چالاكوانانی كەركوك: ژنانی هەڕەشەلێكراو مەترسیی كوشتنیان لەسەرە

فۆتۆ: Stefano Pollio

سۆران محەمەد – کەرکوك

چالاكوانانی ژنان لە كەركوك هۆشداریی زیادبونی توندوتیژیی و كوشتنی ژنان دەدەن لە شارەكە، پێیانوایە هۆكارێكی نەبونی پەناگەیەكی تایبەتە بۆ داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێكراو. لەگەڵ جەختكردنەوە لە مەترسی كوشتنی ژنانی هەڕەشەلێكراو.

لە پارێزگای كەركوك هیچ پەناگەیەك نییە بۆ داڵدەدانی ئەو ژنانەی لەلایەن كەسوكارییانەوە روبەڕوی هەڕەشەی كوشتن دەبنەوە. ئەوەش بۆتە جێی رەخنەی چالاكوانانی ژنان.

سرود ئەحمەد، لێپرسراوی لقی کەرکوکی کۆمەڵەی هیوای عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، دەڵێت رۆژ بەڕۆژ حاڵەتەكانی كوشتن، جیابونەوە و خۆكوشتن روو لە زیادبونە، لەگەڵئەوەشدا شێوازی لێدان و ئەشکەنجەی ژنان بە هەمان شێوە زیادبووە.

ئەو وتی "حاڵەتی وامان لایە کە باوک بە زۆر داوای لە کچەی کردووە گورچیلەی بفرۆشیت، هەرچەندە كچەكەی رازی نەبووە... ئەم جۆرە حاڵەتانە دێنە لای ئێمە و ناتوانین داڵدەیان بدەین، چونکە شوێنمان نییە".

حاڵەتی وامان لایە کە باوک بە زۆر داوای لە کچەی کردووە گورچیلەی بفرۆشیت

بەپێی وتەی سرود، ئەندامانی کۆمەڵەی هیوای عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، چەند جارێك روبەڕوی مەترسی بونەتەوە، بەهۆی ئەو حاڵەتانەی دێتە لایان.

سرود وتی "ئەركی رێكخراوەكان قورسە. چونكە حکومەت و لایەنی ئەمنی رۆڵیان نییە لە پاراستنی ژنانی هەڕەشەلێكراو، لەپاڵئەوەشدا چەك لە زۆرینەی ماڵەكان هەیە".

لە 10 ساڵی رابردودا دەیان جار داواكاریی بۆ كردنەوەی پەناگەیەك لە كەركوك ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عیراق كراوە، بەڵام هیچ سودی نەبووە.

"ئەگەر شێلتەرمان هەبێت حاڵەتی کوشتن و جیابونەوەش کەمدەبێتەوە، چونکە شێڵتەر دەتوانێت ئەو ژنانە بپارێزێت کە روبەڕوی توندوتیژیی و هەڕەشەی کوشتن دەبنەوە، لەڕوی یاسایشەوە ئێمە ناتوانین ژنان و کچان داڵدە بدەین"، سرود زیاتر وتی "ژنێک لەلایەن حکومەتەوە بپارێزرێت کەس ناتوانێت بیکوژێت".

ئەگەر شێلتەرمان هەبێت حاڵەتی کوشتن و جیابونەوەش کەمدەبێتەوە

جگە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك هیچ پەناگەیەك بۆ ژنە هەڕەشەلێكراوەكان نییە، زۆرینەی كات ژنانی هەڕەشەلێكراو لەڕێی رێكخراوەكانەوە بۆ سلێمانی و هەولێر دەگوازرێنەوە.

چیمەن ئەحمەد، پارێزەر و چالاکوانی ژنان لە کەرکوك، وتی "نەبونی شێڵتەر كێشەی بۆ ئێمەش دروستكردووە، حاڵەتی جۆراوجۆر دێتە بەردەستمان و نازانین چۆن ئەو ژنانە بپارێزین و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكەین".

چالاكوانان دەڵێن كردنەوە شێڵتەر پێویستی بە بونی یاسایە، بەڵام لە عیراق ئەو پرسە بە یاسایی نەكراوە.

zhn-3
رێكخراوەكانی كەركوك دەڵێن نەبونی شێڵتەر ئەركی ئەوانی قورس كردووە

چیمەن ئەحمەد، دەڵێت "بیركردنەوەی خەڵكی زیاتر عەشایەرییە، بۆیە قورسە ئێمە بتوانین ژنانی هەڕەشەلێكراو لەخۆ بگرین و بیانپارێزین... ئەو ژن و کچانەی لە کەرکوک هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە رەوانەی هەرێمی کوردستانیان دەکەین، یان هەولێر یان سلێمانی، ئەوان شێلتەریان بە یاسا بۆ رێکخراوە".

شۆخان عومەر، توێژەری کۆمەڵایەتیی و چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر ژنێك لە كەركوك هەڕەشەی لەسەر بێت زۆر بە ئاسانیی دەتوانرێت بكوژرێت، بەڵام ئەگەر شوێنێك لەلایەن حکومەتەوە پارێزراوبێت ئەوا ناتوانرێت دەست بۆ كوشتنی ژنان ببردرێت".

رێكخراوەكان هیچ ئامارێكی رەسمی كوشتنی ژنانیان لای نییە لە ئەمساڵدا، بەڵام ئاماژە بە زۆری حاڵەتەكان دەدەن و پێیانوایە نەبونی پەناگەیەك هۆكارە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT