نزیكەی 100 كەس داوای هەڵگرتنەوەی ئەو سێ منداڵەیان كردووە كە دایكیان لە شەقامێكدا بەجێیهێشتن

كاروان ساڵحی – كەركوك

بە وتەی ئەنجومەنی گەڕەكی خاسە لە كەركوك، نزیكەی 100 كەس لەڕێی تەلەفونەوە داوای هەڵگرتنەوەی ئەو سێ منداڵەیان كردووە، كە لەلایەن دایكیانەوە لە شەقامێكدا بەجێیهێڵدران و نازانرێت دایكیان بەرەو كوێ چووە.

ئەو سێ منداڵە كچە تەمەنیان سێ ساڵ، پێنج ساڵ و شەش ساڵە، كاتژمێر 11ی شەوی پێنجشەممە لە نزیك دادگای كەركوك و لە شەقامێكدا بەتەنیا دۆزرانەوە، لەئیستادا لای ئەنجومەنی گەڕەكی خاسەن و دۆسییەكانیان رەوانەی دادگا كراوە بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی ژیانیان.

یاوەر ئەڵا وێردى، ئەنجومەنى گەڕەکى خاسە، كە ئێستا بەبڕیاری دادوەر منداڵەكان لای ئەو ماونەتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەلایەن بنکەى پۆلیسى قۆریەوە ئاگادارکرامەوە لەوەى ئەو سێ منداڵە بەهۆى نەبونییەوە فڕێدراون و ئێستا لای منن تا بڕیار لەسەر ژیانیان دەدرێت".

دوای ئەوەی لە راگەیاندنەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دۆسییەكانیان بڵاوكرایەوە، نەنكی منداڵەكان لە شاری تكریتەوە گەیشتۆتە بنكەی پۆلیسی قۆرییە.

بەپێی لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەكان لەو كەیسە، دەركەوتووە ئەو خێزانە پێنج ساڵ لەمەوبەر چونەتە توركیا و كچە بچوكەكەیان هەرلەوێ لەدایكبووە، بەڵام حكومەتی توركیا باوكیانی رادەستی عیراق كردۆتەوە كە بەماددەی 4ی داواكراوبوو.

لەگەڵ رادەستكردنەوەی باوكیان، دادگای عیراق چوار ساڵ لەمەوبەر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەكات.

 ئەو خێزانە خەڵكی قەزای دۆرەن لە پارێزگای سسەڵاحەدین. دوای رادەستكردنەوەی باوكیان بە عیراق، ئەوانیش دەگەڕێنەوە و لە كەركوك نیشتەجێ دەبن. 

یاوەر ئەڵا وێردی، وتیشی "دادوەر داوای بەڵگەنامەی تەواوی لە نەنكیان كردووە تا رادەستیان بكات، بەڵام كچە بچوكەكە لە توركیا لەدایك بووە و هیچ بەڵگەنامەیەكی نییە".

mndal2
كەركوك/ 22ی ئایاری 2020/ سێ منداڵ دوای ئەوەی لە شەقامێكی شارەكە بەجێدەهێڵدرێن بەبڕیاری دادوەر لە ماڵی ئەنجومەنى گەڕەکى خاسە دەهێڵدرێنەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

یاوەر وتی كە لەو ماوەیەی هەواڵی ئەو سێ منداڵە بڵاوبۆتەوە، لانیكەم 100 كەس داوای هەڵگرتنەوەیان كردووە، بەڵام ئەوە پێویستی بە بڕیاری دادوەرە و ئاسان نییە.

نەنكی منداڵەكان، كەلەگەڵ ئەوە نەبوو ناوی خۆیی و منداڵەكان بڵاوبێتەوە و لای (كەركوك ناو) پارێزراوە، وتی "هاتوم بۆئەوەی بتوانم منداڵەكان لەگەڵ خۆمدا ببەمەوە تكریت".

"هیوادارم کەس جگەرى خۆى فڕێنەدات، وەکو ئەوەى بەسەر ئێمەدا هاتووە، هەموو كەس وەفای هەبێت بۆ منداڵ و هاوژینەكەی كە چەند ساڵ پێكەوە بون"، نەنكی منداڵەكان وایوت.

هیوادارم کەس جگەرى خۆى فڕێنەدات، وەکو ئەوەى بەسەر ئێمەدا هاتووە

بەپێی پەڕاوەكانی پۆلیسی قۆرییە، دایكی منداڵەكان تەمەنی 23 ساڵە و نازانرێت بۆ كوێ رۆیشتووە. بەڵام بە منداڵەكانی وتووە كە دەگەڕێتەوە بۆ توركیا.

ئەرشەد ساڵحى، سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤ لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق، هەینی 22ی ئایار سەردانی ماڵی یاوەر ئەڵا وێردى كرد بۆ بینینی منداڵەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەداخەوە لە شارى کەرکوک شوێنێک نییە بۆ داڵدەدانى منداڵانى بێسەرپەرشت بەتایبەت رەگەزی مێ، ئەوەى هەیە تەنیا خانەیەکە بۆ داڵدەدانى بەخێوکردنى منداڵانى کوڕ".

ئەرشەد وتیشی "ئەگەر بێت و دادگا منداڵەكان رادەستى کەسوکاریان نەكاتەوە، ئەوە ناچار دەبێت رادەستى خانەى بێسەرپەرشتیارانى هەولێر یان بەغدا بكرێن".

تەنیا لە پێنج مانگی رابردودا ئەمە چوارەم حاڵەتی فڕێدانی منداڵە لە كەركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT