عەبدولڕەحمان مستەفا بە سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستانی دەستنیشانكرا

عەبدولڕەحمان مستەفا، بە سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستانی دەستنیشانكرا

كاروان ساڵحی – كەركوك

عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشوتری كەركوك، بە سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستانی دەستنیشانكرا، ئەوەش لە كۆبونەوەیەكدا كە 15 حزب و لایەنی سیاسی كوردی لە سلێمانی تیایدا بەشداربون.

كۆبونەوەكە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە یەكی تشرینی یەكەم، لە گردی زەرگەتەی بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، بۆ یەكلاییكردنەوەی سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی و دروشم و لۆگۆی هاوپەیمانێتییەكە.

حەسەن شێخانی، لێپرسراوی مەلبەندی كەركوكی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان و بەشداربوی كۆبونەوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەكۆی دەنگی حزب و لایەنە سیاسییەكان، بڕیارمانداوە عەبدولڕەحمان مستەفا وەكو سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی دەستنیشان بكەین".

28ی ئەیلولی رابردوو، ئەو حزب و لایەنانە، بڕیاریاندا بەیەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك بكەن، بەناوی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی.

لەنێو حزب و لایەنە كوردییەكاندا تەنیا نەوەی نوێ بەشدار نییە لەو هاوپەیمانێتییە، ئەوەش بۆ یەكەمجارە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2005  كورد بەو یەك دەنگییە بەشداربێت.

حەسەن شێخانی وتی "لەئێستادا تاوتوێی زیاتری لۆگۆ و دروشمی هاوپەیمانێتییەكە دەكەین".

عەبدولڕەحمان مستەفا فەتاح، پارێزگاری پێشوتری كەركوك، ساڵی 1951 لە شاری کەرکوک لە دایکبووە، ساڵی 1974 کۆلێژی یاسای زانکۆ بەغدای تەواوکردووە.

ساڵی 1975 بۆ 2003 وەکو پارێزەر کاریکردووە و لە 28ی ئایاری 2003 بوو بە پارێزگاری كەركوك بە شێوەی كاتی و دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی 2005 جارێكی تر وەكو پارێزگار لەناو ئەنجومەندا هەڵبژێردرا. دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا و لە لیستی برایەتی كەركوك دەنگی پێویستی بەدەستهێنا.

لە 3ی نیسانی 2011 بەپێی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی، لەو پۆستە لابراو لە جێگەی ئەو نەجمەدین كەریم كرا بە پارێزگاری كەركوك.

عەبدولڕەحمان مستەفا، خێزاندارە و باوکی کوڕ و کچێکە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT