پۆلیسی كەركوك:
هیچ كارمەندێكمان لەسەر پرسی ریفراندۆم بۆ لێكۆڵینەوە بانگهێشتنەكراوە

كەركوك/2019/ هێزێكی پۆلیس لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینی ناو شاردا فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

كەركوك ناو

عەمید ئەفراسیاو کامیل، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، رەتیدەكاتەوە هیچ كارمەندێكیان لە بنكەی پۆلیسی عەرەفە لەسەر بەشداریكردنیان لە پرسی ریفراندۆم بانگهێشتی كاروباری ناوخۆ كرابن بۆ لێكۆڵینەوە، لەگەڵئەوەشدا دەڵێت "ئەگەر شتی وا هەیە دەتوانن سكاڵا بكەن".

لە ژمارەیەك پەیج و ئەكاونت لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، شەوی رابردوو زانیارییان لەسەر "بانگهێشتكردنی ژمارەیەك پۆلیسی كورد" لە بنكەی پۆلیسی عەرەفە بۆ كاروباری ناوخۆ بڵاوكردەوە، گوایا بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان و بەتۆمەتی ئەوەی بەشدارییان لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك.

عەمید ئەفراسیاو کامیل، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەنگۆی بانگهێشتکردنی ژمارەیەك پۆلیسی بنکەی عەرەفە لە نەتەوەی کورد بۆ بەردەم کاروباری ناوخۆ بەبیانوی بەشداربونیان لە ریفراندۆم راست نییە"، جەختیشیكردەوە "ئێمە ئاگاداری بابەتێکی لەو جۆرە نین، ئەگەر هەر پۆلیسێکیش رێکاری وای بەرامبەر گیراوەتەبەر ئەوە دەتوانێت سکاڵای خۆی بهێنیتە لای ئێمە و كێشەكەی بۆ چارەسەر دەكەین".

ئێمە ئاگاداری بابەتێکی لەو جۆرە نین، ئەگەر هەر پۆلیسێکیش رێکاری وای بەرامبەر گیراوەتەبەر ئەوە دەتوانێت سکاڵای خۆی بهێنیتە لای ئێمە

هەروەها وتی "پێموانییە وەزارەتی ناوخۆ بەو بیانوە پۆلیسی کورد بانگهێشت بکات و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکات، چونکە پرسی ریفراندۆم بۆتە رابردوو و پێشتریش ئەو گرژییەی بەهۆی ریفراندۆمەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا دروستبوو بوو رەوییەوە، ئێستا شاندی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا دەکات بۆ چارەسەركردنی ۆكی كێشەكان، بۆیە ئەو جۆرە رێکارانە ئەگەرێکی دورن".

حكومەتی عیراق، بە پاساوی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك كە لە 25ی ئەیلولی 2017 ئەنجامدرا، هێرشیكردە سەر كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك لە 16ی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ و بۆ تەواوی ناوچەكان گەڕایەوە، بەهۆیەوە كورد 100 پۆستی لە ناوچەكانی جێناكۆك لەدەستدا، كە زۆرینەیان ئەمنین.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT