كاره‌بای مۆلیده‌ به‌ 11 هه‌زاره‌
هاوڵاتیانی كه‌ركوك به‌ نرخه‌كه‌ قایل نین

كه‌ركوك، 31ی ئابی 2020، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی دژی زۆری نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ی ئه‌هلی فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیانی كه‌ركوك، به‌ گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایی نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانیان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ زۆری ده‌زانن، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی قایمقامی شار په‌یوه‌ندی به‌ كاتژمێره‌كانی كارپێكردنی مۆلیده‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌و گردبونه‌وه‌یه‌دا بۆ به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی قایمقامیه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك، گروپی شه‌قام به‌ ناوی هاوڵاتیانی شاره‌كه‌وه‌، داوایانكرد نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان كه‌مبكرێته‌وه‌.

ئه‌و گروپه‌، كه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كه‌ركوك پێكیانهێناوه‌، به‌ دروشمه‌كانی "گرانی نرخی كارەبای مۆلیدە ستەمێكی گەوره‌یە لە هەژاران... نا بۆ زیادكردنی نرخی كارەبای مۆلیدە) ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی.

محه‌مه‌د جه‌لیل، ئه‌ندامی گروپه‌كه‌ و به‌شداربوی گردبونه‌وه‌كه‌ به‌ رۆژنامه‌نوسانی وت "پێمانوایه‌ نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ زۆر گرانه‌ و به‌ ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین به‌رگری له‌ خه‌ڵكی هه‌ژار و هه‌ر كه‌ركوكییه‌ك بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌و نرخه‌ سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ هاوڵاتیان".

به‌پێی دوایین بڕیاری قایمقامیه‌تی كه‌ركوك، كه‌ ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 31ی ئاب ده‌رچووه‌، نرخی هه‌ر ئه‌مپێرێكی كاره‌بای مۆلیده‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی پارێزگاكه‌ بۆ مانگی ئاب 11 هه‌زار دیناره‌.

محه‌مه‌د وتی "پێویسته‌ قایمقام به‌دواداچون بكات، چونكه‌ ئه‌و نرخه‌ی له‌ كه‌ركوك هه‌یه‌ له‌ هیچ شوێنێكی دیكه‌ نییه‌، له‌كاتێكدا پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 نرخی ئه‌مپێرێك كاره‌بای مۆلیده‌ ته‌نیا سێ هه‌زار دینار بوو".

بەپێی زانیارییەكانی قایمقامیەتی كەركوك، بڕی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان نزیكدەبێتەوە لە 400 كاتژمێر لە مانگێكدا، كە بۆ هەر رۆژێك زیاتر لە 13 كاتژمێر دەكات.

فه‌لاح خه‌لیل یایچلی، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو وتی "راسته‌ پێشتر نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ كه‌متر بووه‌، به‌ڵام ئێستا هۆكاری تر هه‌یه‌، له‌وانه‌ ئه‌و به‌ڵێنده‌ره‌ی گرێبه‌ستی دابینكردنی كاره‌بای بۆ كه‌ركوك هه‌یه‌ ئێستا كاره‌با نانێرێت، به‌شه‌ كاره‌بای پارێزگاكه‌ش له‌ عیراقه‌وه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌".

ئێستا رۆژانه‌ 10 بۆ 11 كاتژمێر كاره‌بای نیشتمانی هه‌یه‌ و ئه‌ویتر به‌ مۆلیده‌ی ئه‌هلی پڕده‌كرێته‌وه‌.

"به‌رزی نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ به‌هۆی زۆری كارپێكردنی مۆلیده‌كانه‌وه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌م مانگه‌دا، له‌كاتێكدا ئێستا گازی ته‌واو به‌ مۆلیده‌كان نادرێت وه‌ك به‌ر له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر پێیانده‌درا".

پارێزگای كەركوك رۆژانە پێویستی بە زیاتر له‌ هەزار مێگاوات كارەبا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت كارەبای پێویست بە هاوڵاتیان بدات، به‌ڵام كه‌متر له‌ 750 مێگاوات كاره‌بای پێده‌گات و بۆ پێدانی كاره‌بای ته‌واو پشت به‌ 733 مۆلیده‌ی ئه‌هلی ده‌به‌ستێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT