كەس گوێی لە ناڵەی محەمەد نییە
هاوژینەكەی لەدەستدا، وەفاتنامەكەی پێنادەنەوە و تۆمەتبارانیش ئازادن

محەمەد كەریم فەقێ جەباری (43 ساڵ)، فۆتۆ: سۆران محەمەد

گۆران بابان – كەركوك

محەمەد جه‌باری، ئه‌و مامۆستایه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كه‌ركوك به‌ قه‌ره‌وێڵه‌ی هاوسه‌ره‌ كۆچكردوه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌له‌پچه‌كرا، نزیكەی چوار مانگە دەستی دەستی پێدەكەن لە پێدانی وەفاتننامەی هاوژینەكەیدا، سەرباری ئەوەش حكومەت شوقەكەی لێسەندۆتەوە و تۆمەتبارانی كەیسەكەش ئازادن.

مێژوی دۆسیه‌كه‌ی محه‌مه‌د جه‌باری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 12ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ، كاتێك له‌سه‌ر دابینكردنی ئۆكسجین بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی كه‌ توشبوی كۆرۆنا بوو، له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كەركوك بووه‌ ده‌مه‌قاڵیی و له‌وكاته‌دا ئامێرێكی پزیشكی تایبه‌ت به‌ هه‌ناسه‌دانی شكاندووە. بەوهۆیەوە پۆلیس روبەڕوی وەستانەوە، دەستگیریان كرد و  ئەشكەنجەیاندا، وەك خۆی دەڵێت.

دوای رۆژێك، وه‌ك له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ده‌رده‌كه‌وێت؛ محەمەد كەریم فەقێ جەباری (43 ساڵ)، به‌ قه‌ره‌وێڵه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه (مونا ئیسماعیل 44ساڵ)‌ كه‌له‌پچه‌ كرا. روداوەكە بە گیانلەدەستدانی مونا بە بەرچاوی مامۆستا محەمەدەوە كۆتایی هات.

روداوەكە و بەتایبەت بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكە هەر زوو ناڕەزایی توڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدواداهات. محەمەد جەباری سكاڵای تۆماركرد و لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، ئەفسەرێك و سێ پۆلیسی بنكه‌ی قۆرییە دەستگیركران.

وەفاتنامەی پێنادەن

محەمەد کەریم جەباری، بە (كەركوك ناو)ی وت "وا نزیكەی چوار مانگە بە بەردەوامی داوا لە ئیدارەی نەخۆشخانەی کەرکوکی گشتی دەكەم وەفاتنامەی هاوژینەكەم پێبدەنەوە، بەڵام دەستی دەستیم پێدەكەن".

mhamamd jabari
مونا ئیسماعیل هاوسه‌ری محه‌مه‌د كه‌ریم جه‌باری دوای توشبونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیله‌ده‌ستدا

"کێشەی گەورەی من لەئێستادا وەفاتنامەكەیە، هاوژینەكەم مردووە و مافی سەرەتایی خۆمە وەفاتنامەی هەبێت، پەرلەمانتاران، فەرمانگەی تەندروستی، ئیدارەی كەركوك و تەنانەت  نوسینگەی ئەنجومەنی وەزیرانیش داوای لە نەخۆشخانەی كەركوكی گشتی كردووە، بەڵام ئەوان گوێ بەهیچ كەس نادەن"، محەمەد جەباری وایوت.

کێشەی گەورەی من لەئێستادا وەفاتنامەكەیە، هاوژینەكەم مردووە و مافی سەرەتایی خۆمە وەفاتنامەی هەبێت

دەركردنی وەفاتنامە بەتایبەت ئەگەر كەسەكە لە نەخۆشخانە مردبێت و دۆسییەكان ئامادەبن، قورس نییە و لە ماوەی 24 كاتژمێر بۆ 48 كاتژمێر تەواودەبێت، وەك نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك وایوت.

محەمەد جەباری وتی "ئەوان بە بیانوی لێكۆڵینەوە ئەم مانگ و ئەو مانگ دەكەن". هەروەها جەختیكردەوە لەوەی راپۆرتی پزیشكی دادوەری، راپۆرتی گواستنەوە و ناشتنی تەرم و تەواوی دۆسییەكانی نەخۆشخانەی پێشكەشكردووە.

نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "پرسی دواكەوتنی وەفاتنامەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئەو كەیسە كێشەی یاسایی تیایە و لە دادگایە، 16 كەیسی تریش بەهەمان شێوە كێشەیان هەیە، بۆ نمونە ناشتنی تەرمی مردوەکانیان لەسەر راسپاردە و ئاگاداری پزیشکی دادوەری نەبووە، ئەمەش لە یاسای ئێمەدا وەفاتنامەی پێنادرێت".

مامۆستا محەمەد جەباری، لە تەمموزی ئەمساڵ باسی روداوەكە دەكات

بەڵام لەگەڵئەوەشدا، نەبیل حەمدی، جەختیكردەوە لەوەی لە سەردانی ئەم مانگەیدا بۆ لای وەزیری تەندروستی عیراق، پرسی ئەو وەفاتنامانەی وروژاندووە... "من لێرەوە بەڵێنی ئەوە دەدەم، تا یەك هەفتەی تر وەفاتنامەكەیان ئامادە دەكەین و پێیاندەدەین، هەرچەندە ئەوان پێشێلكارییان كردووە، بەڵام ئێمە لەڕوی مرۆییەوە ئەو کارەیان بۆ دەكەین".

بەڕێوەبەر و پێنج پزیشك وەك "كەمتەرخەم" ناویان هاتووە

محەمەد جەباری، لەسەر دۆسییەكەی سكاڵای لە دژی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك تۆماركردووە، بەو هۆیەوە لیژنەیەكی دەستی نەزاهە لێكؤلینەوەی لەسەر دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، لێكۆڵینەوە لە بەڕێوەبەر و پێنج پزیشك كراوە و وەكو "كەمتەرخەم" ناویان هێنراوە، لیژنەكە بۆ بڕیاری كۆتایی داوای تەواوی بەڵگە و گرتە ڤیدیۆییەكانی نەخۆشخانەی گشتی كەركوكی كردووە.

"چەند گرتە ڤیدیۆیەك دراوەتە لیژنەكە، بەڵام راستی روداوەكە نیشان نادەن، پێمانوایە بەڵگە گرنگەكان كە لە بەرژەوەندی منە و بێتاوانی من دەسەلمێنێت رەوانەی لیژنەكە نەكراوە"، محەمەد جەباری وایوت.

محەمەد فەرەیدون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی كەركوك، كە ناوی لە لیژنەكاندا هاتووە، رەتیكردەوە هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو دۆسییەیە بدات.

بەڵام نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك،  لەبارەی ئەو كەیسەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو مامۆستایە سکاڵای دژی نەخۆشخانەی کەرکوک و بنکەی پۆلیسی قۆریەش تۆماركردووە، ئەوانیش سكالایان لە دژی هەیە، ئەوەندەی ئاگاداربم رێکارەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامن و زانیاری زیاترم لەبەردەستدا نییە".

بەڵام محەمەد جەباری جەختیكردەوە "لەناو راپۆرتی لیژنەكەدا ناوی  بەڕێوەبەر و  پێنج پزیشک وەكو كەمتەرخەم لە شەوی روداوەکەدا هاتووە... تەنانەت ئیدارەی نەخۆشخانەش دانیان بەو راستییەدا ناوە".

مامۆستا محەمەد، سێ داواكاری بۆ لیژنەی لێكۆڵینەوە هەیە، پێدانی وەفاتنامەی هاوژینەكەی، لێ خۆشبون لە شكاندنی ئامێرە پزیشكییەكە و سزادانی تاوانبارانی كەیسەكە.

لە 16ی تەمموزی ئەمساڵ، دوای سەردانی لیژنەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بۆ كەركوك، ئەفسەرێك و سێ پۆلیسی بنكەی قۆرییە دەستگیركران.

ئەو سێ تۆمەتبارە کاریان گواستنەوەی مامۆستا محەمەد کەریم جەباری بووە بۆ بنکەی پۆلیسی قۆریە و پاشان گەڕاندنەوەیان بۆ نەخۆشخانەی گشتی كەركوك و كەلەپچەكردنیان بە قەرەوێڵەی هاوژینەكەیەوە.

دۆسییەی هەر چوار تۆمەتبارەكە رەوانەی دادگای سەربازی موسڵ كران و لە ئێستادا بە كەفالەت و تا رۆژی دادگاییكردن ئازادن.

"من زانیاریی تەواوم هەیە كە ڤیدیۆی ئەوكاتەش تۆماركراوە كە پۆلیسەكان هەڕەشەی ئەشكەنجەدانم لێدەكەن كاتێك دەمگوازنەوە، هەروەها كاتێك لێمدەدەن لەناو نەخۆشخانەكە، بەڵام ڤیدیۆكان شاردراونەتەوە و رادەستی دادگا و لیژنەی لێكۆڵینەوەی ناكەن"، محەمەد وایوت.

محەمەد پێیوایە كاركردن لە دۆسییەكەیدا بە خاوی بەڕێوەدەچێت، "بەداخەوە زۆر كەسی حزبیی و حكومی بەڵێنی پشتگیرییان دام تا سزادانی تۆمەتباران، بەڵام لە ئەرزی واقعدا هیچ دیار نییە".

ئەو مامۆستایە لە ماوەكانی رابردودا رەتیكردەوە سازش لە دۆسییەكەی بكات لەڕێی سوڵحی عەشایەرییەوە. "داوام لێدەکەن سکاڵاکەم بکشێنمەوە، بەڵام من دەمەوێت دۆسییەکە بە رێڕەوی یاسایی خۆیدا بڕوات".

داوام لێدەکەن سکاڵاکەم بکشێنمەوە، بەڵام من دەمەوێت دۆسییەکە بە رێڕەوی یاسایی خۆیدا بڕوات

مونا ئیسماعیل (44 ساڵ)، هاوژینی مامۆستا محەمەد، فەرمانبەری كۆمپانیای نەوتی باكور بوو، بەو هۆیەوە شوقەیەكی كۆمپانیا پێدرابوو وەك هەر فەرمانبەرێكی تری كۆمپانیاكە.

ئەو كە ئێستا دوو منداڵی لە دوای خۆی بەجێھێشتووە (یوسف 12 ساڵ و ئالان 10 ساڵ)، هەفتەی رابردوو بە بڕیاری كۆمپانیا نەوتی باكور لەو شوقەیە دەركران.

"شوقەكەمان لێ سەندرایەوە و بێ شوێن ماینەوە، من چاوەڕێی ئەوە بوم تۆمەتباران سزابدرێن نەك من"، محەمەد پێیوایە لێسەندنەوەی شوقەكەی جۆرێكە لە سزادان.

محەمەد وتی "من دەمەوێت مافەكانم بەدەستبهێنم، سزادانی ئەوانەی كەمتەرخەمبون لە گەیاندنی ئۆكسجین بۆ هاوژینەكەم، ئەوانەشی لێیاندام و ئەشكەنجەیان دام، كەچی ئێستا بەپێنەدانی وەفاتنامە سزام دەدەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT