قوڵبڕین لە كەمپی ئاوارەییدا
دوو كەس 700 هەزار دولاری خەڵك دەبەن

دهۆك/ 2021/ دیمەنێك لە ناوەندی كۆمەڵگەی شاریا فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز – دهۆك

دوو كەس لە كۆمەڵگەی شاریا لە دهۆك، لانیكەم 700 هەزار دۆلاری خەڵك دەبەن، دوای ئەوەی بەناوی وەرگرتنی ڤیزا و رەوانەكردنیان بۆ ئەوروپا پارەكانیان لێوەرگرتون، بۆ ئەو مەبەستەش 12 كەس سكاڵایان لای پۆلیس تۆماركردووە.

ئەو دوو كەسە، نیشتەجێی كۆمەڵگای شاریان – تایبەتە بە ئاوارەكان-، دەكەوێتە قەزای سێمێڵ لە پارێزگای دهۆك، زیاتر لە ساڵێكە هەر لەناو كەمپەكە نوسینگەیەكی حەواڵە و ئاڵوگۆڕی دراویان كردۆتەوە و دواتر "مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزای ئەوروپا"یان بۆ خەڵك و بەتایبەت دانیشتوانی كەمپەكە دەستپێكردووە.

هەر لەو رێگەیەوە بەپێی وتەی وتەبێژی پۆلیسی دهۆك بۆ (كەركوك ناو)، لانیكەم 700 هەزار دۆلاریان لە خەڵك كۆكردۆتەوە.

عیدۆ فەرمان، نیشتەجێی کۆمەڵگای شاریا، بە (كەركوك ناو)ی وت "كوڕەكەم لە ئەڵمانیایە و هەوڵیدەدا دەستگیرانەكەی ببات، بۆ ئەوەش من چومە ئەو نوسینگەیە و وتیان بە 15 هەزار دۆلار دەیگەیەنینە ئەڵمانیا و رادەستی هاوژینەكەی دەكەین، بەڵام دوای هەشت مانگ نە بوکەکەم گەیشتە ئەڵمانیا و نە پارەكەشیان پێدامەوە".

كوڕەكەم لە ئەڵمانیایە و هەوڵیدەدا دەستگیرانەكەی ببات، بۆ ئەوەش من چومە ئەو نوسینگەیە و وتیان بە 15 هەزار دۆلار دەیگەیەنینە ئەڵمانیا

عیدۆ فەرمان، نمونەیەكە لەو دەیان كەسەی كە بە ناوی گەیشتن بە ئەوروپا و وەرگرتنی ڤیزاوە چونەتە ئەو نوسینگەیە و پارەیان خەواندووە.

لەبارەی ئەوەی چۆن بوو بڕیاریدا كە پارەیان پێبدات، عیدۆ دەڵێت ئەو دوو كەسە ماوەیەك لە ناوەندی كۆمەڵگەی شاریا بە خەڵکیان دەوت كێ ڤیزای ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپای دەوێت دەتوانین بەدەستی بهێنین.

sharyaa
دهۆك/ 2021/ دیمەنێك لە ناوەندی كۆمەڵگەی شاریا فۆتۆ: عەمار عەزیز

"دەیانوت گەیشتن بە ئەوروپا بەتایبەت ئەڵمانیا زۆر ئاسانە، من و دەیان كەسی تری ناو كەمپەكە باوەڕمان پێكردن... هەر لەناو نوسینگەكە پارەكەمم پێدان"، عیدۆ وایوت.

ئەو دوو كەسە كە خاوەندارێتی ئەو نوسینگەیان كردووە، عیدۆ و بوكەكەی روبەڕوی كێشەیەكی گەورەتر دەكەنەوە.

ئەو وتی "دوای ماوەیەك لە پێدانی پارەكە، بوكەكەمیان بردە ئازەربایجان، نزیكەی چوار مانگ لەوێ مایەوە، خاوەن نوسینگەكان هەر رۆژە و قسەیەكیان دەكرد، ئیتر تێگەیشتم ئەمە هەموی فێڵ و ساختەیە... پێموتن بوكەكەم بۆ بهێننەوە و ئێستا لای خۆمە و لەگەڵ ئێمەدا دەژیت".

بوكەكەمیان بردە ئازەربایجان، نزیكەی چوار مانگ لەوێ مایەوە، خاوەن نوسینگەكان هەر رۆژە و قسەیەكیان دەكرد، ئیتر تێگەیشتم ئەمە هەموی فێڵ و ساختەیە

لەوكاتەشەوە عیدۆ دۆسییەكەی بردۆتە دادگا و چاوەڕێی یەكلاییكردنەوەی كێشەكەی دەكات.

"مانگێكە لە دادگا سكاڵام كردووە و داوای مافی خۆمان و قەرەبوكردنەوە دەكەین، یەكێك لەو دوو كەسە دەستگیركراوە، ئەوەی تر دیار نییە و نازانرێت بۆ كوێ رۆیشتووە"، عیدۆ وایوت.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە (كەركوك ناو)ی وت "سكاڵای 12 كەسمان پێگەیشتووە و رەنگە سكاڵاكان لە رۆژانی داهاتودا زۆر زیاتربن، چونكە بەپێی خەمڵاندنی ئێمە ئەو دوو كەسە لانیكەم 700 هەزار دۆلاری خەڵكیان بردووە".

بەپێی خەمڵاندنی ئێمە ئەو دوو كەسە لانیكەم 700 هەزار دۆلاری خەڵكیان بردووە

وتیشی "ئەو دوو كەسە سەرەتا نوسینگەی ئاڵوگۆڕ و حەواڵەكردنی دراویان داناوە، دواتر بە خەڵكیان وتووە ڤیزاتان بۆ وەردەگرین و دەتاننێرینە ئەوروپا، بەتایبەت ناوی ئەڵمانیا و ئیسپانیایان هێناوە، خەڵكێكی زۆیش باوەڕیان بە قسەكانیان كردووە... ئەو خەڵكە دوای بێهیوابونیان ئینجا سكاڵایان گەیاندۆتە پۆلیس".

بەپێی لێكۆڵینەوەی پۆلیس و ئەو كەسانەشی قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كردووە، ئەو دوو نوسینگەیە تەنیا وەسڵێكیان بەو كەسانە داوە كە پارەیان لێ وەرگرتون.

هێمن سلێمان وتی "یەكێك لەو دوو كەسەمان دەستگیركردووە، دانیەوەداناوە كارەكەیان فێڵكردن بووە لەو خەڵكە و لانیكەم 700 هەزار دۆلاریان لەو رێگایەوە وەرگرتووە، كەسی دووەمیش هەڵاتوە و نازانرێت لە كوێیە".

كەسێكی تری ناو كۆمەڵگەی شاریا، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "من بۆ ئەوەی باوكم ببەنە ئەڵمانیان 10 هەزار دۆلارم پێدان، باوكم نەخۆشە و ناچاربوم هەوڵێكی بۆ بدەم، باوەڕم بەو كەسانە كرد و ئەوانیش بردیانە ئازەربایجان".

وتیشی "دوای ماوەیەك هەر چۆنێك بێت باوكمیان هێنایەوە، بێئومێدبوین لەوەی لە ئازەربایجانەوە بیانبەنە ئەڵمانیا".

"چەند جارێك داوای پارەكەمان كردەوە، بەڵام هەر جارە و قسەیەكیان دەكرد، تا دواتر ئۆتۆمبێلێکێكیان پێداین لەبری پارەكە، ئێمەش سكاڵامان نەكرد".

بەپێی وتەی پارێزەر ئەیاز سەعید، "هەركەسێك بە فێڵ، درۆ و هەڵخەڵەتاندن پارە لە خەڵك وەربگرێت ئەوا بەپێی ماددەی 456ی یاسای سزادانی عیراقی سزادەدرێت، ئەوەش بە زیندانی لە سێ مانگ بۆ پێنج ساڵ".

هەركەسێك بە فێڵ، درۆ و هەڵخەڵەتاندن پارە لە خەڵك وەربگرێت ئەوا بە زیندانی لە سێ مانگ بۆ پێنج ساڵ

لەگەڵئەوەشدا دەبێت كۆی ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە كە لە خەڵكەكەی وەرگرتووە، هەر بەپێی وتەی ئەیاز سەعید.

په‌یامنێری (که‌رکوک ناو)، چەند جارێك هەوڵیدا لەگەڵ كەسوكاری ئەو دوو كەسە – خاوەن نوسینگەیە-دا قسەبكات، به‌ڵام  بەهیچ شیوەیەك ئامادەنەبون لەوبارەیەوە بدوێن.

ئەو ئاوارانەی لە كۆمەڵگەی شاریا دەژین زۆرینەیان خەڵكی شنگالن و لە ناوەڕاستی 2014ەو لە سەردەمی شەڕی داعشدا ئاوارەبون و تائێستا لەبەر خراپی دۆخی ئەمنی ناوچەكە و نەبونی خزمەتگوزاریی نەگەڕاوەنەتەوە زێدی خۆیان.

وتەبێژی پۆلیسی دهۆک، وتی "جگە لەو پارەیەی لە خەڵكیان وەرگرتووە، چارەنوسی ئەو پاسپۆرت و بەڵگەنامە فەرمییانەش نادیارە كە لە خەڵكیان وەرگرتووە.. هەوڵی خۆمان دەدەین تاوانبارەکەی تریش دەستگیربکەین و رادەستی دادگایان بكەین".

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT