بە پارەی خۆیان ئاوەڕۆ دروستدەكەن و حكومەت هەڕەشەیان لێدەكەن

كەركوك/تشرینی دووەمی 2019/ هاوڵاتیانی گەڕەكی باروتخانە بە پارەی خۆیان پڕۆژەی ئاوەڕۆ دروستدەكەن فۆتۆ: گۆران بابان

گۆران بابان – كەركوك

ئیدارەی كەركوك، هەڕەشەی سزادانی دانیشتوانی گەڕەكی باروتخانە دەكات، دوای ئەوەی لەسەر ئەركی خۆیان دەستیانكرد بە دروستكردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆ.

60 ماڵی ئەو گەڕەكە، هەریەكە و بڕی 200 هەزار دیناریان كۆكردەوە بۆ پڕۆژەكە، بەڵام ئەو پارەیە تەنیا لەسەدا 70ی كارەكەی تەواوكرد.

وەهاب ساڵح (71ساڵ)، دانیشتوی باروتخانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا توانیمان لەسەدا 70ی كارەكان بگرینە ئەستۆ و دواتر پارەمان لێ بڕا، سەردانی چەند فەرمانگەیەكی حكومییمان كرد، لەبری هاوكاریكردنمان هەڕەشەی سزادانیان لێكردین".

"دەمانەوێت راگەیاندنەکان دەنگمان بگەیەننە حکومەت، چونکە دەبینین پارەیەکی زۆر هاتۆتە ئەم شارەوە و دەست بە پرۆژە کراوە، بەڵام ترسمان هەیە لە خزمەتگوزاری بێبەش بکرێین، چونکە زۆر گوێبیستی ئەوە دەبین کە پڕۆژە بۆ گەڕەکە زیادەڕۆکان ناکرێت".

وەهاب ساڵح زیاتر وتی "تەنانەت هەڕەشەی سزای حەوت ساڵ زیندانیان كردین".

تەنانەت هەڕەشەی سزای حەوت ساڵ زیندانیان كردین

هەوڵی دانیشتووانی ئەو گەڕەكە بۆ دروستكردنی ئاوەڕۆ، دوای بێئومێدبونیان هات لە خزمەتگوزاری حكومەت بۆ گەڕەكەكەیان، وەك وەهاب ساڵح وتی.

"15 ساڵ ئەم گەڕەكە هەیە، دەیانجار لەگەڵ دراوسێكان و لەسەر ئاوەڕۆ بۆتە شەڕمان و كۆڵانەكان پیس دەبن، بەڵام حكومەت گوێی ناداتێ"، وەهاب ساڵح وای وت.

ئەو گەڕەكە هاوشانی ژمارەیەك گەڕەكی تری كەركوك، لە دوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003 بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراوە.

هەرچەندە راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، دەیانجار لێدوانی داوە كە لە خزمەتگوزاریدا جیاوازی لەنێوان گەڕەكەكاندا ناكەن، بەڵام ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە كەركوك ناڕەزاییەكانیان لە نەبونی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەكانە گەیاندە بەغدا لە دژی راكان سەعید.

لەگەڵئەوەشدا عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکوک، بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "ئیدارەی كەركوك پارە بۆ هیچ پڕۆژەیەک تەرخان ناكات كە لە ناوچە زیادەڕۆییەکان جێبەجێدەکرێن، پرسەکە ماوەتەوە لای بەغداو چاوەڕوانی رێنمایی و زانیاری نوێین سەبارەت بە پڕۆژەکان بۆ ئەو گەڕەکانە".

ئیدارەی كەركوك پارە بۆ هیچ پڕۆژەیەک تەرخان ناكات كە لە ناوچە زیادەڕۆییەکان جێبەجێدەکرێن

حەمادی وتیشی "تا ئەوكاتەی رێنمایی لە بەغداوە دێت، هەر فەرمانگە و ئەندازیارێك لەو گەڕەكانە پڕۆژە بكات ئەگەری سزادانی هەیە".

ئیدارەی كەركوك شەش مانگ لەمەوبەر، سزای ژمارەیەك ئەندازیاری جێبەجێكرد، كە بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرمانگەكان كۆنكرێتی ژمارەیەك كۆڵان و گەڕەكیان كرد. حەمادی لەگەڵ پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییە، باسی جۆری سزادانەكەی نەكرد.

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە تەواوی ئەو خانوانەی تا 19ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لەسەر زەوی زیادەڕۆ دروستكراون لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ بكرێن.

هەوراز نەبیل (25ساڵ)، دانیشتوی گەڕەكی باروتخانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "نە پارێزگارە كوردەكان و نە پارێزگاری عەرەب بە کەڵکی ئێمە نەهاتون، ئەو کێشەیەش بۆتەهۆی ئەوەی بەشێک لە دانیشتوانی ئەم سنورە خانوەکانیان بفرۆشن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT