سۆلین خالید؛ كچە فریاگوزارێكی خانەقین لەناو خۆپیشاندەرانی بەغدا دەستگیركرا

سۆلین خالید (19ساڵ) كچە كوردێكی قەزای خانەقین لە ناو خۆپیشاندەرانی بەغدا دەستگیركرا

هاوڕێ ئازاد – خانەقین

سۆلین خالید (19ساڵ)، كە لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانی بەغداوە وەكو فریاگوزاری سەرەتایی و بەشێوەی خۆبەخش هاوكاری بریندارانی دەكرد، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركراوە و چارەنوسی نادیارە. براكەشی كە دوانەن هەفتەی رابردوو دەستگیركراوە.

فریال محەمەد، دایکی سۆلین، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی كانونی دووە، لەوكاتەی لەخانەقینەوە بەڕێگاوە بوو بۆ بەغدا بۆ سۆراغی كچەكەی، بە (كەركوك ناو)ی وت "كچەكەم سێشەممە 21ی مانگ لەسەر پردی محەمەد قاسم دەستگیرکرا لەوكاتەی دەیویست هاوكاریی خۆپیشاندەران بكات".

دایكی سۆلین تەنیا ئەوەی پێوتراوە كە كچەكەی دەستگیركراوە و هیچ سۆراغێكی نازانێت "نازانین سۆلین لەكوێیەو چی بەسەرهاتووە، هیچ چارەنوسێكی نازانین".

نازانین سۆلین لەكوێیەو چی بەسەرهاتووە، هیچ چارەنوسێكی نازانین

سۆلین، لە تشرینی یەكەمی 2019 لەگەڵ براكەی، وەلید خالید كە دوانەن، لە خانەقینەوە بەرەو گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بەڕێكەوتن بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكان و پێشكەشكردنی هاوكاریی بە خۆپیشاندەران.

هێزە ئەمنییەكان هەفتەی رابردوو وەلیدی برای سۆلین-یان دەستگیركرد و بەپێێ وتەی دایكیان لە بەندیخانەی فڕۆکەخانەی موسەنایە و بۆ ئازادكردنی چاوەڕێی بڕیاری دادوەرن.

solen.dastgerkirdn
سۆلین خالید (19ساڵ) لەكاتی دەستگیركردنی لەیلاەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە بەغدا

فریال وتی "داوادەكەم بەخێرایی كچ و كوڕەكەم ئازادبكرێن، ئەوان هیچ تاوانێكیان نییە، جگە لە بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندانەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بە ناعەدالەتی، گەندەڵیی و باشتركردنی بژێوی خەڵكی عیراق".

سۆلین زیاتر وەكو چالاكوانێك بەشداریی كردووە و هاوكاریی خۆپیشاندەرە بریندارەكانی دەكرد بە پێشكەشكردنی فریاگوزاریی سەرەتایی لەوكاتەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هێرش دەكرایە سەریان.

فریال وتی "بەڕێوەم بۆ بەغدا، دەمەوێت سۆراغیان بزانم، دەزانم كوڕەكەم دەستگیركراوە و لەكوێیە، بەڵام هیچ چارەنوسی كچەكەم نازانم".

بەڕێوەم بۆ بەغدا، دەمەوێت سۆراغیان بزانم، دەزانم كوڕەكەم دەستگیركراوە و لەكوێیە، بەڵام هیچ چارەنوسی كچەكەم نازانم

خۆپیشاندانەكان، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2019 دەستیپێكرد، بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاریی و هەلی كارەوە، دواتر داواكارییەكان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی سەریكێشا.

بەپێی وتەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق، 600 كەس كوژراون و 20 هەزاری تر برینداربون، ئەوەش لە وتارێكیدا لە داڤۆس كە دوێنێ چوارشەممە 22ی كانونی دووەم دەستیپێكرد.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT