كەركوك لە ژێر رەحمەتی پشكپشكێنەدا
عەرەب و توركمان ململانێیەكی نوێ بۆ "هاوسەنگی" لە فەرمانگەكاندا دەستپێدەكەن

وێنەی دەستەڕاست، ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەرەی توركمانی و دەستەچەپ، وێنەی موهەیمەن حەمدانی، پەرلەمانتاری تەقەدوم

كەركوك ناو

لە كاتێكدا نوێنەرێكی پێكهاتەی عەرەب لە بەغداوە، هەوڵدەدات گۆڕانكاری لە تەندروستی كەركوكدا بكرێت بە پاساوی نەبوونی هاوسەنگی نەتەوەیی، لە بەرانبەردا، بەرەی توركمانی كە پێیوایە لەو هەنگاوەدا بەئامانج گیراوە، دەیەوێت پرۆسەكە فەرمانگەكانی دیكەش بگرێتەوە.

ئەو ململانێ نوێیە دەربارەی كەركوك بە نوسراوێكی موهەیمەن حەمدانی، پەرلەمانتاری تەقەدوم بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عیراق دەستیپێكرد لە 9ـی حوزەیرانی 2026، بە ئامانجی پێكهێنانی لیژنەیەك لەڕێی وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ هاوسەنگی وەزیفی لە تەندروستی پارێزگاكە، تا هاوسەنگی و دادپەروەری لە نێوان پێكهاتەكاندا بەدیبهێنێت.

نوسراوەكە، كە سەرۆكی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر داوە، تیایدا حەمدانی ئاماژەی كردووە بە ئامارێكی سەبارەت بە رێژەی هەر نەتەوەیەك لە تەندروستی، بەجۆرێك سەدا 54 توركمانن، سەدا 39 كورد و تەنیا سەدا 7 لە پێكهاتەی عەرەب پێكهاتوون. بەڵام رونی نەكردۆتەوە ئەو دابەشكارییە لە بەڕێوەبەر و بەشەكان و لێپرسراوێتییەكاندایە یان هەموو فەرمانگەكەی بە گشتی هەژماركردووە، هەروەها باسی سەرچاوەی ئامارەكەی نەكردووە.

تەندروستی كەركوك یەكێكە لەو فەرمانگانەی بەڕێوەبەرەی لە پشكی توركمانە.

ناكۆكی لەسەر بەڕێوەبردن و دابەشكردنی پۆست لە كەركوك، مێژویەكی دورودرێژی هەیە، هەرچەندە بەپێی ماددەی 35ـی تایبەت بە پارێزگای كەركوك هاتووە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەمواركراو؛ دەسەڵات لە كەركوك بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت، كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

بەڵام نوێنەرەكەی عەرەب لە بەغدا، پێیوایە لە تەندروستی كەركوك، پێكهاتەكەی مافی پێنەدراوە و داوایكردووە، رێكاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ گرەنتی بەدیهێنانی هاوسەنگی و دادپەروەری لە نێوان هەموو پێكهاتەكاندا لە دامەزراندن و پۆستە ئیدارییەكانی ئەو فەرمانگەیەدا.

هەر پشكپشكێنەیەی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك، وەك (كەركوك ناو) لە بەدواداچونێكدا بڵاویكردەوە، یەكێكە لە هۆكارەكانی پەكخستنی پرۆسەی دامەزراندنی زیاتر لە حەوت هەزار گرێبەست، كە لە 2023ـەوە بەپێی یاسای بودجەدا جێگیركراوە و هێشتا لە كەركوك چارەنوسی نادیارە.

ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەرەی توركمانی، لە پەیامێكدا كە 9ـی حوزیران لە فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە لە وەڵامی موهەیمەن حەمدانی، بە پەندێكی عەرەبی دەستپێكردووە كە ئاماژەیە بۆ ئەوەی توانای درکپێکردنی راستی روداوەکانی نییە و نازانێت چۆن کێشەکانی چارەسەر بکات.

هەروەها دەستخۆشی لە هەنگاوەكەی حەمدانی دەكات بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی بەدیهێنانی هاوسەنگی، داوادەكات ئەو هەنگاوە، فراوانتر و هاوسەنگتر بێت، ژمارەیەك فەرمانگەی سەرەكی دیكەی كەركوك بگرێتەوە.

رەمزی چەند نمونەیەكی هێناوەتەوە، نوسیویەتی "فەرمانگەی تەندروستی كەركوك كە توركمان رێژەیەكی زۆری پۆستەكانی بەڕێودەبات، فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك كە پێكهاتەی عەرەب رێژەی زۆری پۆستەكانی بەڕێودەبات لەگەڵ شارەوانی كە زۆربەی پۆستەكانی لای پێكهاتەی كوردە".

ئەو ناكۆكییە لە كاتێكدایە بەرەی توركمانی و تەقەدوم، دوو لایەنی سەرەكیین لە پێكهێنان و ئیدارەدانی پارێزگای كەركوك، لە پاڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكو لایەنی كوردی، ئەوەش دوای ئەوە بەدیهات توركمان لە نیسانی ئەمساڵدا و لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكاندا، پۆستی پارێزگاری وەرگرت، دواتر سەرۆكایەتی دوو لیژنەی ئەنجومەنی پارێزگای پێدرا، یەكێكیان لیژنەی "هاوسەنگی"ـیە.

xopkurd (1)
كەركوك/ خۆپیشاندەرێك داوای دادپەروەری دەكات فۆتۆ: كەركوك ناو

ئێستا پۆستە باڵاكانی كەركوك بەمشێوەیە: پارێزگار توركمان و دوو جێگرەكەی یەكێكیان كورد و ئەویتر عەرەبە، لە چوار قایمقامی پارێزگاكە، قەزای ناوەندی و داقوق لای كوردە، دوبز و حەویجە لای عەرەبە، هەروەها بەڕێوەبەری فەرمانگەكان زۆرینەی لای ئەو سێ پێكهاتەیە.

بەڵام كریستیان كە پێكهاتەیەكی سەرەكی پارێزگای كەركوكن، كەمتر رۆڵیان هەیە لە ئیدارەدانی پارێزگاكەدا، بەپێی ئامارێك كە پێشتر (كەركوك ناو) بڵاویكردەوە لە كۆی فەرمانگە حكومییەكاندا تەنیا بەڕێوەبەری بینا و پڕۆژەكانی بەدەستەوەیە لەگەڵ چەند پۆستێكی دیكە لە ئاستی یاریدەدەر و راوێژكار.

ململانێ نوێیەكە هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكان بۆ گۆڕانكاری لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكاندا، بەوپێیەی ئەنجومەنی پارێزگا، لە ئایاری ئەمساڵ، دەنگیدا لەسەر گۆڕینی بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگە حكومییانەی چوار ساڵیان لە پۆستەكانیاندا تەواو كردووە، ئەگەر بە وەكالەت بێت یان هەمیشەیی، بە مەرجێك كاندیدی نوێ بۆ پۆستەكە لە هەمان نەتەوەی بەڕێوەبەرە لابراوەكە بێت، لەگەڵ مەرجەكانی دیكەی تایبەت بە لێهاتوویی و دەستپاكی.

رەمزی دەڵێت ئەگەر پرۆسەكە گشتگیرتر بێت، ئەوا دەبێتە هۆی گەیاندنی پەیامێكی ئەرێنی و روون بە هەموو خەڵكی كەركوك كە ئامانجیان بەدیهێنانی دادپەروەرییە بۆ هەموو پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی.

لایەنەكانی عەرەب لە ئەنجومەنی پارێزگا كوتلەكانیان یەكخستووە و لە راگەیەندراوی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكەشیاندا ئاماژەیان بەوەدا ئامانجیان پارێزگارییە لە ماف و شایستەكانی پێكهاتەكە لە كەركوك.

محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێشتر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (كەركوك ناو) دانی بەوەدانا لە چوارچێوەی پێكهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگاكەدا عەرەب زیاتر لە جاران پۆستی هەیە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و خودی ئیدارەی كەركوك، لە 21 ساڵی رابردوودا، لەڕێی چەندین لیژنەی جیاواز و بڕیارەوە هەوڵیانداوە هاوسەنگی پێكهاتەكان لە ئیدارەدانی پارێزگاكەدا جێگیربكەن، بەڵام ئەو پرۆسەیە هەر نەگەیشتووە بە ئەنجامی كۆتایی.

لە دوای ساڵی 2003ــەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق و سكرتێری پێشوی كۆچكردوی یەكێتیی، پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌ و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان. پڕۆژەكە لە تەمموزی 2009ـدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێككەوتنی لەسەر كرا، هەرچەندە ئەو رێككەوتنەش شۆڕنەبۆوە بۆ پۆستەكانی خوارەوە.

پێشتر و له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا، زوربه‌ی جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئیداره‌دان و حوكمڕانی له‌ كه‌ركوك به‌ده‌ست پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ بوو، ‌بێ هیچ هه‌ڵبژاردنێك، له‌ دوای 2003ـیشه‌وه‌، كورد له‌ ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا (پارێزگار) بوو تا 2017 و پاشان پۆستی پارێزگار كەوتەوە دەستی عەرەب و راكان سەعید جبوری پڕی كردەوە، لە ساڵی 2024ـدا جارێكیتر كاندیدی كورد (رێبوار تەها ) ئەو پۆستەی وەرگرت و ئێستاش لای توركمانە.

ته‌واوی پارێزگای كه‌ركوك (دانیشتوانەكەی زیاتر لە دوو ملیۆن و 34 هەزار كەسە)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیشی له‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ـی ده‌ستوردایه‌ له‌ڕێی سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌، سه‌رژمێری و راپرسی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT