ژنانی پارێزگای نەینەوا، رۆژانە روبەڕوی كۆمەڵێك ئاستەنگی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ئاڵۆز دەبنەوە، کە رێگرن لەوەی بە ئاسانی سەربەخۆیی دارایی بەدەستبهێنن و بە شێوەیەكی چالاك لە بازاڕی كاردا بەشداری بكەن.
ئاستەنگەكان تەنیا بەرزبونەوەی رێژەی بێكاری، كەمیی هەلیكار و دامەزران نییە، بەڵكو سەختیی دەستڕاگەیشتنە بە پاڵپشتی دارایی، نەبوونی راهێنانی پیشەیی لەگەڵ كۆمەڵێك كۆت و بەندی كۆمەڵایەتی و خێزانی، كە هێشتا كاریگەرییان لەسەر هەنگاوەكانی ژنان هەیە.
تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان
بازاڕی ئەلیكترۆنی، بۆتە دەرچەیەك بۆ رزگاربونی ئەو ژنانەی بەهۆی رێگرییەكانەوە، ناتوانن لە بازاڕی كاردا ئازادانە هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابوری بدەن، وەكو چیرۆكی مەرام.
مەرام جبوری، لە موسڵ دەژی، بەهاوكاتری چوار هاوڕێی دیكەی، پرۆژەیەكی بازرگانییان لە ڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستپێكردووە، بۆ فرۆشتنی كەلوپەل و پێداویستی هاوردەكراوی ئەوروپی.
بە تەواوی پشت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستین
"ئاستەنگ و سنورێك لە بەردەم جوڵە و هاتوچۆی من و هاوڕێكانمدا هەیە، بە تایبەت بۆ كاركردن لە دەرەوەی ماڵ، ئەمەش وایلێكردین بە تەواوی پشت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەخشی راستەوخۆی رۆژانە ببەستین بۆ خستنەڕووی کەلوپەلەکانمان" مەرام بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
"ئێستا بازاڕی ئەلیکترۆنی تاقە پەناگەیە كە بۆ كاركردنی ئێمە ماوەتەوە".
مەرام لە پێشانگەیەكی كاری ژنان لە موسڵ بەشداری كردووە، مێزێكی داناوە بۆ نمایشی پۆشاك و پێڵاوی جۆراوجۆر، لە پشتی مێزەكەوە ستاندێکی ئاسن هەیە بۆ هەڵواسینی جلوبەرگی زستانە، دەیەوێت پێشانگەكە بكاتە دەرفەتێك بۆ ناساندنی زیاتری پرۆژەكەی.
ئەو دەڵێت زۆرێك لە ژنان پەنا دەبەنە بەر ئەو بازاڕە میللیانەی ناوبەناو دەكرێنەوە، كە هەندێكیان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوانییان دەکەن، چونكە دەبێتە دەرفەتێکی گونجاو تا كاڵا و بەرهەم و پرۆژەكانیان بە كڕیاران بناسێنن.
تەحەدییەکانی بازاڕ
تەنانەت بۆ ئەو ژنانەی توانیویانە بەشێك لە رێگرییەكان تێپەڕینن و بگەنە بازاڕی كار، بەڵام تەحەدی دیكە، لە نێویاندا ئاڵوگۆڕی و ناجێگیری نرخی دراو لەم دواییەدا، بارگرانیی زیاتری خستۆتە سەر شانیان.
هيبە تەڵال، فرۆشگایەكی كردۆتەوە بۆ فرۆشتنی پۆشاکی مناڵان و ژنان لە موسڵ، بە (كەركوك ناو)ـی وت "روبەڕوی قەیرانی بەردەوام دەبینەوە، لە سەروی هەمویانەوە بەرزبونەوە و جێگیرنەبونی نرخی دۆلار، بەرزبونەوەی کرێی دوکان و کارەبا، جگە لە باج و رسوماتی گومرگی لەسەر پۆشاکی هاوردەکراو".
لە پێشانگەیەكی كاری دەستی و هاندانی سەربەخۆیی ئابوری بۆ ژنان، هیبە بەشدارە، جلێكی شین و هێلەكێكی رەشی پۆشیوە، لەسەر مێزێكی لاكێشەیی سەرقاڵی رێكخستنی پۆشاكی منداڵان بوو، تا سەرنجی كڕیار بۆ بەرهەمەكان رابكێشێت.
"وەک ژنێك، روبەڕوی زەحمەتییەکی گەورە دەبمەوە تا بتوانم سەفەر بكەم بۆ دەرەوەی عیراق و خۆم پۆشاك و پێداویستییەكانی فرۆشگاكەم بكڕم، كە ئەوكات راستەوخۆ لە سەرچاوەی یەكەم و بە نرخێكی گونجاوتر دەستمدەكەوێت، بۆیە بە ناچاری لە بازاڕی ناوخۆدا كاڵاكان دەكڕم و بەوهۆیەوە قازانجی ئێمەش زۆر كەمدەبێتەوە" هیبە خێزاندارە و بەرپرسارێتی پەروەردەكردنی منداڵەكانی، بەشێكی ترە لە ئاستەنگەكانی دیكەی بەردەم كاركردنی.
لە سفرەی ماڵەوە بۆ خەڵك
بەهرەی ژنێك، لە ماڵێكی قەرەباڵغی موسڵەوە، بۆتە دەرفەتێك بۆ كاركردن و دەستكەوتنی داهات بۆ كەسانی وەكو دایكی رەیان. ئەو كە ئەركی خێزانێكی نۆ كەسی لەسەرە، لە پێشانگەیەكدا خواردنە بەناوبانگەكانی شارەكەی بە كڕیاران دەفرۆشێتەوە.
لەسەر مێزەکەی بەردەمی دایكی رەیان، چەندین جۆر لە خواردنە باوەكانی موسڵ دانراوە، لەوانە كوبە و دۆڵمە و بریانی ریزکراون. کچە بچووکەکەی لە تەنیشتی دانیشتووە و جاربەجار هاوكاری دەكات، بەڵام بە دەستەکانی خۆی خواردنی گەرم پێشكەش بە میوانەكان دەكات.
دایكی رەیان بە (كەركوك ناو)ـی وت "بارودۆخی قورسی ژیان ناچاری کردم دەست بە پرۆژەی ئامادەکردنی خواردنە میللییەکانی موسڵ بکەم وەكو دۆڵمە، کوبە و بریانی. چونكە موچەی خانەنشینیی هاوسەرەکەم بەشی خەرجییە زۆر سەرەتاییەكانی ژیانمان ناكات".
ئەو لە خانوی کرێدا دەژین و کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی هەیە کە پێویستی بە چارەسەر و چاودێریی بەردەوام هەیە.
"نەبونی توانای دارایی بۆ بەكرێگرتنی دوکان و نەبونی پشتیوانی رێکخراوەکان بۆ پرۆژە بچووکەکان، بۆتە رێگر لەبەردەم فراوانکردنی کارەکەمدا. خەونی من ئەوەیە بتوانم چێشتخانەیەکی بچوک بكەمەوە تا بتوانم ژیانێکی شایستە بۆ خێزانەکەم دابین بکەم و دەرفەتی کار بۆ ژنانی تر برەخسێنم".
قەیرانی بودجە
ئیدارەی پارێزگای نەینەو، دان بەوەدا دەنێت کە تەحەدیی گەورە لە بەردەم پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و پرۆژە بچووکەکانی ژناندا هەیە.
خالید عوبەیدی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری هونەری بە (كەركوك ناو)ـی وت كە پێشانگا و بازاڕ و دەستپێشخەرییە خێرخوازییەکان، هاوشێوەی نیشاندنی كاری دەستی و هاندانی ژنان بۆ كاركردن، رۆڵیان هەیە لە جوڵاندنی بازاڕ و رەخساندنی دەروازەیەكی جێگرەوە لە سایەی قەیرانی ئابوریدا.
هەروەها نەیشاردەوە كە پارێزگاكەی ئەوان و تەواوی وڵات روبەڕوی تەحەدیی دارایی و کێشەی دواكەوتنی پرۆژەكان بۆتەوە، بەهۆی پەسەند نەکردنی بودجە و كەمی نەختینەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدی هەیە، كە بەرەو ئاوەدانكردنەوە و بوژانەوە هەنگاو بنێن، بە تایبەت لە پشتیوانی ژنان و گەنجان و كەرتی تایبەت، ئەوەش بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیدا.