لاوەندی نۆ ساڵ؛ هاوارێك هه‌ر نه‌گه‌یشت

لاوەند حەسیب نۆ ساڵ، بەهۆی بێ ناسنامەییەوە ناتوانێت بخوێنێت، هەرچەندە زۆر حەزی بە خوێندن هەیە فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

لەیلا ئەحمەد – گه‌رمیان

لە گوندێكی دورە دەست، منداڵێكی چاوكاڵی قژ زەرد، بە لەشولارێكی لاواز و جلێكی دڕاوەوە، بەدەنگێكی بەرز لەسەر دیواری خوێندنگەكەوە هاواردەكات "مامۆستا منیش دەمەوێت بخوێنم و لەگەڵ ئەو منداڵانە یاریی بكەم، بۆ دەبێت من نەخوێنم و ئەوان بخوێنن".

لاوەند حەسیب ئێستا تەمەنی نۆ ساڵە، هیچ وەڵامێكی هاوارەكەی نادرێتەوە، بۆیە لە دیوارەكەوە خۆی هەڵدەداتە گۆڕەپانی خوێندنگەكەوە و توند قاچی بەڕێوەبەرەكە دەگرێت و دەست دەكات بەگریان.

ئەمە دیمەنی رۆژانەی لاوەند حەسیب بوو لە گوندی شاوازی ناحیەی مەیدان سەر بە قەزای كەلار. ئەو جگە لە هەڵوەشانەوەی خێزانەكەیی و دوركەوتنەوەی دایكی. كەسوكار و كۆمەڵگە و تەنانەت رێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردەش بەربەستن لەوەی بە ئاواتی خوێندن بگات.

لەیلا ئەحمەد، پەیامنێری (كەركوك ناو) و ئەندامی تیمی وادی ئەڵمانی لە گەرمیان، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2018 ئەم دیمەنەی بینی، لەو رۆژەدا بەڕێوەبەری خوێندنگەكە‌ لاوەندی وەكو گوێگر قبوڵكرد.

دەستی بە یاری كرد، لە پۆل دانیشت و قەڵەم و كتێبی پێدرا، بەڵام خوێندكارێكی ئاسایی و گوێڕایەڵ نەبوو.

لە خوێندنی ساڵی 2018دا، بە هەوڵی تیمەكانی وادی و رازیكردنی پەروەردەی گەرمیان، لاوەند وەكو گوێگر لە خوێندنگەی گوندەكەیان قبوڵكرا. بەڵام ئەمساڵ كێشەكەی سەریهەڵدایەوە.

بەشێك لە مامۆستاكان بۆ ئەمساڵ گۆڕدران و لاوەندیان وەكو گوێگر قبوڵنەكرد، لاوەند جارێكیتر دەبوو تەنیا لەسەر دیوارەوە سەیری خوێندنگەكە بكاتەوە. كێشەی گەورەی لاوەند ئەوەیە هێشتا ناسنامەی بۆ دەرنەكراوە، ئەوەش بەپێی رێنماییەكانی وەزارەت رێپێدراو نییە بخوێنێت.

lawanhasib1
لاوەند حەسیب، لەكاتی یاریكردنی لەناو خوێندنگەی گوندەكە فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

لاوەند ژیانێكی سەخت لە گوندەكەیان بەڕێدەكات، باوكی زۆرینەی كات لە دەرەوەی گوندەكەیە و سەرقاڵی بەخێوكردنی ئاژەڵە و تەنیا بە شەوان دەگەڕێتەوە ماڵ.

دایکیشی دوای ئەوەی لە ساڵی 2003 هاوسەرگیری لەگەڵ حەسیب كرد، دوای چەند ساڵێك بوونە خاوەنی كچ و كوڕێك. بەڵام پرۆسەكە بە جیابونەوە كۆتاییهات. كاتێك لاوەند كە منداڵی دووەمیانە تەمەنی یەك مانگ بوو.

لەوكاتەوە لاوەند هەر لە گوندەكە، لەگەڵ نەنك و باپیری ژیاوە، خوشكەكەشی لەگەڵ دایكی رۆیشتون و یەكتریان نەبیینوەتەوە. بەڵام دوای چەند ساڵێك، لاوەند نەنك و باپیریشی لەدەستداو ئەوەندەی تر ئەركی ئەو منداڵە قورستر بوو.

زۆرینەی كاتەكانی لاوەند لە ئێستادا لەگەڵ باوكی بەسەردەبات لە دەرەوەی گوندەكە و كەمترین تێكەڵ بونی هەیە لەگەڵ منداڵاندا.

رێكخراوی وادی ئەڵمانی و پارێزه‌رێكی خۆبەخشی رێكخراوی وەلا لە دادگا، لەهەوڵدان بۆ دەركردنی ناسنامە بۆ لاوەند. كێشەی لاوەند ئەوەیە باوكی گوێی بە دەركردنی ناسنامە نەداوە و زۆرینەی كات سەرقاڵی بەخێوكردنی ئاژەڵ و ئیشوكاری گوندەكە بووە.

کاوە عەبدوڵا، یەكێك لەو مامۆستایانەی لەسەرەتادا زۆر هەوڵی لەگەڵ لاوەند-دا بۆ ئەوەی خوێندنەكەی نەفەوتێت، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیاری دەركردنی لە خوێندن پەیوەندی بە نەبونی ناسنامەوە هەبوو، باوكی ناسنامەی بۆ دەرنەدەكرد و وایدەزانی خەتای ئێمەیە و هەڕەشەی لێدەكردین".

باوكی ناسنامەی بۆ دەرنەدەكرد و وایدەزانی خەتای ئێمەیە و هەڕەشەی لێدەكردین

بەهۆی هەڕەشەكانی باوكی لە مامۆستایان، ئاسایشی ناحیەی مەیدان، دەستوەردانی لە كێشەكە كرد و سەرەتای پرۆسەی خوێندن لاوەند و باوكیان بۆ چەند كاتژمێرێك دەستبەسەركرد، كاوە عەبدوڵا وایوت.

حەسیب عەلى، باوكی لاوەند دەڵێت لەبەر پەیداكردنی بژێوی ژیان فریا نەكەوتووە منداڵەكەی بەخێوبكات و ناسنامەی بۆ دەربكات.

"ساڵی پار لەسەر داوای تیمەكانی وادی وەكو گوێگر لە خوێندنگە وەرگیرا، بەڵام ئەمساڵ دوای ماوەیەك دەریانكرد"، حەسیب زیاتر وتی كە ئەو ماوەیە كوڕەكەی فێری خوێندنەوە و نوسینی بەشێك لە پیتەكان بووە.

باوكی لاوەند دەڵێت "مامەڵەی مامۆستاكان ئەمساڵ لەگەڵ كوڕەكەم باشنەبووە، بۆیە كردومەتە شەڕ لەگەڵیان... لە كوڕەكەمیانداوە و پێیانوتووە لاسایی ئاژەڵمان بۆ بكەرەوە".

lawand2
لەیلا ئەحمەد، پەیامنێری (كەركوك ناو) لەگەڵ لاوەند حەسیب فۆتۆ: كەركوك ناو

دوای ئەو شەڕە و دەركردنی منداڵەكەی لە خوێندن، حەسیب دەڵێت بیر لە جێهێشتنی گوندەكە دەكاتەوە، "خۆ خوێندنگە ماڵى باوکى کەس نییە، هى هەموو منداڵانە، من نامەوێت ئایندەی كوڕەكەم وەكو خۆم بێت، دەمەوێت بخوێنێت".

ئەو لە ساڵی رابردووەوە بە هەوڵی تیمەكانی وادی، رازیبووە سەردانی دادگا بكات بۆ ئەوەی ناسنامە بۆ كوڕەكەی دەربهێنن و بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا لاوەند ببێتە خاوەنی ناسنامەی خۆی.

کاوە عەبدوڵا، یەكێك لەو مامۆستایانەی خوێندنگەكە كە لاوەند هۆگری ئەو بووە، دەڵێت "منیش ئێستا ناوێرم وەكو جاران بانگی بکەم و دڵسۆزی خۆمی پێ نیشان بدەم، نامەوێت چیتر بێتەوە و بەهۆی منەوە خوێندنگە و خۆیشی توشی كێشە ببنەوە".

بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی منداڵ، هەموو منداڵێك مافی خوێندن و فێربونی هەیە و رێگریكردن لێی بە پێشێلكاریی دانراوە.

لاوەند ئێستا لەگەڵ باوكی زۆركات لەشاخ و كێوەكان دەمێننەوە، یان دەگەڕێنەوە ئاواییەكە و بەیانیان زوو دەچنەوە بۆ هەمان شوێن و بەدوای بەخێوكردنی ئاژەڵەوەن.

ئەو مامەڵەیە لەگەڵ لاوەند، هاوكاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی مافەكانی مرۆڤ كە ئەمڕۆ سێشەممە 10ی كانونی یەكەم دەكات، تیایدا زۆرینەی وڵاتان جەخت لە بەدەستهێنانی مافەكانی مرۆڤ دەكەنەوە لەم رۆژەدا.

دواڕۆژی لاوەند رون نییە، ئەوانەی رۆژانێك دڵسۆزی ئەو بون، ئێستا ترسیان هەیە لە شاخ و كێوەكان مین پێیدا بتەقێتەوە ژیان لەدەستبدات.

كاوە عەبدوڵا وتی "لەم ناوچانە مین و تەقەمەنى زۆری لێیە، پێش 10 رۆژ، كوڕێكی 33 ساڵان بە مین گیانیلەدەستدا، نازانین ئایندەی ئەو منداڵە چی بەسەر دێت".

نازانین ئایندەی ئەو منداڵە چی بەسەر دێت

خەڵكی گوندەكە بەشێك لە كێشەكان بۆ باوكی لاوەند دەگەڕێننەوە، دەڵێن زۆر گوێ بە نەبونی ناسنامە بۆ كوڕەكەی نادات، بەگشتی لە گوندەكەش تێكەڵاوی خەڵك نابێت. ئەوەش چارەنوسی لاوەندی زیاتر بە نادیاری هێشتۆتەوە. بەڵام هەندێك لە خەڵكی گوندەكە هاوكاریی لاوەند دەكەن لە خواردن و پێداویستی تر.

"لاوەند زۆر بێنازە، قوربانی جیابونەوەی خێزانە، رۆژانە برسیی و سەرمایەتیی و بێ جلوبەرگە، کەسێک نییە پارویەک نانى گەرمی پێبدات، ماڵی باوكی سارد و چۆڵە و بەدار خۆیان گەرمدەكەنەوە، تەنانەت خەڵكی گوندەكەش رێگەنادەن منداڵەكانیان لەگەڵیدا تێكەڵ بێت"، گەلاوێژ محەمەد، خەڵكی گوندەكە وای بە (كەركوك ناو) وت.

ئەو كێشانە وایكردووە لاوەند نەیدەزانی وەكو منداڵەكانی تر مامەڵە بكات، كاتێك گوێگر بوو، ئەوەش ئەرك بوو بۆ مامۆستاكان.

مامۆستا سکاڵا ئاراد، لە خوێندنگەكە بە خۆبەخش وانەی ئینگلیزی دەڵێتەوە، وتی "لەبەرئەوەی دایك و باوكی جیابونەتەوە و رەچاوی هەڵسوكەوتی لاوەندم دەكرد، بەڵام نەیدەزانى رەفتارى نێو خوێندنگەکە بکات و لەگەڵ هەموو منداڵەکان شەڕى دەکرد.. منداڵەکان لێیاندەدا و بۆ مامۆستاكان كێشە بوو".

ئەو بێنەوبەردەیە هەرچۆنێك بێت، هێشتا نەتوانراوە دەستەكانی لاوەند گەرمبكرێنەوە. لیوەكانی هەر بە قڵیشاوی ماونەتەوە و هەر لەسەر دیوارەكەوە لە خوێندن و یاریی منداڵان دەڕوانێت و هاوارەكەی ناگات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT