حكومەتی هەرێم موچەی مامۆستایانی بێسەروشوێن خەرجدەكاتەوە

نه‌ینه‌وا، 29ی تشرینی دوه‌می 2020، خوێندكارێكی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی به‌ ده‌مامكه‌وه‌ یه‌كه‌م رۆژی ساڵی نوێی خوێندن ده‌ستپێده‌كات فۆتۆ: په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا

عه‌مار عه‌زیز – نەینەوا

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا موچەی ئەو مامۆستایانە خەرجبكات كە لەسەردەمی شەڕی داعشدا رفێنراون و بێسەروشوێنبون، ئەوەش دوای ئەوەی سێ ساڵە موچەكانیان راگیراوە.

17 مامۆستا لە قەزای شنگال سەر بە پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 3ی ئابی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێنران و بێسەروشوێن بون و لە 2017ەوە موچەكانیان بە تەواوی راگیرا، بەڵام شەش لەو مامۆستایانە تەواوی موچەی ئەو سێ ساڵەیان پێدرایەوە، ئەوەش بەپێی بڕیارێكی حكومەت.

مه‌یسه‌ر حه‌جی، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی شنگال – سەر بە حكومەتی هەرێم-، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ناوەڕاستی 2014ە تاوەكو كۆتایی 2016 حكومەت موچەی ئەو مامۆستایانەی رانەگرت، بەڵام دواتر موچەكانیان راگیرا، بەهۆی ئەوەی بەشدارییان نەكرد لە سیستمی بایۆمەتری تایبەت بە رێكخستنەوەی موچە".

زیاتر وتی "دواى راگرتنی موچه‌کانیان، که‌سوکارییان چونە دادگا و داوای مافەكانیان كرد، ئەوە بوو لە 4ی كانونی دووەم، حكومەت فەرمانی خەرجكردنی موچەی شەش لەو 17 مامۆستایەی دا كە بڕەكەی 118 ملیۆن دینارە".

دواى راگرتنی موچه‌کانیان، که‌سوکارییان چونە دادگا و داوای مافەكانیان كرد

لەبارەی موچەی 11 مامۆستاكەی ترەوە، مەیسەر جەختیكردەوە كە ئەوانیش لە ماوەیەكی نزیكیدا موچەكانیان بۆ خەرجدەكرێت.

هاوكات 60 مامۆستا و فەرمانبەری تری قەزای شنگال، كە میلاكیان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراق بوو و بێسەروشوێنن، موچەكانیان نەبڕدراو لەكاتی خۆیدا بە كەسوكاریان دەدەن.

سه‌عد متۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی شنگال سەر بە حكومەتی عیراق، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "ئەو 60 مامۆستا و فه‌رمانبه‌رەی ئێمه‌ که‌وتنه‌ ده‌ست داعش تا ئێستاش چاره‌نوسیان دیار نییە، بەڵام که‌سوکارییان وه‌کاله‌تیان لای ئێمه‌ دروستكردووە و هه‌موو مانگێک بێ کێشه‌ موچه‌یان پێده‌درێت، یه‌ک مانگیش رانه‌گیراوە".

"ته‌نیا موچه‌ی ئه‌و مامۆستایانه بڕدراوە، كە چونەتە دەرەوەی عیراق و نەگەڕاونەتەوە"، سەعد متۆ وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT