فەوجێكی حەشدی شەعبی لە داقوق جێگیربون

داقوق/2017/ ناوەندی شار فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد ئەڵماس – داقوق

فەوجێكی كردە تایبەتییەكانی حەشدی شەعبی لە سنوری داقوق جێگیربون و ئەركی گرتنەدەستی دۆسیەی ئەمنی گوندی زه‌ینلعابدین-یان گرتەدەست.

ئەو فەوجە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا و لە نزیك مەزاری زه‌ینلعابدین جێگیربون، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ هاتنی مانگی محەرەم كە پەیڕەوانی شیعە مەزهەب سەردانی مەزارەكە دەكەن.

حسێن دروێش، فەرماندە لە لیوای 16ی هێزەكانی حەشدی شەعبی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم فەوجە پێشتر ئەركەكەی لە فڕۆکەخانەى کەرکوک بوو، بەڵام لەگەڵ تێكچونی بارودۆخى ئەمنى قەزاى داقوق و بەتایبەت دواى روداوەکەى زەینلعابدین، گواستراینەوە بۆ داقوق و ئەرکى پاراستنی دەوروبەرى گوندى زەینلعابدین-یمان پێ سپێردرا".

لە شەوی 24ی ئاب، بەهۆی بۆردومانی هاوەن، تەقینەوەی بۆمب و دەستڕێژی گولـلە حەوت مەدەنی لە گوندی زه‌ینلعابدین كوژران و نزیكەی 10ی تریش برینداربون. بەهۆیەوە ناڕەزایی نوێنرەانی خەڵكی ناوچەكەی بەدواداهات و داوای هێزی زیاتریان كرد.

حسێن دەروێش وتیشی "قەزاکە پێویستى بەهێزى زیاتر هەیە، بەتایبەت لەم مانگەدا، چونکە پەیڕەوانى شیعە مەزهەب روو لە مەزاری زەینلعابدین دەكەن و قەرەباڵغییەكی زۆر دروستدەبێت بەهۆی مەراسیمەكانەوە".

زەینلعابدین، بەپێی گێڕانەوەكان، كوڕی حسێن كوڕی عەلی كوڕی تالیب-ەو لەساڵی 38ی کۆچی لە مەدینە لە دایكبووە و 57 ساڵ ژیاوە. یەكێك لە مەزارەكانی لە قەزای داقوقە و ساڵانە شیعەكان لە هەموو عیراقەوە سەردانیان دەكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT