نوێنەری پێنج وڵات سەردانی كەركوكیان كرد
راكان جبوری داوای هاوكاریی زیاتر دەكات بۆ ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان

كەركوك/30ی ئایاری 2021/ پێشوازی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە نوێنەری پێنج وڵات. فۆتۆ: گۆران بابان

گۆران بابان – كەركوك

راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت داوا لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكی  دەكات هاوكاریی زیاتریان بكەن بۆ ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش، تا بتوانن تەواوی ئاوارەكان بگەڕێننەوە زێدی خۆیان و ماڵەكانیان بۆ نۆژەنبكەنەوە.

ئەو داواكارییەی جبوری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات لەگەڵ نوێنەری پێنج وڵات، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 30ی ئایار لە كەركوك رێكخرا، ئەوەش دوابەدوای كۆبونەوەكیان هات كە تایبەت بوو بەدواداچون بۆ رەوشی ئاوارەكان و پرسی نۆژنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش.

جبوری وتی "ئێمە هاوکارییەکانی ئەو وڵاتانە لەبیرناکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان... 250 هەزار كەس بەهۆی شەڕی داعشەوە لە پارێزگای كەركوك ئاوارەبون و 18 هەزار ماڵ بەهۆیەوە وێران بون".

 وتیشی "لەکۆی گشتی ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عیراق خەرجکرابوو، تەنیا 18 ملیۆن دۆلاری بۆ كەركوك بوو، ئەوەش ناگاتە لەسەدا 2ی كۆی پارەكە"، زیاتر وتی "داوای هاوكاری زیاترمان كرد، چونكە هۆکاری نەگەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان تائێستا نەبونی جێ و رێی پێویستە لە ناوچەکانی خۆیان"، بەبێ ئەوەی ئاماری ئەو خێزانانە ئاشكرابكات كە نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

داوای هاوكاری زیاترمان كرد، چونكە هۆکاری نەگەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان تائێستا نەبونی جێ و رێی پێویستە لە ناوچەکانی خۆیان

داعش لە ناوەڕاستی 2014ە و دوای كۆنترۆڵكردنی پارێزگای نەینەوا، هێرشیكردە سەر پارێزگای كەركوك و نزیكەی سێیەكی خاكەكەی كۆنترۆڵكرد كە پێكهاتبوو لە قەزای حەویجە و ناحییەكانی زاب، رەشاد، ریاز، عەباسی و موڵتەقا، تا لە تشرینی یەكەمی 2017 تەواوی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە كۆنترۆڵكرانەوە.

جبوری وتی "توانیومانە لەڕێی هاوكارییەكانەوە ژیان بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێنینەوە و دەیان پڕۆژەی ستراتیژییان بۆ بونیادبنێین و بەردەوامیش دەبین".

نوێنەری وڵاتانی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، نەرویج و دانیمارک لە چوارچێوەی تیمی گێڕانەوەی ئارامی لە عیراق سەردانی كەركوكیان كرد و راپۆرتی ئیدارەی كەركوكیان لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەوە وەرگرت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT