ماڵئاوا خێمە... سڵاو وێرانە

دیالە/13ی ئابی 2020/ رێگەپێدانی گەڕانەوە بۆ 750 خێزانی ئاوارە فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەمیر خانەقینی – دیالە

ئەیاد حەبیب دوای شەش ساڵ ژیان لەژێر خێمەی ئاوارەییدا، دواجار رێگەپێدانی هێزە ئەمنییەكانی وەرگرت، تا بۆ گوندەكەی لە بناری حەمرین بگەڕێتەوە. ئەو چەند رۆژێكی تر خواحافیزی لە خێمەكەی دەكات لە خانەقین، بەڵام وەك دەڵێت بۆ وێرانە دەگەڕێتەوە.

ئەیاد یەكێكە لەو 750 خێزانە ئاوارەیەی كە 13ی ئاب، رێگەپێدانی گەڕانەوەی وەرگرت، تا لەكەمپی ئاوارەییەوە بۆ گوندەكەی (ساڵح حەبیب) بگەڕێتەوە.

"ئاژەڵەكانمان هەموو لەناوچون، زەوییە كشتوكاڵیی و بیری ئاوەكانمان وێران بون، ئامێرەكانمان نەماون، ئێستا دەبێت چۆن بژین"، ئەیاد زیاتر وتی "زۆربەی خانوەكان روخێنراون و سوتێنراون، حكومەت بەر لە قەرەبوكردنەوە بەڕێماندەكات".

ئاژەڵەكانمان هەموو لەناوچون، زەوییە كشتوكاڵیی و بیری ئاوەكانمان وێران بون

ئیدارەی پارێزگای دیالە، 36ەمین كاروانی گەڕانەوەی ئاوارەكانی لە كەمپە جیاوازەكانی پارێزگاكەوە بەرەو گوندەكانیان دەستپێكرد، بڕیارە لە قۆناغی داهاتودا كۆتایی بە ئاوارەیی بهێنێت لەو پارێزگایە.

ئاوارەكان كە 750 خێزان بون، خەڵكی 18 گوندی حەوزەی حەمرین لە سنوری ناحیەی سەعدییە، ئەوان لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 ئاوارەبون، دوای ئەوەی داعش هێرشیكردە سەر ناوچەكەیان.

awara2
دیالە/13ی ئابی 2020/ رێزبونی ئاوارەكان بۆ وەرگرتنی رێگەپێدانی گەڕانەوەیان لە ناحیەی سەعدییە فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

بڕیاری گەڕانەوەیان لەكاتێكدایە، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لە شەڕی داعشدا لەناوچون، كارەبای بەشێك لە گوندەكان بڕاون و بنكەی تەندروستی و قوتابخانەكان نەكراونەتەوە و بەشێكیان روخێنراون. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەستپێكردنەوەی كاری كشتوكاڵیی و ئاژەڵداریی كاتی دەوێت.

ئەیاد حەبیب دوای وەرگرتنی كارتی رێگەپێدان، وتی "داوای قەرەبوكردنەوە و ئارامی دەكەین، ئێستا نازانین کە رێگاوبان پاکكراوەتەوە لە بۆمب و پاشماوەكانی شەڕ یان نا".

هەر خێزانێك بۆ ئەوەی رێگەپێدانی پێبدرێت، پێویستە بە سێ فلتەری ئەمنیدا تێپەڕێت، هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆی عیراق، ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و حەشدی شەعبی، ئەوەی تێبینی ئەمنی لەسەر هەبێت رێگەپێدانی پێنادرێت.

نزیكەی شەش هەزار خێزان لەكاتی دەستپێكردنەوەی گەڕانەوەی ئاوارەكانەوە رێگەپێدانیان بۆ كراوە، هەزار و 500 خێزانی تر ماون، ئەوەش بەپێی وتەی ئەحمەد زڕگوشی، بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ئێستادا تەنها یەک کاروان تری ئاوارە ماون، دواتر دۆسییەی ئاوارەکان دادەخرێت".

لە ئێستادا تەنها یەک کاروان تری ئاوارە ماون، دواتر دۆسییەی ئاوارەکان دادەخرێت

بەڵام لەگەڵئەوەشدا جەختیكردەوە كە بەشێک لە خێزانەكان هەرچەندە رێگەپێدانیان بۆ كراوە بەڵام ناگەڕێنەوە، "بەشێكیان لە ناحیەكان بونەتە خاوەن کار و بژێوی ژیانیان پێ دابین دەكرێت، بۆیە ناگەڕێنەوە گوند، بەشێکی تریان خانوەكانیان روخێنراوە و ناتوانن دروستی بكەنەوە".

بەگشتی حكومەت هێشتا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە لەبڕی ئەو زیانانەی بەر هەر خێزانێكی ئاوارە كەوتووە تا قەرەبوبكرێنەوە، رەنگە ئەوەش هۆكارێكی سەرەكی نەگەڕانەوەی بەشێك لە ئاوارەكان بێت.

شێخ زیا سەید ئیبراهیم، کەسایەتی دیاری هۆزی سومێدەع لە حەوزی حەمرین، وتی " لەئەمڕۆوە دەتوانین بچین گوندەکەمان ببینین و چارەنوسی موڵک و ماڵمان بزانین، شەش ساڵە نەمتوانیوە بچمەوە گوندەكەم".

musana tamimi
دیالە/13ی ئابی 2020/ لێپرسراوانی دیالە لەكاتی وردبینی ناوی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەو خەڵكی گوندی سەید ئیبراهیمە سەر بە ناحیەی سەعدییە، وتی "زانیاریمان هەیە بەشێک لە خانوەکانی گوندەکان روخێنراون و سوتێنراون، داواکارین قەرەبووی ئاوارەكان بكرێتەوە و بەر لە گەڕانەوەمان ئاو، کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ترمان بۆ دابین بكەن".

رێگەپێدانی گەڕانەوەی ئاوارەكان، لە مەراسیمێكدا لە سەعدییە بەڕێوەچوو، تیایدا موسەننا تەمیمی، پارێزگاری دیالە وتی "بەڵێ خانوەکانیان روخێنراون و شوێنی نیشتەجێبون بۆ خێزانەکان نەماوە، لەكاتی سەردانی سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ دیالە (مانگی تەمموز)، داواملێكرد، بڕە پارەیەكی كەم بۆ دروستكردنەوەی خانوەكانیان تەرخانبكرێت".

بەڵێ خانوەکانیان روخێنراون و شوێنی نیشتەجێبون بۆ خێزانەکان نەماوە،

هێزە ئەمنییەكان جەختدەكەنەوە لە ئارامی گوندەكانی سەعدییە كە ئاوارەكان بۆی دەگەڕێنەوە و بەڵێنی پاراستنی ژیانیان دەدەن.

ئەبو عەقیل، فەرماندە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە دەتوانین گرەنتی پاراستنی ژیانیان بدەین لەو ناوچانەی هێزەكانی ئێمەی لێیە، ناوچەكە بە تەواوی ئارامە، بەڵام نزیکەی لەسەدا 60ی خانووەكان روخێنراون".

زیاتر وتی "ئاو و کارەبا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، قوتابخانە و بنکە تەندروستییەکان دەبێت نۆژەنبكرێنەوە".

زۆرینەی ئەوانەی رێگەپێدانیان وەرگرت بۆ (كەركوك ناو) جەختیان كردەوە لەوەی نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ گوندەكانیان، تا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانیان بۆ دابین دەكەن

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT