راكان سەعید بۆ پڕۆژەكەی جەلال تاڵەبانی دەگەڕێتەوە

كەركوك/ 23ی ئەیلولی 2019/ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەر لە هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

گۆران بابان - كەركوك

راکان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەکالەت، یاریدەدەرێكی رادەسپێرێت پۆستەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ڕێژەی لەسەدا 32 بەسەر عەرەب، كورد و توركماندا دابەشبكاتەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە رێككەوتنێكی 12 ساڵ لەمەوبەر لەسەر بنەمای پڕۆژەكەی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق لەبارەی كەركوكەوە.

لە 28ی تەمموزی 2009دا پێكهاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك – ئێستا بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق هەڵوەشاوەتەوە-، رێككەوتن تەواوی پۆستە ئیداریی و كارگێڕییەكانی كەركوك بە رێژەی لەسەدا 32 بۆ هەریەكە لە كورد، عەرەب و توركمان و لەسەدا چوار بۆ پێكهاتەی كریستیان لە نێوان خۆیاندا دابەشبكەن، ئەوەش بنەمای پڕۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق و سكرتێری پێشوی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە كە لەو پارێزگایە كاری پێدەكرێت.

دوای نزیكەی 12 ساڵ لەو رێككەوتنە، لە 18ی ئادار، راكان سەعید جبوری، بە نوسراوێك عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگار رادەسپێرێت، گۆڕانكارییەكان لە پۆستە كارگێڕیی و ئیدارییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك جێبەجێبكات، ئەوەش بەپشتبەستن بە رێككەوتنی ساڵی 2009. بەڵام كورد هەوڵەكەی راكان سەعید لەڕێی حكومەتی فیدراڵەوە راگرت.

سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "20 پۆست لەنێو دامەزراوەی ئەنجومەنی پارێزگادا هەیە، دیارترینیان، سكرتێری سەرۆكی ئەنجومەن، لێپرسراوی هۆبەی راگەیاندن، ژمێریاری، ئیداریی و كارگێڕی، پلاندانان، بەدواداچون و چەندین بەشی دیكە، نوسراوەكەی پارێزگاری كەركوكیش تایبەتە بە كاراكرانەوەی رێككەوتنی ساڵی 2009".

rakan-11
كەركوك/ یەكی تەمموزی 2019/ راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە یەكێك لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگادا. فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی رێككەوتنی ساڵی 2009، كە هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوك و كریستیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك واژۆیانكرد، پۆستی پارێزگار بۆ كورد، جێگری پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ توركمان بوو، پۆستەكانی تری ئەنجومەن و ئیدارەی كەركوكیش بەڕیژەی لەسەدا 32 بۆ هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكە و لەسەدا چواریش بۆ كریستیان. بەڵام بەشێكی ئەو رێككەوتنە هێشتا جێبەجێنەكراوە لەوانەش ئەو 20 پۆستەی نێو ئەنجومەن.

هەرچەندە ئەوكات كورد رەزامەندی نیشاندا، بەڵام لەئێستادا تاكە لایەنە دژایەتی خۆی بۆ هەوڵەكەی راكان سەعید نیشاندەدات، بەو هۆیەوە ناڕەزاییەكانیان بردە حكومەتی عیراق و گۆڕانكارییەكانیان راگرت.

جەمال شکور، یەكێك لە نوێنەرانی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "بەو هەوڵە رازی نەبوین، ئەوە هەنگاوێكی مەترسیدارە، چونكە ئەو گۆڕانكارییانە لەكاتێكدایە هەوڵێكی جدیی هەیە لەڕێی دادگای فیدراڵییەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەرلەمانی عیراق....". هەروەها بێستون عادل پەرلەمانتاری هەمان حزب جەختیكردەوە لەوەی ئەوان لەڕێی حكومەتی عیراقەوە فشاریان كردووە تا ئەو گۆڕانكارییانەی راكان سەعید رابگیرێن.

بەو هەوڵە رازی نەبوین، ئەوە هەنگاوێكی مەترسیدارە

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ کاروباری هونەری لە پێكهاتەی عەرەب، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەرچەندە روئیایەكی رون نییە لەبارەی ئەم پرۆسەیەوە، بەڵام شتێكی نامۆش نییە، ئەمە درێژكراوەی پرۆسەی هاوسەنگكردنەوەی پشكی پێكهاتەكانە لە تەواوی دامودەزگاكانی شارەكە و دوو ساڵ دەبێت جارێكی تر هەوڵی ئەم گۆڕانكارییانە دەستیپێكردۆتەوە".

وتیشی  "هەردوو پێكهاتەی كورد و توركمان هاوشان لەگەڵ پێكهاتەی عەرەب دوو ساڵ لەمەوبەر بەسەرپەرشتی تۆرهان موفتی – وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پارێزگاكان لە سەردەمی دەسەڵاتی عادل عەبدولمەهدی – رێككەوتنیان كرد بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە هەموو فەرمانگەكانی كەركوك جێبەجێبكرێت".

عەلی حەمادی، كە هاوكات لەلایەن راكان سەعیدەوە ئەركی ئەو گۆڕانكارییانەی پێسپێردراوە، زیاتر وتی "لە ساڵی 2019دا، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك (كاكەڕەش سدیق بە نوێنەرایەتی لیستی برایەتی  - زۆرینە كورد - ، بورهان مەزهەر عاسی لە پێكهاتەی عەرەب و تەحسین كەهییە لە پێكهاتەی توركمان)، رێككەوتنەكەیان بۆ گۆڕانكارییەكان قبوڵكردووە، بەڵام ئەوكات جارێكی تر جێبەجێنەكراو ئێستا هەوڵەكە دەستیپێكردۆتەوە".

لەبارەی ئەوەی ئایا گۆڕانكارییەكان جێبەجێدەكرێت، عەلی حەمادی وتی "هەوڵەكە ناڕەزایەتی كوردی بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆیە پرۆسەکەش بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراوە".

بەڵام جوان حه‌سه‌ن، ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "خوێندنەوەی ئێمە بۆ هەوڵەكەی راكان سەعید ئەوەیە پێدەچێت ناوبراو دڵنیابێت لەوەی دادگای فیدراڵی پێچەوانەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق هەنگاو دەنێت و ئەنجومەنی پارێزگاكان بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان،  بۆیە دەیەوێت بەر لەو بڕیارە هەژمونی زیاتری خۆی بسەپێنێت لەنێو ئەو جومگەیەی ئیدارەدان و بەر لەهەر بڕیارێك دەستی خۆی بوەشێنێت کەسانێک دابنێت کە لەژێر رکێفی ئەودا مامەڵە بکەن".

بڕیارە لە 19ی نیسانی ئەمساڵ، دادگای فیدراڵی عیراق بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسییەی هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بدات.

پەرلەمانی عیراق لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا لە كۆتایی 2019دا تەواوی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقی هەڵوەشاندەوە، تەنیا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نەبێت.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، لەئێستادا زۆرینەی ئەو پۆستانەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە راكان سەعید داوای سەرلەنوێ دابەشكردنەوەیان دەكات بە دەست كوردەوەیە، دوای ئەوەی رێككەوتنەكەی ساڵی 2009 وەكو خۆی جێبەجێنەكرا.

گۆڕانكارییەكان بەپێی هەوڵەكەی راكان سەعید

پشكی عەرەب

سکرتێری سەرۆکی ئەنجومەن، بەڕێوەبەری بەشەكانی (هونەری، کۆمپیوتەر)، نوسینگەی لیژنەکان، نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن

پشكی كورد

بەڕێوبەری نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەن، بەڕێوەبەری بەشەكانی ( وردبینی، ئالیات، کاروباری هاوڵاتیان و خزمەتگوزارییەكان).

پشكی توركمان

سکرتاریەتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، بەڕێوەبەری بەشەكانی (ئیدارە، یاسایی، پلاندانان و بەدواداچون، بەشی راگەیاندن).

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT