ئێزیدین و خەڵی ناحیەی ئەلقوشن
ناسنامەی ئەو چوار كەسە ئاشكرادەبێت كە لەنێو ئۆتۆمبێلەكەدا سوتان

سلێمانی/ وێنەی ئەو خێزانەی لەناو ئۆتۆمبێلەكەی رێگای نێوان هەردوو قەزای رانیە و دوكان سوتان

عەمار عەزیز

ئه‌و چوار که‌سه‌ی بەیانی ئه‌مڕۆ هەینی له‌ سه‌ر رێگای رانیه‌ سوتان، خه‌ڵکی گوندی سرێشكان سەر بە ناحیه‌ی ئه‌لقوش لە دەشتی نەینەوا و ئێزیدین.

ئەو چوار كەسە، بەپێی وتەی كەسوكاریان كە بۆ (كەركوك ناو) قسەیان كردووە، لە دایك، باوك و دوو كوڕ پێكهاتون، تەواویان لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا بون كە ئەمڕۆ لە نێوان هەردوو قەزای دوكان و رانیە ئاگری تێبەربوو و بەهۆیەوە هەر چواریان سوتان.

دڵشاد نایف، خه‌ڵکی گوندی سرێشکا و كەسوكاری ئەو چوار كەسە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئه‌و خێزانه‌ سێ ساڵ لەمەوبەر،‌ ماڵیان لە ناحیەی ئەلقوشەوە بۆ سلێمانی گواستەوە و جار جار بۆ ماڵی برا و كەسوكاریان دەگەڕانەوە لە سنوری ئەلقوش".

وتیشی "ئێمە به‌ ژماره‌ی ئۆتۆمبێله‌کەدا ناسیوماننەتەوە، کاتژمێرێك لەمەوبەر زۆرێك لە خەڵكی گوندەكە و كەسوكارییان بەرەو سلێمانی بەڕێكەوتن بۆ هێنانەوەی تەرمەكانیان".

وتیشی ئه‌وانه‌ی سوتان چوار که‌سن، سه‌ڵاح بادین، هاوژینەكەی (له‌یلا ره‌شید)، هەردوو كوڕەكەش 10 ساڵ و هەشت ساڵن بە ناوەكانی راندی و ئارام.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT