كچێكی 20 ساڵ لە ناحیەی شوان بە فیشەك كۆتایی بە ژیانی هات

فۆتۆ: Melanie Wasser، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 16ی نیسانی 2020

كەركوك ناو

كچێكی 20 ساڵان لە گوندی قولی بەگ سەر بە ناحیەی شوان بە فیشەك كۆتایی بە ژیانی هات.

ئەو روداوە كاتژمێر 5 و نیوی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی نیسان رویدا، بەپێی سەرچاوەیەكی بنكەی پۆلیسی ناحییەش شوان "خۆكوژی بووە"، بەڵام لەگەڵئەوەشدا جەختیكردەوە كە ئەوان لە لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامن.

سەرچاوەكە بۆ (كەركوك ناو)، وتی "کچەكە تەمەنی 20 ساڵانە و لەنێو ماڵەکەی خۆیان لە گوندی قولی بەگ لەكاتی هەڵگرتنەوەی تەرمەكەی فیشەكێك بە جەستەیەوە بووە".

وتیشی "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەو كچە دوو ساڵە توشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و بەهۆیەوە قاچێكیان بڕیوەتەوە، ئەوەش زۆر بێتاقەتی كردووە و هانای بۆ خۆكوشتن بردووە".

سەرچاوەكەی بنكەی پۆلیسی ناحیەی شوان، زیاتر وتی "كەسوكاری دەڵێن بەهۆی توشبونی بەو نەخۆشییە زۆر بێئومێد بووە و پێیانوایە ئەوە هۆكاری خۆكوشتنی بووە".

ناحیەی شوان سەر بە پارێزگای كەركوكە  لە بەشی باكوری خۆرئاوا.

ئەو رووداوە هاوكاتە لەگەڵ زنجیرەیەك روداوی كوشتن، لە ناوچەكانی جێناكۆك و هەرێمی كوردستان  لە دوو رۆژی رابردودا.

شەوی رابردوو 17ی نیسان، كەسێك لە كۆمەڵگەی خاڵخاڵان سەر بە هەمان ناحیە، تەقەی لە خەزوری خۆی كرد و كوشتنی كە هاوكات مامی خۆی بوو، ئەمڕۆش پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی بكوژەكەیان لەناو قەزای چەمچەماڵ راگەیاند.

هاوكات هەر ئەمڕۆ یەكشەممە لە قەزای سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی، ژنێك بە چەقۆ هاوژینەكەی خۆی كوشت و دوای روداوەكەش دەستگیركرا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT