15 پرۆژه‌ی له‌ كه‌ركوك راگه‌یاند
راكان جبورى: جیاوازی له‌ نێوان گه‌ڕه‌كه‌كاندا ناكه‌ین

كه‌ركوك، ئابی 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك له‌باره‌ی پرۆژه‌كانی شاره‌كه‌وه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

 سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت كاركردنی له‌ 15 پرۆژه‌دا راگه‌یاند به‌ گوژمه‌ی 100 ملیار دینار و جارێكیتر جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، له‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌كاندا جیاوازی له‌ نێوان هیچ گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌یه‌كی پارێزگاكه‌دا ناكه‌ن.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، راكان جبوری ئاماژه‌ی به‌ به‌شێك له‌ پرۆژه‌كانی ئه‌مساڵی كه‌ركوك كرد، له‌ نێویاندا خوێندنگه‌ و نه‌خۆشخانه‌، جگه‌ له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ پرۆسه‌كانی ئاوه‌دانی ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان.

پارێزگاری كه‌ركوك له‌ كۆنگره‌كه‌دا سوپاسی سه‌رۆكوه‌زیرانی كرد بۆ بڕیاری كاركردن له‌ پرۆژەی ئاوی كەركوك دوو، كه‌ به‌وته‌ی ئه‌و، له‌گه‌ڵ ته‌واوبونیدا كێشەی كەمئاوی له‌ بەشێكی گەڕەكەكانی كەركوك چارەسەر دەبێت.

"دەربارەی خزمەتگوزارییەكان ئەمڕۆ كار لە 15 پڕۆژەدا دەكەین بە گوژمەی 100 ملیار دینار، پڕۆژەكان بەشێوەیەكی گشتی پڕۆژەی گەوره‌ و گرنگن كە لە پرد و ڕێگاوبان و رێگای لاوەكی خۆی دەبینێتەوە، له‌گه‌ڵ بنكەی تەندورستی و قوتابخانە".

راكان جبوری جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "پڕۆژەكان زۆربەی گەڕەكانی كەركوك دەگرێتەوە، به‌بێ جیاوازی، كار لە شارۆچكە و قەزاكانیش دەكرێت له‌ هەموو رویەكه‌وە بە تایبەت لە خزمەتگوزاری و كه‌رتی كشتوكاڵیدا".

به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركوك، بودجه‌ی پارێزگاكه‌ ده‌گاته‌ 313 ملیار دینار و نزیكه‌ی 430 پرۆژه‌ی پێ ئه‌نجامده‌درێت و 20 هه‌زار هه‌لیكار ده‌ره‌خسێنێت، له‌كاتێكدا به‌وته‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، هه‌مو ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت ده‌گاته‌ 500 ملیار دینار.

له‌باره‌ی فڕۆكه‌خانه‌وه‌ی كه‌ركوكه‌وه‌، كه‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ كاركردن تێیدا به‌رده‌وامی هه‌یه‌، جبوری وتی "سه‌دا 90ی كارەكانی فڕۆكەخانەی كەركوك بە كۆتا گەیشتووە، سەرۆكوەزیرانیش بەڵێنی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی پێداوین".

به‌وته‌ی پارێزگاری كه‌ركوك، رێكخراوی یونسكۆ، لە داهاتوودا هەڵدەستێت بە نۆژەنكردنەوەی بەشێكی قەڵای كەركوك بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارە و شوێنه‌واری كەركوك.

حكومه‌تی عیراق، بۆ چه‌ند ساڵێك ناردنی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی كه‌ركوكی راگرت، به‌هۆیه‌وه‌ شاره‌كه‌ روبه‌ڕوی كێشەی دارایی بۆوه‌ و سەرجەم پڕۆژەكان وەستێنران، تا له‌ یه‌ك ساڵی رابردودا به‌دوو جار بودجه‌ ره‌وانه‌ كراو و به‌شێكی ته‌رخانكرا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان دوو له‌ چاودێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT