كەركوك داواكارییەكانی رەوانەی بەغدا دەكات

كەركوك/20ی تشرینی یەكەم/ ژنێك لەكاتی قسەكردنی بۆ وەفدێكی حكومەتی عیراق فۆتۆ: گۆران بابان

گۆران بابان – كەركوك

ئیدارەی كەركوك داواكارییەكانی لەڕێی لیژنەیەكەوە رەوانەی بەغدا دەكات لە نێویاندا دۆزینەوەی دەرفەتی كار، تەواوكردنی پڕۆژە تەواونەكراوەكان و وەگەڕخستنی فڕۆكەخانەی كەركوك.

ئەو لیژنەیە كە بە نوێنەرایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و بەسەرپەرشتی ئەحمەد ریاز، وەزیری وەرزش و لاوان، ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی تشرینی یەكەم، گەیشتنە كەركوك، لەگەڵ راكان سەعید جبوری، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك و چین و توێژەكانی تر كۆبونەوە.

ئەحمەد ریاز، وەزیری وەرزش و لاوان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئامادەی بوو، وتی "هاتوین تا لەنزیکەوە لە داواکاری دانیشتوانی شارەکە و ئیدارەکەی بکۆڵینەوە و بەیاداشتێک بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەرزبکەینەوە".

وتیشی "لەگەڵ نوێنەری حزبەکان و چین و توێژەکان کۆبوینەوە، زۆرترین داواكاری بۆ دەرفەتی كار بوو، لەگەڵ وەگەڕخستنەوەی فڕۆکەخانەی کەرکوک و دامەزراندن و تەواوکردنی پڕۆژە ناتەواوەكان".

زۆرترین داواكاری بۆ دەرفەتی كار بوو

هەندێك لە داواكارییەكان وەك وەزیری وەرزش و لاوان باسیكرد، لە دەسەڵاتی ئیدارەی كەركوك نییە، بۆیە بڕیاردرا لە یاداشتەكەدا بنوسرێت و ئاراستەی سەرۆك وەزیران بكرێت.

چەند نوێنەرێكی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق لە وەفدەكە بەشداربون، لەنێویاندا بێستون عادل، ئەڵماس فازڵ لە نەتەوەی كورد و ئەحمەد حەیدەر و خەدیجە عەلی لە نەتەوەی توركمان.

رەوشی ئەمنی، ئیداریی و خزمەتگوزاری لە كۆبونەوەكاندا لەگەڵ ئیدارەی كەركوك باسكراوە.

ئەحمەد ریاز وتی "کار لەسەر ئەوە دەکەین دەسەڵاتی زیاتر بە ئیدارەی کەرکوک بدەین بۆ ئەوەی دەستکراوەتربێت لە خزمەتکردنی چین و توێژەکان بەبێ جیاوازی".

راکان سەعید، هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "بەردەوامین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، لەوانە ئاو و کارەبا و رێگاوبان، داواشمانکردووە پرسی بەکارخستنی بێکارەکان پەلەی تێدابکرێت و ئاوڕی زیاتر لە کەرکوک بدرێتەوە".

داوامانکردووە پرسی بەکارخستنی بێکارەکان پەلەی تێدابکرێت

ئیدارەی كەركوك داوای لە وەفدەكە كردووە ئەو چاكسازییانەی حكومەتی عیراق بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە رایگەیاندووە، كەركوكیش بگرێتەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا لە 5ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ به‌غدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، لە وەڵامی خۆپیشانده‌رانی ناڕازیدا 17 بڕیاری ده‌ركرد، له‌ گرنگترینیان دوباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی نیشته‌جێبون‌ بۆ كه‌سانی كه‌مده‌رامه‌ت و دروستكردنی 100 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون له‌ هه‌موو پارێزگاكاندا.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ناونوسكردنی ئەوانەی كەمدەرامەتن، ئەوەش هەر وەك وەڵامێك بۆ خۆپیشاندەران.

لیژنەكەی بەغدا بۆ كەركوك، هاوكاتە لەگەڵ دەنگۆی خۆپیشاندان لە زۆرینەی پارێزگاكانی عیراق لە 25ی ئەم مانگە دژی نەبونی خزمەتگوزاریی و زیادبونی بێكاریی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT