بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140
كەركوك داوای 60 ملیار دینار دەكات و بەغدا 12 ملیار دیاریدەكات

هاوڵاتییه‌كی كورد نوسراوی سه‌ر دیوارێك ده‌خوێنێته‌وه‌: داعش مادده‌ی 140ی جێبه‌جێكرد، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان بۆ ته‌واوی ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌ساڵی 2014

سۆران محەمەد – کەركوك

وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق تەنیا بڕی 12 ملیار و 900 ملیۆن دیناری دیاریكردووە بۆ قەربوكردنەوەی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی ماددەی 140دا، ئەوەش لەكاتێكدایە نوسینگەی كەركوكی جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە داوای 60 ملیار دیناری كردووە.

دیاریكردنی ئەو 12 ملیار و 900 ملیۆنە لە پڕۆژە بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2021 كە ئاراستەی پەرلەمانی عیراق كراوە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی قۆناغی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكانی جێناكۆكە بەپێی ماددەی 140ی دەستوری عیراق.

جەمال شکور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و یەكێك لە نوێنەرانی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا هەزاران خێزان ماون لە چوارچێوەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوكدا قەرەبوو وەربگرنەوە، بۆ ئەو مەبەستە حكومەتی عیراق لە پڕۆژە بودجەی ئەمساڵدا 12 ملیار و 900 ملیۆن دیناری دیاركردووە، ئەوەش بۆ راییكردنی كارەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بڕێكی زۆر كەمە".

بۆ ئەو مەبەستە بەشێك لە پەرلەمانتاران ناڕازین و رەخنەیان لە دیاریكردنی ئەو بڕە گرتووە، بەو هۆیەوە لەڕێی لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزارەتی داراییەوە داوایان لە نوسینگەی كەركوكی جێبەجێكردنی ماددەی 140 كردووە بە نوسراوێك بڕی پێویستی پارەكە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە بنێرن بۆ حكومەتی عیراق.

جەمال شوكر، وتی "نوسینگەی کەرکوکی مادەی 140 وەڵامی نوسراوەکەی داوەتەوە و  تیایدا داوای بڕی 60 ملیار دینار دەکەن بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو ئاوارانەی کە لە چاوەڕوانی قەرەبوكردنەوەدان".

نوسینگەی کەرکوکی مادەی 140 داوای بڕی 60 ملیار دینار دەکەن

بەپێی ماددەی 140ی دەستور کە لە سەرەتای ساڵی 2005دا زۆرینەی دەنگدەرانی عیراق بە بەڵێ پەسەندیان کردووە، پێویستە چارەنوسی "ناوچەی جێناکۆک" دوای هەر سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە، سەرژمێریی و راپرسی بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.

وادەی جێبەجێکردنی ئەو سێ قۆناغە و یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی ئەو ناوچانەش تا کۆتایی ساڵی 2007 دیاریکرابوو.

هەرچەندە 14 ساڵ بەسەر تەواوبونی ئەو وادەیەدا تێپەڕی کردووە، بەڵام تائێستا تەنیا بەشێکی کەم لە قۆناغی یەکەمی کە ئاساییکردنەوەیە جێبەجێکراوە، لەگەڵئەوەشدا ئەو ماددەیە سڕنەکراوە و کاریپێدەکرێت.

لە ساڵی 2020دا بودجەی عیراق پەسەند نەكرا، بەڵام لە ساڵی 2019دا بڕی 50 ملیار دینار تەرخانكرا بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT