ئێزیدییه‌كان داوای پۆست ده‌كه‌ن له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

شێخان، 2019، پیاوانی ئایینی و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئێزیدی له‌ مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی ته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدییان فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

جڤاتی باڵای روحانی ئێزیدیی، داواده‌كه‌ن له‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستاندا پۆستیان پێبدرێت و رۆلیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ش مافی خۆیانه‌ هاوشێوه‌ی پێكهاته‌كانی تر، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك پێكهێنه‌ری حكومه‌ت له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماده‌ی هیچ به‌ڵێنێك نین و زانیاری ناده‌ن.

دانوستانه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و وابڕیاره‌، له‌ مانگی داهاتوو له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ متمانه‌ی پێبدرێت.

كه‌ریم سلێمان، راوێژكاری جڤاتی روحانی ئێزیدییه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "وه‌ك هه‌موو لایه‌نه‌كان و پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئێزدیه‌كانیش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌شداری له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن".

ئێزیدییه‌كان ئه‌و پۆستانه‌یان دیارینه‌كردووه‌ كه‌ به‌ مافی خۆیانی ده‌زانن و ته‌نیا ده‌یانه‌وێت له‌ به‌رێوه‌به‌ری گشتییه‌وه‌ تا ئاستی وه‌زاره‌ت به‌شدارییان هه‌بێت له‌ حكومه‌تی نوێدا.

"تائێستا دیارنییه‌ شاندی پارتی سه‌ردانی ئێمه‌ ده‌كات یان نا، به‌ڵام زۆرجار له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی پارتی داوانكردوه‌ پۆست بدرێت به‌ ئێزیدییه‌كان و هیوادارین ئێزیدییه‌كانیش بێبه‌شنه‌كرێن و رێز له‌ قوربانیدان و خه‌باتیان بگیرێت و پشتگوێنه‌خرێن وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی" سلێمان واده‌ڵێت.

پارتی وه‌ك پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی حكومه‌ت، له‌ دانوستانه‌كانیدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی چه‌ندین پێكهاته‌ی هه‌رێم كۆبونه‌ته‌وه‌ له‌ نێویاندا كریستیان و توركمانه‌كان، كه‌ وابڕیاره‌ به‌ پێدانی وه‌زاره‌ت له‌ حكومه‌تدا به‌شداربن.

هه‌فته‌ی رابردوش 23ی حوزه‌یران حازم ته‌حسین سه‌عید، بریكاری ئه‌میر و سه‌رۆكی جڤاتی باڵای روحانی ئێزیدی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێمدا به‌شدارییان پێبكرێت به‌ پێدانی پۆسته‌كانی بریكاری وه‌زیر تا به‌رێوه‌به‌ری گشتی.

هه‌ولێر، 12ی حوزه‌یرانی 2019، راسپاردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم

ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامی شاندی دانوستكاری حزبه‌كه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ (كه‌ركوك ناو )ی وت "جارێ نازانین ئایا‌ راسپێردراوی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم و شانده‌كه‌ی سه‌ر‌دانی پێكهاته‌ی ئێزدییه‌كان ده‌كات یان نا، ئه‌وه‌ یه‌كلایینه‌بۆته‌وه‌".

له‌ 12ی حوزه‌یراندا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سرور بارزانی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له‌ 30 رۆژدا و بڕیاره‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنێكدا وه‌رزی كاركردنی خۆی درێژ بكاته‌وه‌ و پشوی سه‌ره‌تای ته‌مموز دوابخات، به‌ ئامانجی متمانه‌دان به‌ كابینه‌ی حكومه‌ت.

هه‌ریه‌ك له‌ دڵشاد شه‌هاب، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی و فرسه‌ت سۆفی له‌ شاندی دانوستانكاری پارتی ئاماده‌نه‌بون له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی پێكهاته‌ی ئێزیدیی هیچ لێدوانێك بۆ (كه‌ركوك ناو) بده‌ن.

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئێزیدی ده‌كه‌ونه‌ سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا، ناوچه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراقدایه‌، كه‌ چاره‌نوسی له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نددا یه‌كلابكرێته‌وه‌.

هه‌دیا موراد، تاكه‌ په‌رله‌مانتاری پێكهاته‌ی ئێزیدی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی سه‌باره‌ت به‌ داواكاری ئێزیدییه‌كان بۆ به‌شداری له‌ حكومه‌تدا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ناتوانم قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌م چونكه‌ هێشتا یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌ و چاوه‌ڕێده‌كه‌ین".

پێشتریش پێكهاته‌ی ئێزیدی، هه‌وڵه‌كانیان چڕكرده‌وه‌ بۆ ته‌رخانكردنی پێنج كورسی كۆتا له‌ په‌رله‌مانی داهاتوی كوردستان، ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی كاتی و تا جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراق، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان سه‌ری نه‌گرت.

له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كۆی 111 كورسی 11 كورسی بۆ پێكهاته‌كانی كریستیان، توركمان و ئه‌رمه‌نی دانراوه‌، به‌ڵام ئێزیدی و كاكه‌یی و شه‌به‌ك كورسییان نیه‌، بۆیه‌ له‌رێی لیستی لایه‌نه‌كانی تره‌وه‌ هه‌وڵی گه‌یشتن به‌ په‌رله‌مان ده‌ده‌ن.

ژمارەی ئێزیدیەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون ‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچیان كردووە، جگە لەوەی چارەنوسی نزیكه‌ی سێ‌ هەزار كەسیان دوای رفاندیان لەلایەن داعشەوە دیارنییە، ئەوەش بەپێی ئاماره‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵی عیراق، ئێزیدیییه‌كان به‌ چه‌ند لیستێك و نزیكه‌ی 55 كاندید چونه‌ كێبڕكێی پرۆسه‌كه‌وه‌ و به‌پێی ده‌ره‌نجامه‌كان، جگه‌ له‌ كورسی كۆتا توانییان له‌چوارچێوه‌ی لیستی لایه‌نه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی له‌ پشكی نه‌ینه‌وا چه‌ند كورسییه‌كی تر به‌ده‌ستبهێنن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT