كۆمسیۆنی كەركوك بەڵێنی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەدات

نه‌ینه‌وا، 2019، نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌لایه‌ن تیمه‌ گه‌ڕۆكه‌كانه‌وه‌ فۆتۆ: كۆمسیۆن

گۆران بابان – كەركوك

قەیس محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەڵێندەدات هەڵبژاردنی داهاتوی پارێزگاكە پاك و بێگەرد بێت و روداوەكانی هەڵبژاردنی رابردوو دوبارەنەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوەكانیان چڕكردۆتەوە لەبارەی پرۆسەی بایۆمەتری.

قەیس بە (كەركوك ناو)ی وت "تا ئێستا هیچ قەوارە و لیستێکی لایەنە سیاسییەکان ناوی خۆیان لای ئێمە تۆمار نەکردووە، بەڵکو ئەوان بۆ ئەو مەبەستە دەبێت بچنە بەغداو لەوێ رێکارەکانی بەشداری قەوارەکانیان لە هەڵبژاردن تۆمار بکەن".

جەختیشیكردەوە "بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پارێزگای کەرکوک (بڕیارە یەكی نیسانی 2020) بەڕێوەبچێت، هەوڵێکی زۆرمان خستۆتەگەڕ تا هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە شارەکە بەڕێوەبچێت و سیناریۆکانی رابردوو دوبارە نەبنەوە، بۆ ئەوەش لەڕێی 25 بنکەی ناو شار و 18 بنکەی قەزاو ناحییەکانەوە هەنگاوێکی باشمان لە بایۆمەتری بڕیوە".

لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عیراق، ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن روبەڕوی رەخنەی لایەنەكان بۆوە و پرۆسەی هەڵبژاردن بە پرۆسەیەكی پاك دانەنرا، دوای ئەوەی لایەنێكی سیاسی بە تەزویری رێكخراو تۆمەتباركرا.

 قەسی وتی "بەشداریی هاوڵاتیان لە بایۆمەتری گەیشتۆتە سەدا 67 و رێژەکەش لە بەرزبونەوەدایە، هێشتا زیاتر لە مانگێکیش لەبەردەم هاوڵاتیان ماوە تا بتوانن دڵنیابن لە ناوی خۆیان، بەمەش رێگە لە تەزویر دەگیرێت".

كۆمسیۆنی كەركوك پێشبینی دەكات تا 15ی ئۆكتۆبەری داهاتوو رێژەی بەشداریی هاوڵاتیان بگاتە لەسەدا 75.

لە پارێزگای کەرکوک ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگدەر هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە یەكی نیسانی 2020 بەڕێوەبچێت.

لەباری ئامادەكارییەكانەوە، قەیس محەمەد وتی "تا كاتی هەڵبژاردن تەواوی رێکارەکانمان بە کۆتا دێت و ئامادەیی تەواومان دەبێت بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەو هەڵبژاردنە".

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT