كەركوك كێشەی كەمئاوی "تێدەپەڕێنێت"

كەركوك/2ی تەمموزی 2020/ دیمەنێك لە پڕۆژەی ئاوی یەكگرتوو لە كەركوك فۆتۆ: گۆران بابان

سۆران محەمەد – کەرکوك

"جاران بە تانكەر ئاومان دەكڕی و كێشەی كەمئاویمان هەبوو، ئێستا بەبێ ماتۆڕ تانكییەكانمان پڕدەكەین"، هەرێم عەلی دانیشتوی گەڕەكی باروتخانە وایوت، ئەوەش دوای ئەوە هات پڕۆژەی ئاوی یەكگرتوو لە كەركوك بۆ یەكەمجار كەوتە كار.

هەرێم عەلی (29ساڵ)، یەكێكە لەو دەیان هاوڵاتییەی كە لە چەند ساڵی رابردودا روبەڕوی كێشەی كەمئاوی دەبونەوە، ناچار بە تانكەر ئاویان دەكڕی. بۆ هەر تانكەرێك بڕی 15 هەزار دینار یان زیاتریان دەدا.

ئەو وتی "پێشتر تا کاتژمێر 6ی ئێوارە ئاو نەدەگەیشتە كۆڵانەكەی ئێمە و جاری واهەبوو بە ماتۆڕیش تەنكییەكانمان پڕنەدەبون، بەڵام ئێستا کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ ئاو دەگاتە کۆڵانەکەمان، تەنانەت پێویستمان بە ماتۆڕیش نییە".

ئێستا کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ ئاو دەگاتە کۆڵانەکەمان، تەنانەت پێویستمان بە ماتۆڕیش نییە

ئیدارەی كەركوك لە سەرەتای مانگی تەمموز، پڕۆژەی ئاوی یەكگرتوی لە كەركوك خستەكار، ئەو پڕۆژەیە بە گوژمەی 93 ملیار دینار لەلایەن كۆمپانیای فاوی عیراقییەوە جێبەجێکرا. كە توانای هەناردەکردنی 12 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە بۆ ناو شاری كەركوك.

aw-2
كەركوك/2ی تەمموزی 2020/ پڕۆژەی ئاوی یەكگرتوو لە كەركوك بەشێوەی ئەزمونی كەوتەكار فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی پارێزگار

هەڵۆ سەعدی (47ساڵ)، ماڵیان لە نزیك پاركی باباگوڕگوڕە، وتی "دوو مانگ پێش ئێستا تا بەرەبەیان دوو ماتۆڕی ئاوم دادەگیرساند تا ئاومان پێبگات، بەڵام ماوەی نزیکەی 15 رۆژە بەشێوەیەکی گشتی لە درەنگانی شەودا ئاو دێتەوە، ناڵێم کێشەی کەمئاوی چارەسەر بووە، چونکە لە هەندێك گەڕەک لە هەشتی بەیانیەوە ئاو پێیان دەگات، بەڵام من 11 و دوانزەی شەو".

هێشتا گەڕەكەكەی ئەوان پێویستییان بە ماتۆڕ هەیە بۆ سەرختسنی ئاو بۆ تانكی، بەڵام بەگشتی هەڵۆ وتی "ئاو باشتر بووە".

پڕۆژەی ئاوی یەکگرتوو لە کەرکوک لە ساڵی 2010ەوە دەستكراوە بە دروستكردنی، ئەوەش دوای زیادبونی گرفتی كەمئاوی هات لە شارەكە بەهۆی زیادبونی ژمارەی گەڕەكەكانەوە.

جیهان ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "پڕۆژەكە لەسەدا 95ی كێشەی كەمئاوی چارەسەركردووە، پلانەكە ئەوەیە بە تەواوی کێشەکە چارەسەر بکەین، ئەوەش لە ڕێگای چوار کۆگای دابەشکردنی ئاو".

زیاتر وتی "ئێستا هەموو گەڕەكەكانی كەركوك ئاویان پێدەگات"، جیهان وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT