ئایا دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم راستە؟

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك فۆتۆ: AFP

كەركوك ناو

كەناڵی عیراقیەی زمانحاڵی حكومەتی عیراق دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك رادەگەیەنێت، ئەوەش لە هەواڵێكی بە پەلەیدا، كە تیایدا هاتووە بەھۆی سكاڵای دادگای فیدراڵی عیراق و لەسەر چەند دۆسیەیەكی "ئەمنی و گەندەڵی".

كەناڵەكە كەمێك لەمەوبەر، هەواڵەكەی لە زاری پەیامنێرەكەیانەوە لە لوبنان بڵاكردۆتەوە و جەختدەكاتەوە "ناوبراو لە فڕۆكەخانەی بەیروت و لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە دەستگیركراوە".

بەڵام سەرچاوەیەك لە نوسینگەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك بۆ (كەركوك ناو)، رەتیدەكاتەوە ناوبراو دەستگیركرابێت و ئەو هەواڵانەی لەوبارەیەشەوە بڵاودەكرێتەوە، بە "چەواشەكاریی و بێ بنەما"، ناودەبات.

سەرچاوەكە كە وەك خۆی دەڵێت ئەمشەو سێشەممە 21 ئایار قسەی لەگەڵ نەجمەدین كەریم كردووە، بۆ (كەركوك ناو)، وتی "بەڵێ نەجمەدین كەریم بە سەردانێك لە لوبنانە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر".

بەڵێ نەجمەدین كەریم بە سەردانێك لە لوبنانە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، چەند ماڵپەڕ و پەیجێكیش هەواڵی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوكیان لە فڕۆكەخانەی بەیروت بڵاوكردەوە.

(كەركوك ناو)، سەرەڕای وەرگرتنی لێدوان لە نوسینگەی ناوبراو و هەواڵەكەی كەناڵی عیراقییە، بەڵام نەیتوانی تەواو دڵنیابێتەوە لە راستیی و دروستی ئەو هەواڵانەی باس لە دەستگیركردنی ناوبراو دەكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT