سەرۆك و ناوی هاوپەیمانێتی حزبە توركمانییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو گۆڕدرا

كەركوك/ 8ی نیسانی 2021/ كۆنگرەی رۆژنامەوانی حزبە توركمانییەكان. فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان ساڵحی – كەركوك

حەسەن تۆران، وەكو سەرۆكی هاوپەیمانێتیی بەرەی توركمانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دیاریكرا لە جێگەی ریاز ساری كەهیە، سەرۆكی حزبی توركمانی ئیلی و ناوی هاوپەیمانێتییەكەش گۆڕدرا.

ئەو گۆڕانكارییانە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی نیسان ئاشكراكرا، تیایدا نوێنەری حزبە توركمانییەكان جەختیانكردەوە لەسەر بەشداریكردنیان لە تەواوی عیراق لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا، ئەوەش بەناوی (بەرەی توركمانی عیراق) و حەسەن تۆران، وەكو سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە دیاریكرا.

حەسەن تۆران، كە لە 28ی ئادار وەكو سەرۆكی بەرەی توركمانی لە شوێنی ئەرشەد ساڵحی دەستبەكاربوو، ناوەڕۆكی كۆبونەوەی حزبە توركمانییەكانی بۆ راگەیاندنەكان باسكرد و جەختی لە یەكپارچەیی خاكی عیراق و "عیراقیبونی كەركوك بە ناسنامەی توركمانی" كردەوە. لەگەڵ ئاماژەدان بە رێككەوتنیان بۆ بەشداریكردن بەیەك هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق كە بڕیارە لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

بەپێی راگەیەنراوێكی كۆبونەوەكە، حزبە توركمانییەكان رێككەوتون، حەسەن تۆران سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە بكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە لە 10ی شوباتی ئەمساڵ، لانیكەم نۆ حزب و لایەنی توركمانی رێككەوتن بە هاوپەیمانێتی "بەرەی حزبە توركمانییەكان" بەشداری هەڵبژاردن بكەن و ریاز ساری كەهیە، سەرۆكی حزبی توركمان ئیلی، سەرۆكایەتی  بكات.

هەر لەبەیاننامەكەدا جەختكراوەتەوە لە "پاراستنی دەستکەوتەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەو سەقامگیری ئەمن و ئاسایش".

turkan.
كەركوك/ 5ی نیسانی 2021/ ئاهەنگێكی توركمانەكان لەسەر قەڵای كەركوك. فۆتۆ كاروان ساڵحی

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك كشانەوە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ جێگەی گرتنەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیاری سەپاندنی یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی هەمان ساڵ.

گۆڕینی سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە لە ریاز ساری كەهیەوە بۆ حەسەن تۆران، لەكاتێكدایە، پێشتر رێكخراوەكانی سەر بە بەرەی توركمانی ناڕەزایی خۆیان نیشاندا لە دیاریكردنی ریاز ساری كەهیە و داوایانكرد ئەرشەد ساڵحی جێگەی بگرێتەوە كە ئەوكات سەرۆكی بەرەی توركمانی بوو.

لە هەڵبژاردنەكانی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا، لەنێو حزبە توركمانییەكاندا تەنیا بەرەی توركمانی عیراقی توانیویەتی كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت. لە سێ هەڵبژاردنی رابردوشدا ئەرشەد ساڵحی سەرۆكایەتی لیستی كردووە بۆ هەڵبژاردن.

لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا لە ئایاری 2018، توركمان 90 هەزار دەنگی لە پارێزگای كەركوك بەدەستهێنا و بونە خاوەنی سێ كورسی لە پەرلەمانی عیراق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT