه، گوماندهكهین ناڕه‌زاییه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه، بۆیە پێویسته چاره‌سه‌ری بنەڕەتی بدۆزینه‌وه".