نۆ كەرەڤانەی ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆك سوتان

دهۆك/17ی تەمموزی 2020/ ئاگركەوتنەوە لە كەمپی ئاوارەكانی قادیا. بەهۆیەوە نۆ كەرەڤانە سوتان فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز – دهۆك

نۆ كەرەڤانەی ئاوارەكان لە كەمپی قادیا لە پارێزگای دهۆك سوتان و زیانی ماددی بەر دانیشتوانەكەی كەوت، ئەوەش بەهۆی شۆرتی كارەباوە لە نێو یەكێك لە كەرەڤانەكان.

روداوەكە، كاتژمێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ی تەمموز رویدا، سەرەتا كەرەڤانەیەك سوتا و ئاگرەكە بۆ كەرەڤانەكانی تر پەرەیسەند.

موراد حەسەن دهار، یەكێك لەو هاوڵاتییانەی کەرەڤانەکەی بە تەواوی سوتاوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەناو كەمپەكە ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە نییە، كاتێك لە دەرەوەی كەمپ ئۆتۆمبێل گەیشت نۆ كەرەڤانە سوتا بون و ئاوارەكان نەیاندەتوانی كۆنترۆڵی بكەن".

لەناو كەمپەكە ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە نییە، كاتێك لە دەرەوەی كەمپ ئۆتۆمبێل گەیشت نۆ كەرەڤانە سوتا بون

"بە نیو كاتژمێر هەموو ماڵەكەم سوتا، شەش ساڵە لە ئاوارەییدا ئەم ماڵەم هەیە، هەمویم لەدەستدا".

موراد، لەناو كەرەڤانەكەیدا، تەلەفیزیۆن، سەلاجە، موبەریدە، تەنانەت وەك خۆی دەڵێت پارە و زێڕیشی لەناو بووە و لەدەستیداوە.

ئەو وتی "بەڵام سوپاس بۆ خوا زیانی گیانیمان نەبوو".

هەر كەرەڤانەیەك كە سوتاوە، نرخەكەی لەنێوان دوو بۆ سێ ملیۆن دینارە.

كەمپی قادیا، كە ئاوارەكانی قەزای شنگال و دەوروبەری تیایدا دەژین، دەکەوێتە سنوری قەزای زاخۆ و زیاتر لە سێ هەزار کەرەڤانە لەخۆدەگرێت.

"چەندین ساڵە داوا دەکەین ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بهێننە كەمپەكە، بەڵام سودی نییە و نایهێنن... ئەمڕۆ لە زاخۆوە ئاگركوژێنەوە هاتووە".

بەپێی ئامارێكی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ، هێشتا نزیكەی 200 هەزار ئێزیدی ئاوارەن و زۆرێكیان لە پارێزگای دهۆكن. لەوانەش كەمپی قادیا لە زاخۆ.

نەدیار نەجبی، بەڕێوەبەری کەمپی قادیا لەبارەی روداوەكەوە بە (کەرکوک ناو)ی وت "چەند کەرەڤانێکی ترمان هەیە كە بەكارمان نەهێناوە، هەوڵدەدەین بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشی بكەن كە زەرەرمەندبون، ئەوانەشی كەلوپەل و ماڵیان سوتاوە قەرەبویان دەكەینەوە".

وتیشی "کۆی گشتی زیانەکان زیاترە لە 15 ملیۆن دینار، ئەوەی لەتواناماندابێت بۆیان دەكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT