سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان له‌ كه‌ركوك: رێگریی له‌ میدیا ده‌كرێت و ده‌سه‌ڵاتیش گوێناگرن

كه‌ركوك، تشرینی دوه‌می 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان ده‌رباره‌ی بارودۆخی میدیا فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محەمەد – كه‌ركوك

له‌ پارێزگای كه‌ركوك، پێشێلكاریی و رێگریی هه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م كاره‌ میدیاییه‌كاندا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات گوێ له‌ داواكارییه‌كانیان بگرێت و هه‌وڵی چاره‌سه‌ر بدات، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ی تشرینی دووه‌م، لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، بارودۆخی رۆژنامه‌نوسانی له‌ سنوره‌كه‌دا به‌ خراپ وه‌سفكرد و جۆری رێگرییه‌كانیشی ئاشكراكرد.

مەهدی زریان، لێپرسراوی لقی كەركوكی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان وتی "ئێستا بەڕێوه‌بەری فەرمانگەكان بە هیچ شێوەیەك هاوكار نین لە پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنوسان، بەشێوەك رۆژنامەنوس هەبووە به‌ هه‌فته‌یه‌ك نەیتوانیوە راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی ئامادە بكات، چوونكە كەس نەبووە قسەی بۆ بكات و زانیاری پێبدات".

به‌بڕوای سه‌ندیكا، بارودۆخی رۆژنامه‌نوسان و پێدانی زانیاری خراپ بووه‌، به‌ڵام له‌ "دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا خراپتر بووه‌"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ئیداریی و ئه‌منییانه‌ی له‌و مێژووه‌ به‌دواوه‌ له‌ كه‌ركوك رویدا.

"دەسەڵاتی كەركوك و هێزە ئەمنیەكان ئامادەنین گوێ لە داوكاری سەندیكای ڕۆژنامەنوسان بگرن، تا ئەوەی سەندیكا هەوڵبدات چاره‌سەرێك بۆ دۆخەكە بدۆزێته‌وه‌، نەقیبی سەندیكا چەندینجار هەوڵیداوە لەگەڵ ئیدارەی كەركوك گفتوگۆ بكات بەڵام ئیدارەی كەركوك ڕەتی كردۆتەوە".

ئێستا بەڕێوه‌بەری فەرمانگەكان بە هیچ شێوەیەك هاوكار نین لە پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنوسان

لێپرسراوی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسان وتیشی "ئێمە سەرجەم پێشلێكاریەكانمان گەیاندوە بە ئەنجوومەنی سەندیكا، .. رۆژنامەنوس نییە لەم شارە چیرۆكێكی تاڵی نەبێت، رۆژانە رۆژنامەوس ئیهانە دەكرێت و رێگریی لێدەكرێت".

مه‌هدی زریان داوای له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، بارودۆخی خه‌ڵك و میدیا له‌ كه‌ركوك، به‌شێكی گرنگی گفتوگۆكانیان بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق.

پێشتر (كه‌ركوك ناو) له‌رێی به‌دواداچونێكه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، به‌ بڕیاری راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لێدوانی رۆژنامەوانی و پێدانی زانیاری لە تەواوی فەرمانگە و یەكە ئیدارییەكان قەدەغە كراوه‌، تەنیا لەیەك حاڵەتدا نەبێت، ئەویش "وەرگرتنی رەزامەندی خۆی یان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان".

بڕیارەكە  لە 5ی ئەیلولەوە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئاستەنگی بۆ رۆژنامەنوسان و كەناڵەكانی راگەیاندن دروستكردووە، جگە لە فەرمانبەران، بەڕێوەبەری فەرمانگەكانیش ئامادەنین لێدوان بدەن.

مەروان عانی، سكرتێری رۆژنامەوانی راكان جبوری ئه‌وكات بە (كەركوك ناو)ی وت "نوسراوەکە بۆ قەدەغەكردنی لێدوان نییە لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان، بەڵکو تەنیا بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگە حکومییەکانە، ئەو بڕیارەش گرنگە چونکە ناکرێت فەرمانبەرێک ئاسایی بە ناوی فەرمانگەکەوە قسە و لێدوان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بکات".

به‌ڵام له‌ ده‌رچونی ئه‌و بڕیاره‌وه‌ (كه‌ركوك ناو)، ده‌یان جار په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌یه‌ك لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی حكومییه‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام به‌ پاساوی قه‌ده‌غه‌ی لێدوانه‌وه‌ ئاماده‌نه‌بون قسه‌بكه‌ن.

بەپێی نوسراوەكەی پارێزگار، تەنیا ئەو فەرمانگە و یەكە ئیدارییانە دەتوانن زانیاریی بدەن كە رەزامەندی پارێزگاری كەركوك یان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانیان هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT