دەنگی خۆم بۆ خۆم دەنگی تۆش دەخۆم
كەركوك لە ململانێی سێ بازنەی هەڵبژاردندا

كه‌ركوك، ئایاری 2018، پشكنینی ده‌نگده‌ران له‌به‌رده‌م بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان – كەركوك

پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكانی كەركوك لە ململانێیەكی توندان بۆ پەرتكردنی دەنگی یەكتر و كۆكردنەوەی دەنگی خۆیان، ئەوەش دوای ئەوەی پارێزگای كەركوك كرایە سێ بازنەی هەڵبژاردنەوە.

پەرلەمانی عیراق لە كانونی یەكەمی 2019دا یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكرد، جگە لە بڕگەی "فرەبازنەیی هەڵبژاردن" و كێشی كورسی پەرلەمانی نەبێت، كە تائێستا جێی ناكۆكی نێوان كوتلە و لایەنە سیاسییەكانە بەتایبەت لە پارێزگای كەركوك.

هەرچەندە بڕیاربوو لە 10ی ئەم مانگە ئەو بڕگەیە لەناو پەرلەماندا یەكلاییبكرێتەوە، بەڵام بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، لەوكاتەوە هەر لایەنێك تاوتوێی بژاردەكانی خۆی دەكات لە چۆنیەتی دابەشبونی بازنەكان بەپێی بەرژەوەندی خۆی و بە لەبەرچاوگرتنی دەنگەكانی لەناوچە جیاوازەكان.

یەكێتی و پارتی، دوو حزب و دوو بۆچون

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كە لە چوار خولی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا زۆرینەی كورسییەكانی كەركوكی بردووە، پێداگری دەكات لەسەر بۆچونەكانیان لەبارەی ئەو سێ بازنەی هەڵبژاردنەی بۆ كەركوك دانراوە.

hizbkurdikirkukk-1
كەركوك/9ی ئەیلولی 2019/ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا حزبە كوردییەكانی كەركوك بڕیاری یەكلیستیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو راگەیاند فۆتۆ: كاروان ساڵحی

عەلی قەڵایی، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "چوار بۆ پێنج بژاردەیان لەبەردەستدایە بۆ ئەو سێ بازنەیە، بەگشتی پێمانوایە بازنەكان چەند پەرتبن، بۆ ئێمە قازانجە... دەمانەوێت لە دەرەوەی شار و ناو شاریش سود لە كورسی نێو بازنەكان ببینین".

یەكێك لە بژاردەكانی یەكێتی ئەوەیە، هەردوو ناحیەی لەیلان و قەرەهەنجیر لەگەڵ چەند گەڕەكێكی ناوەندی شار، لەوانە پەنجە عەلی، باروتخانە، ئیسكان و ئیمام قاسم یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت.

یەكێتی لەو حاڵەتەدا پێشبینی ئەوە دەكات كە تەواوی كورسییەكانی ئەو بازنەیە بۆ خۆی ببات، ئەوەش بە پشتبەستن بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو.

بژاردەیەكی تری ئەو حزبە، ئەوەیە ناحیەكانی شوان، پردێ و ناحیەی تازە، لەگەڵ بەشێك لە ناوەندی شار لەوانە رەحیماوا، ئەڵماس و تەپە تا دەگاتە بینای پارێزگای كەركوك یەك بازنەی هەڵبژاردن بن، واتە دەنگی ئەو ناوچانە لەسەر بەشێكی مەڵبەندی شاری كەركوك بن.

یەكێتی پێداگری لەسەر بژاردەیەكی تریش دەكات، ئەوەش قەزای ناوەندی كەركوك، لەگەڵ داقوق و دوبز یەك بازنە بێت، جگە لە حەویجە كە پێیانباشە بازنەیەكی سەربەخۆ بێت.

عەلی قەڵایی، وتی "ئەگەر قەزاكانی دەرەوەی كەركوك، سێ یان چوار كورسی هەڵبژاردنیان بەر بكەوێت، ئێمە دەتوانین كورسییەك ببەین، لەو دوو بژاردەیەی یەكەمیش پێنج كورسی دەبەین و شەڕ بۆ كورسی شەشەم دەكەین... بەگشتی چاومان لە حەوت كورسییە بەپێی خەمڵاندنی خۆمان بۆ شێوازی بازنەكان".

بەگشتی چاومان لە حەوت كورسییە

لەو بژاردانەدا، یەكێتی هەم دەست بە دەنگەكانی خۆیەوە دەگرێت، هەم دەنگی نەیارەكانی پەرتدەكات.

بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان، پێداگریی دەكات لەوەی ناوەندی شار یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، قەزای حەویجە یەك بازنە و تەواوی قەزاو ناحییەكانی تریش بازنەیەك بن.

ئەو حزبە لەم حاڵەتەدا شەڕ بۆ دەنگی ناوەندی شار لەلایەك و قەزاو ناحییەكانی تریش دەكات.

عەلی قەڵایی وتی "ئەو بژاردەیەی پارتی لە بەرژەوەندی كورد و یەكێتیش نییە و دەبێتەهۆی پەرتكردنی دەنگی كورد".

كۆتای ژن یارییەكەی لە توركمان تێكدا

لە سەرەتادا بیروبۆچونی زاڵ ئەوە بوو پارێزگای كەركوك بكرێتە دوو بازنەی هەڵبژاردن، ناوەندی شار بازنەیەك و قەزاو ناحییەكانیش بازنەیەك، ئەوەش بەلای توركمانەوە باشتر بوو وەك سێ بازنە.

turkman-3-2
كه‌ركوك، 2018، ناڕه‌زایی لایه‌نگرانی حزبه‌ توركمانییه‌كان دژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

بەڵام پرسی سێ كورسی بۆ كۆتای ژن، یارییەكەی تێكدا، بەهۆیەوە پارێزگاكە كرایە سێ بازنە و لەهەر بازنەیەك كۆتایەكی ژن جێگیركرا. ئەوە كاریگەری دەبێت لەسەر پەرتكردنی دەنگی توركمان.

ئەحمەد رەمزی، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی بەرەی تورکمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "نامانەوێت لەئێستادا هیچ بژاردەیەک بۆ راگەیاندنەکان ئاشکرا بکەین... ژورێکی ئۆپەراسیۆنمان بەهاوبەشی لەگەڵ نوێنەرانی تورکمان لە بەغدا پێکهێناوە و کاری جدی لەسەر ئەو پرسە دەکەین".

"شەڕی سەرەتای ئێمە ئەوەبوو پارێزگاکە یەک بازنە بێت، دوو بازنەش باشتر بوو، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ سێ بازنە نەبوین، بەڵام تازە ئەوە بووە بە ئەمری واقع و ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆین بۆ چۆنیەتی دابەشکردنی ناوچەکانی کەرکوک و دەرەوەی بەسەر ئەو بازنانەدا".

عەرەب بەرچاوی رون نیە

پێكهاتەی عەرەب جگە لە ململانێكردن لەگەڵ نەتەوەكانی تر، نێو ماڵی خۆیشی پەرتە و هەندێكیان تەنانەت شەڕی ئەوە دەكەن بازنەكان چۆن لەسەر بنەمای جوگرافیای هۆز و عەشیرەتەكان دابڕێژرێن.

حاتەم تائی، وتەبێژی ئەنجومەنی عەرەبی کەرکوک – راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك یەكێكە لە سەرەكردەكانی-، دەڵێت بەرچاوی ئەوان هێشتا رون نییە تا بچنە ناو وردەكاریی دابەشكردنی بازنەكانەوە.

"دەمانەوێت بزانین لە دیاریكردنی بازنەكانی هەڵبژاردندا، ناوەندەکانی هەڵبژاردن لەیەک دەدرێن، یاخود یەکە ئیدارییەکان. بۆیە دیار نییە كۆی پرۆسەكە بەرەو كوێ دەڕوات".

dangdan
كه‌ركوك، 2018، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

هەرچۆنێك بێت پێكهاتەی عەرەب بەهۆی بونی ناوچەی داخراوەوە لەوانەش قەزای حەویجە، پێدەچێت سود لە سێ بازنەیی ببینێت، ئەگەر بتوانێت بازنەكانی تر بەپێی دابەشبونی دەنگەكانیان لە بەرژەوەندی خۆی یەكلاییبكاتەوە.

 حاتەم تائی، وتی "ئەگەر دابەشكارییەكە سەرەتا لەسەر بنەمای ئیداریی یان ناوەندەكانی هەڵبژاردن رون بێتەوە، ئەوكات ئێمە بەرچاوی زیاترمان دەبێت".

ئەو پێیوایە پەرلەمان سەرەتا دەبێت چۆنیەتی دابەشكارییەكە بۆ هەموو پارێزگاكان رونبكاتەوە، نەك بە میزاجی حزب و پێكهاتەكان و بە پێویستیشزانی یەك بنەما هەبێت بۆ دابەشكارییەكە، نەك هەر پارێزگایە و بەشێوەیەك بێت.

"كێشەی دابەشكاریی بازنەكان تەنیا نەتەوەیی نییە، تەنانەت هەندێك لایەن دەیەوێت هەموو هۆزێک لەبازنەیەکدا هەبن، بەمەش دەردەکەوێت ململانێیەکان گەیشتونەتە ئاستی هۆزگەرایی"، حاتەم تائی وایوت.

ئەو ململانێیە لەكاتێكدایە عەرەب دوو بەرەی دژ بەیەكی هەیە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كە بەسەر هەردوو عەشیرەتی عوبەیدی و جبوریدا دابەشبون.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، بەشێكی عەرەب لەگەڵ ئەوەدان قەزای داقوق لەگەڵ ناوەندی كەركوكدا بێت و هەردوو قەزای حەویجە و دوبزیش یەك بازنە بن، ئەم بژاردەیە تاڕادەیەك توركمانیش پشتگیری دەكات، بەهۆی بونی دەنگدەرەكانی لە قەزای داقوق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT