كەركوك پشتگیری سلێمانی دەكات
"خەڵك بۆ نان دێتە سەر شەقام مەیانكوژن"

كەركوك/ 12ی كانونی یەكەمی 2020/ گردبونەوەی ژمارەیەك لە چالاكوانانی كەركوك بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندانەكانی سلێمانی فۆتۆ: گۆران بابان

گۆران بابان

ژمارەیەک لە  چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی، مامۆستا و پارێزەر لە كەركوك پشتگیری خۆیان بۆ خەڵكی پارێزگای سلێمانی و هەرێمی كوردستان دەربڕی و داوایان لە هێزە ئەمنییەكان كرد دەست لە كوشتن و توندوتیژی خۆپیشاندەران هەڵبگرن.

ئەو پشتگیرییە لە گردبونەوەیەكدا هات كە شەممە 12ی كانونی یەكەم لە پاركی قەڵای كەركوك بەڕێوەچوو.

محەمەد جەلیل، مامۆستا و یەكێك لە بەشداربوانی گردبونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئامانجی گردبونەوەكەیان، راگەیەنراوێكی خوێندەوە و وتی "حکومەتی هەرێم دەبێت مل بۆ داواکاری ماف و خواستی خەڵک بدات و چاکسازی راستەقینە ئەنجام بدات، دەست لە کوشتنی خۆپیشاندەری بێ نان و خزمەتگوزاری هەڵبگرێت".

وتیشی "ئێمە لە نزیکەوە هەست بە نەهامەتی خەڵکی هەرێمی كوردستان دەکەین، چونکە ئێمەی مامۆستاش لە کەرکوک کە موچەکانمان سەر بە هەرێمە لە دۆخێکی دژوارداین و خەڵک داوای قوت و بژێوی دەكات، بەڵام بەداخەوە لەبری جێبەجێکردنی داخوازییەکانیان، دەسەڵات دەنگەکان کپدەکات و بە فیشەک و گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی خۆپیشاندەران دەداتەوە".

"ئێمە لەگەڵ ئەوەی پشتگیری داخوازییەکانی خەڵکی هەرێمین، هاوکات دژی هەوڵی سوتاندنی فەرمانگە و دەزگا حکومییەکانین، هەروەک دژی بەکارهێنانی هێزین لەهەر لایەکەوە بێت"، محەمەد جەلیل وایوت.

ڤیدیۆ: گردبونەوەی ژمارەیەك لە چالاكوانانی كەركوك بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندانەكانی سلێمانی

خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیپێكرد، دژی پێنەدانی موچە و كەمی خزمەتگوزاریی، بەڵام دەسەڵات بە گولـلە و توندوتیژی وەڵامی دایەوە و تائێستا بەپێی نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی كوردستان، نۆ كه‌س كوژراون و زیاتر له‌ 60 كه‌سی تر برینداربون.

چالاكوانانی كەركوك داوایان لە حكومەتی هەرێم كرد، لە بری توندوتیژی وەڵامی خواستەكانی خۆپیشاندەران بدەنەوە و جەختیانكردەوە لەوەی "توندوتیژی قەیرانەكە قوڵتر دەكاتەوە".

ساماڵ بازیانی، مامۆستای ئایینی كە لە كۆنگرەكەدا بەشداربوو، وتی "بێدەنگكردنی خەڵك جێگای قبوڵ نییە و ناکرێت خەڵک لە وتنی راستییەکان بێ دەنگ بکرێت، نە ئایین، نە یاسا و نە کۆمەڵ لەگەڵ ئەوەدا نین مرۆڤ ئازادییەکانی لێ قەتیس بکرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT