هێزە ئەمنییەكانی كەركوك: پێنج چەكداری داعش كوژران و دووانی تریش دەستگیركران

كەركوك/27ی تشرینی یەكەمی 2019/ پاشماوەی هێرشێك بۆ سەر چەكدارانی داعش لە ناحیەی پردێ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

هێزە ئەمنییەكانی عیراق كوژرانی پێنج چەكداریی داعش و دەستگیركردنی دوانی تریان راگەیاند، ئەوەش لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا.

شەوی رابردوو 26ی تشرینی یەكەم، سەعد حەربیە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى کەركوك، لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "بە چاودێری وردی دەزگای هەواڵگریی عیراق، فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان، گورزێکیان لە تیرۆریستانى داعشداوە لە نزیک گوندى شانەشین و بەهۆیەوە پێنج چەكداری داعش كوژران".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە ماوەى چەند رۆژێكە دەزگا ئەمنییەکان چاودێرى وردى ئەو چەكدارانەی داعش دەكەن.

بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 27ی تشرینی یەكەم، پەیامنێری (كەركوك ناو)، چووە شوێنی روداوەكە، لە گوندی شانەشین سەر بە ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری).

ئاری عەلى، خەڵكی گوندی بیبانی لە نزیك ئەو ناوچەیە، لە شوێنی روداوەكەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "کاتژمێر یانزەى شەوى رابردوو گوێبیستى زنجیرەیەک دەنگى بەهێز بوین".

ئەو ناوچەیە نزیک یەک کیلۆمەتر لە شەقامى سەرەکی کەرکوک - پردێوە دورە و سەر بە ناحیەی پردێیە.

خالید ئەحمەد، مالیان لە نزیك روداوەكە بووە و وەكو شایەتحاڵ قسەی كرد، بە (كەركوك ناو)ی وت "گوێمان لەدەنگێكی بەرزبوو، بەیانی كە هاتین شوێنەواری روداوەكەمان بینی".

ئەو كە لە شوێنی روداوەكە قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد، وتی "وەك دەبینن لەوكاتەی لێیاندراوە سەرقاڵی نانخواردن بون"، لە شوێنی روداوەكە پاشماوەی خواردن هەبوو كە گوماندەكرێت لە چێشتخانەكانەوە بۆیان بردرابێت. لەوانە (کەباب، تکەى مریشک، پاقلاوە و پسکیت خواردنەوەی تایگەر).

وەك دەبینن لەوكاتەی لێیاندراوە سەرقاڵی نانخواردن بون

هەر شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەكان، ژمارەیەك هاوڵاتیان لە نزیك روداوەكە دەستگیركرد، كە سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵدارین و لە ئێستادا لە پۆلیسی پردێ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكەن.

لە ئۆپەراسیۆنێكی تردا، شانەی راگەیاندنی ئەمنی، بڵاویكردەوە كە توانیویانە دوو چەكداری داعش لە قەزای حەویجە دەستگیربكەن و لەدانپێدانانەكانیاندا جەختیانكردۆتەوە لەوەی بەشداربون لە كۆمەڵێك كاری تاوانكاریی لەنێویاندا كوشتنی هاوڵاتییەك 20 رۆژ لەمەوبەر. هەروەها رۆڵیان هەبووە لە گەیاندنی خۆراك و چەك بە چەكدارانی داعش.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT