گڕگرتنی دوو دەڕاسە
شۆفێرەكانیان گەیەنرانە نەخۆشخانە و ئاگرەكە سێ گوندی گرتەوە

خانەقین/ ئایاری 2020/ سوتانی دانەوێڵەی جوتیاران لە گوندێكی قەزاكە فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

محەمەد ئەڵماس

دوو شۆفێری دەڕاسە لە سنوری داقوق سوتان و گەیەنرانە نەخۆشخانە، ئەوەش دوای گڕگرتنی دەڕاسەكانیان كە بەهۆیەوە ئاگرەكە سێ گوندی گرتۆتەوە.

ئەو روداوە دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایار رویدا، لەوكاتەی یەكێك لە دەڕاسەكان لەگوندی سەید وەلەد گڕدەگرێت و ناتوانرێت كۆنترۆڵبكرێت. بەهۆیەوە ئاگرەكە دەگاتە دەڕاسەیەكی تریش و دواتر بۆ سێ گوند پەرەدەسێنێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو روداوە لە قەزای داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "هەردوو شۆفێری دەڕاسەكە بەشێك لە جەستەیان سوتاوە و لەژێر چاودێریدان لە نەخۆخشانەی گشتی داقوق".

وتیشی "ئاگرەكە بەهۆی گڕگرتنی یەكێك لە دەڕاسەكانەوە بووە و پەیوەندی بەكاری تێكدەرانەوە نەبووە".

تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، نەتوانراوە ئاگرەكە كۆنترۆڵبكرێت بەهۆیەوە دەیان دۆنم زەوی دانەوێڵە لە گوندی سەید وەلەد سوتان و ئاگرەكە بۆ گوندەكانی تر لەوانەش عەرەب كۆیی و ئەلبو محەمەد پەڕیوەتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT