دوو ژن و كوڕێك بەكڵاشینكۆف كوژران
ژنێكیان دووگیان و ئەوەی تر دایكی سێ منداڵە

كه‌ركوك، ئازاری 2019، شه‌قامێكی سه‌ره‌كی له‌ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاروان ساڵحی - كەركوك

دوو ژن كە یەكێكیان دایكی سێ منداڵ و ئەوەی تریان دووگیان بووە لەلایەن براو هاوسەركانیانەوە بە چەك دەكوژرێن، ئەوەش لە دوو روداوی جیاوازدا، لە روداوێكی تری هاوشێوەدا باوكێك دوای ئەوەی كچەكەی لەگەڵ كوڕێكدا لەسەربان دەبینێت، تەقەیان لێدەكات و كوڕەكە دەكوژێت، كچەكەشی خۆی فڕێدەداتە خوارەوە و بە سەختی برینداردەبێت.

هەموو ئەو روداوانە لەماوەی چوار رۆژی رابردودا لە كەركوك رویانداوە و دووان لە بكوژەكان دەستگیركراون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی تەمموز، كوڕێك لە گەڕەكی پەنجاعەلی هەڵدەكوتێتە سەر ماڵی خوشكێكی و تەقەی لێدەكات و دەستبەجێ دەیكوژێت و هەڵدێت، خوشكەكەی دایكی سێ منداڵ بووە.

عەقید هەڤاڵ عەبدولحوسێن، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی عروبە بە (كەركوك ناو)ی وت "كوڕەكە چەكی كڵاشینكۆفی پێبووە و هەر چۆتە ماڵەوە و تەقەی كردووە و دواتر بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتووە".

خوشكەكەی بەپێی وتەی پۆلیس 33 ساڵ بووە و دایكی سێ منداڵە، لەوكاتەی براكەی هێرشیكردۆتە سەریان لە ماڵ بووە.

پۆلیس كە لێكۆڵینەوەی لە روداوەكە كردووە، "هاوسەری ژنەكە وتویەتی: منیش نازانم هۆکارەکە چییە"، ئەوەش بەپێی وتەی عەقید هەڤاڵ.

هاوسەری ژنەكە وتویەتی: منیش نازانم هۆکارەکە چییە

لە 27ی تەمموز لە گەڕەكی عەمەلە شەعبی لە خۆرئاوای كەركوك، لە روداوێكی تردا، هاوڵاتییەكی 23 ساڵ، بەناوی عەلی بورهان، لەناو ماڵەكەی خۆیدا بەكڵاشینكۆف ژنەكەی كوشت كە تەمەنی 18 ساڵەو دووگیان بووە.

ئەو هاوڵاتییە كە پیشەی پۆلیسە، لە ئێستادا دەستگیركراوە و بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە لێكۆڵینەوەكان، هێشتا روننەبۆتەوە بە ئەنقەست ژنەكە كوشتووە یان فیشەك لە دەستی دەرچووە.

سەرچاوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "لە لێكۆڵینەوەكاندا بكوژەكە وتویەتی له‌کاتی پاککردنه‌وه‌ی چه‌که‌که‌م و به‌هه‌ڵه‌ فیشه‌ک لەدەستم دەرچووە و بەر هاوسەرەكەم كەوتووە"، بەڵام پۆلیس لە لێكۆڵینەوەی زیاتردایە.

لە لێكۆڵینەوەكاندا بكوژەكە وتویەتی: به‌هه‌ڵه‌ فیشه‌ک لەدەستم دەرچووە و بەر هاوسەرەكەم كەوتووە

لە روداوێكی تردا، به‌ره‌به‌یانى دووشەممە 29ی تەمموز، باوكێك دوای ئەوەی لەسەربان كچەكەی لەگەڵ كوڕێك دەبینێت، تەقەیان لێدەكات، لە ئەنجامدا كوڕەكە دەكوژێت و كچەكەشی لەوكاتە خۆی فڕیدەداتە خوارەوە و بەسەختی برینداردەبێت.

روداوەكە لە گەڕەكی واستی باشوری خۆرهەڵاتی كەركوك رویداوە و بەپێی سه‌رچاوه‌یه‌کى ئه‌منى لە پۆلیسی كەركوك، بۆ (كەركوك ناو) "كوڕەكە 21 ساڵ بووە و بە چەكی كڵاشینكۆف كوژراوە".

سەرچاوەكە وتی "باوكی كچەكە دەستگیركراوە و كچەكەشی دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لەژێر چاودێری پزیشكدایە".

باوكی كچەكە دەستگیركراوە و كچەكەشی دۆخی تەندروستی ناجێگیرە

هەموو ئەو روداوانە لەم هەفتەیەدا، هاوكاتە لەگەڵ زیادبونی حاڵەتەكانی "خۆكوشتن" لە كەركوك، بەپێی ئامارێكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ تەنیا لە چوار مانگی ئەمساڵدا 22 حاڵەت تۆماركراون.

هۆكاره‌كانی هه‌ڵكشانی "خۆكوشتن و توندوتیژی"، به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ، سه‌ره‌كیترینیان بێ كارییه‌ و وایكردووه‌ روبه‌ڕوی گرفتی ده‌رونی ببنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌ی دیارده‌ و نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، وه‌ك به‌شودانی له‌ ته‌مه‌نێكی بچوكدا.

پێشتر سه‌جاد جومعه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی ئه‌و هۆكارانه‌ بده‌ن و باری بژێویی و داهاتی هاوڵاتیان باشبكرێت، تا له‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ دوربكه‌ونه‌وه‌".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT